بودجەی 2020ی عێراق گەیشتە پەرلەمان

:: PM:07:41:21/09/2020 ‌

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی پەسند كرد، ئەمڕۆ پڕۆژەكە گەیشتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەندامێكی لیژنەی داراییش ئاماژە دەكات كە تاوتوێكردنی بەلایەنی كەم دوو هەفتەی پێویستە.
حكوومەت هیچ چارەسەرێكی نییە جگە لە قەرزكردن
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم بە"وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەیاسای بەدجەی 2020 ئەمڕۆ گەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتووەتە لیژنەی دارایی كە رەنگە سبەی بگات، لیژنەی دارایی داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات كە بخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان.

زیاتر گوتی، پێشبینی دەكەین بخرێتە دانیشتنی چوارشەم یان پێنجشەم، ئەوكات یەكەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەكە دەكرێ، دوای ئەوە پێویستی بە دوو هەفتە دەبێت، چونكە هەر یاسایەك تا پەسندكردنی پێویستی بە دوو هەفتە زیاتر هەیە، ئاماژەی كرد، تا ئێستە كۆپی فەرمی پڕۆژەكە بەدەست ئێمە نەگەیشتووە و ئەوەی هەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس كراوە، ئەوكات حكوومەت پڕۆژەكەی گەڕاندەوە وەزارەتی دارایی و چەند گۆڕانكارییەكی تری تیادا كرا.

كۆچەر سەبارەت بە بودجەكە گوتی، وەك حكوومەت رای گەیاند رێژەیەكی گەورەی كورتهێنان لە بودجەكەدا هەیە، سەبارەت بە بوونی كێشە لە داهاتی عێراق گوتی، ئێستە داهاتی دەوڵەتی عێراق بەشی مووچە و كۆرۆنا ناكات، تۆ پێویستت بە 5.5 ملیار دۆلار هەیە و ئەوەی دێت ناگاتە 4.5 ملیار، وەك وەزیری داراییش گوتی، بەلایەنی كەم هەموو مانگێك عێراق پێویستی بە سێ تا سێ و نیو ملیار دۆلاری زیاتر هەیە بۆ بودجەی حكوومەت، ئەوەی مووچە بەتەنیا نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە، بۆیە كورتهێنان هەیە و حكوومەت هیچ چارەسەرێكی نییە جگە لە قەرزكردن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل