سبەی گەرمای ئەمساڵ كۆتایی دێت

:: AM:10:46:21/09/2020 ‌
بەرپرسی بەشی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، سبەی گەرمای ئەمساڵ كۆتایی دێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی ئەیلوول، بژار ئەكرەم بەرپرسی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی لە هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما دەست بە نزمبوونەوە دەكەن.

زیاتر گوتی، پێشبینی دەكرێت پلەی گەرمی لە نێوان 38 بۆ 40 بێت، بەڵام ڕۆژی چوارشەم نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و سێ‌ بۆ چوار پلەی تر نزم دەبێتەوە.
سەرەتای هەفتەی داهاتوو پێشبینی دەكرێت بەرزترین پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاكان 35 سیلیزی بێت 

باسی لەوەش كرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو پێشبینی دەكرێت بەرزترین پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاكان 35 سیلیزی بێت و ڕەنگە كەمتریش بێت.

ئەو گوتانەی بەرپرسی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە كاتێكدایە، ساڵی ڕابردوو لەم كاتەدا پلەی گەرمی لە هەولێر 38 بوو و لە سلێمانی 35 و لە دهۆك 35 پلە بوو.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، ساڵانە لە زستان چەندان شەپۆلی باران و بەفر دەیگرێتەوە و پلەكانی گەرمی لە هەندێك شوێن دادەبەزن بۆ 15 پلەی ژێر سفر.





وشە - رامیار جەواد