پیرترین مرۆڤی دنیا لە ژاپۆنە

:: PM:02:42:21/09/2020 ‌
ژنێكی ژاپۆنی بە ناوی كانە تاناكا، بە پیرترین مرۆڤی دنیا ناسێنرا. ئەو ئێستە تەمەنی 117 ساڵ و 261 رۆژە و ژمارەی پێوانەیی لە ژیاندا شكاند.

پێشتر كەسێكی تر بە ناوی نایی تاجیما زۆرترین ماوە ژیابوو كە ساڵی 2018 لە تەمەنی 117 ساڵ و 260 رۆژ كۆچی دوایی كرد. ژاپۆنییەكان چاوەڕوان بوون ئەو ژمارە پێوانەییە بشكێنرێت و كەسێك لە وڵاتەكەیان هەڵكەوێت تەمەنێكی زیاتر بژیت، ئەو چاوەڕوانییەش بەدی هاتووە و پێشبینی دەكرێ چەند ساڵێكی تریش بژیت.

هێشتا پەكی نەكەوتووە و بۆ خواردن هەر پشت بە خۆی دەبەستێت.
دەگوترێ ئەو ژنە سەرەڕای ئەوەی تەمەنی زۆر بەسەرەوەیە، بەڵام هێشتا پەكی نەكەوتووە و بۆ خواردن هەر پشت بە خۆی دەبەستێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، یەكێك لە نەوەكانی تاناكا تەمەنی 60 ساڵە و باسی لەوە كردووە نەنكی جگە لەوەی كە تەندروستە، بە باشیش قسە دەكات و دەوروبەری خۆی بە تەواوی دەناسێتەوە.

ژاپۆنییەكان بەراورد بە خەڵكی وڵاتانی تر زیاتر دەژین و بەپێی توێژینەوەیەكیش، یەكێك لە هۆكاری درێژیی تەمەنیان بۆ سیستمی خۆراكییان دەگەڕێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان