متمانە بۆ بانكەكان گەڕاوەتەوە و هاووڵاتییان پارەكانیان لە بانك دادەنێن

:: PM:04:30:21/09/2020 ‌
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا كاتێك دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان تێكچوو، ئەو هاووڵاتییانەی پارەیان لە بانك دانابوو، دەستیان بە كێشانەوەی پارەكانیان كرد و ترسیان هەبوو بانك پارەی تێدا نەمێنێت، ئێستە خەڵك جارێكی تر دەستیان بە دانانی پارە لە بانكەكان  كردووەتەوە و مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت، متمانە بۆ بانكەكان گەڕاوەتەوە و دۆخەكە زۆر باش بووە.
رۆژانە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی دێن و هەژماری بانكی دەكەنەوە

ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئەیلوول، سەرچاوەیەك لە ئاڕتی بانك بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی لە رابردوو هاووڵاتییان دەستیان بە كێشانەوەی پارە كرد لە بانكەكان، ئێستە دۆخی دارایی هاووڵاتییان زۆر باش بووە، بەراورد بەو چەند ساڵەی رابردوو هەڵگرتن و دانانی پارە لە بانك دەستی پێ كردووە.

روونی دەكاتەوە، سەرەتای تەنگژەی دارایی، ئەو هاووڵاتییانەی پارەیان لە بانك دادەنا، ترسیان هەبوو و پارەكانیان لە بانكەكان دەكێشایەوە، بەڵام لە ساڵی 2019 و 2020، پێچەوانە بووەتەوە و كردنەوەی هەژماری بانكی و دانانی پارە لە بانك دەستی پێ كردووەتەوە و متمانە بۆ بانكەكان گەڕاوەتەوە، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی هەژماری بانكی دەكەنەوە و پارە دەخەنە بانك و لەوێ هەڵیدەگرن.

خالید حەیدەر مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2014 كاتێك تەنگژەی دارایی دروست بوو لە هەرێم، هاوكات شەڕی داعش و رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا، وای كرد هاووڵاتی لە لایەك پارە لای خۆی گل بداتەوە و لە لایەكی تریش لە ترسی نەمانی پارە، پارەكانیان لە بانك دەكێشایەوە.

وەك ئاماژەی پێ دەدات، دوای ئەو چەند ساڵە، ئێستە جارێكی تر متمانە بۆ بانكەكان دروست بووەتەوە، كاتێك دۆخەكە باش دەبێت و قەیرانی دارایی نەبێت، بانك باشترین شوێنە بۆ هەڵگرتنی پارە و لە وڵاتانی دنیا ئەم سیستمە جێبەجێ دەكرێت و هاووڵاتی ناچێت لە ماڵەكەی خۆی پارە هەڵبگرێت، هەمووی لە بانك و لەرێی كارتی بانكەوە دەبێت.

"دروستبوونەوەی متمانە بۆ بانكەكان لەڕووی ئابوورییەوە واتای باشبوونی دۆخی دارایی، هێوربوونەوەی دۆخەكە و گەڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتییان." خالید حەیدەر وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان