سیاسەتوانێك: هەڵبژاردن بووەتە ململانێی لە نێوان كازمی و هێزە سیاسییەكان

:: PM:08:31:20/09/2020 ‌

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە سازانی هێزە سیاسییەكان بۆ چەند مەبەستێكی دیاریكراو بە دەسەڵات گەیشت، بەڵام وا خەریكە هەنگاوەكانی دەیخەنە ناو ململانێ و تەحەدایەكی توند لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەوە، سیاسەتوانێكی عێراق پێی وایە بۆ گۆڕانكاری راستەقینە پێویستە جەماوەر گوشار دروست بكات.
دۆخەكە پێویست بە گوشارێكی نوێی جەماوەری دەكات
ئەسیل نوجێفی، سەركردە لە بەرەی رزگاریخواز و پەرەپێدان گوتی، ململانێ لە نێوان حكوومەتی مستەفا كازمی و هەندێك لایەنی سیاسی هەیە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، زیاتر گوتی، حكوومەتی كازمی، كە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان نییە، ویستێكی هەیە بەوەی دەیەوێ هێزی نوێ بگەیەنێتە پەرلەمان و گۆڕەپانی سیاسی لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە، لە بەرانبەردا چەند هێزێكی سیاسی هەن دژی ئەو بۆچوونەن، بۆیە ململانێ لە نێوان ئەو دوو لایەنە دروست بووە.

زیاتر گوتی، دۆخەكە پێویست بە گوشارێكی نوێی جەماوەری دەكات، بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەكان و پەرلەمانی عێراق پابەندی پەسندكردنی یاسای هەڵبژاردن بن، بە شێوەیەك مسۆگەری پرۆسەی گۆڕانكاری بكات، روونی كردەوە، تا ئێستە مشتومڕ و ململانێ لە نێوان هێزە سیاسییەكان لەسەر یاساكە بەردەوامە.

نوجێفی دووپاتی كردەوە، ئەگەر یاسایەكی هەڵبژاردن نەبێت بوار بە دابەشكردنی ناوچەكانی هەڵبژاردن بدات و شێوازێكی نوێ بۆ بەدەستهێنانی كوردسی برەخسێنێت، ئەوكات هەمان هێزە سیاسییەكان و هەمان كەسایەتییەكانی ئێستە لە پەرلەمانن، بەردەوام دەبن، ئەوەیش مانای نەبوونی گۆڕانكاری یان چاكسازی راستەقینەیە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل