رووسیا: رووبەڕووبوونەوەی چەكداری حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆتایی هاتووە

:: PM:08:31:21/09/2020 ‌

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوان حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، كۆتایی هاتووە و ئەوەی ماوە چەند شوێنێكە لە ئیدلب و ناوچەی فورات كە هێزەكانی ئەمەریكای تیادایە.
ئەمەریكییەكان نابەرپرسانە لەگەڵ كورد یاری دەكەن
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە دیدارێكی "ئەلعەرەبییە" گوتی، ئێستە لە سووریا تەنیا دوو شوێنی گەرم ماون كە رووبەڕووبوونەوەیان تیادایە، ئەوانیش ئیدلبە كە رێكخراوی تەحریری شامی قەدەغەكراو لە رووسیا كۆنترۆڵی دەكات و خەریكە بەرەو نەمان دەچێت، شوێنی دووەم بریتییە لە بەری رۆژهەڵاتی رووباری فورات، كە هێزەكانی ئەمەریكا بە نایاسایی چوونەتە پاڵ سەربەخۆخوازەكان و نابەرپرسانە لەگەڵ كورد یاری دەكەن.

زیاتر گوتی، ئەوان كۆمپانیایەكی نەوتی ئەمەریكیان هێناوەتە ناوچەكە و دەستیان كردووە بە دەرهێنانی نەوت بۆ دابینكردنی پێویستی خۆیان، بێ رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سووریا، وەك ئەوەی لە بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە.

لاڤرۆڤ روونی كردەوە، بەمدواییە لەگەڵ یۆری بۆریسۆڤ، جێگری سەرۆكی حكوومەتی رووسیا، سەردانی دیمەشقمان كرد، لەوێ بۆریسۆڤ گفتوگۆی سەبارەت بە ئاسۆی هاریكاریی ئابووری كرد و منیش لەگەڵ برادەران دۆخی سیاسیم تاوتوێ كرد.

روونی كردەوە، پێم وا نییە ئەوانەی قسەیان لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە كردبێت، دەتوانن بڵێن كە حكوومەتی سووریا تەنیا پشت بە چارەسەری سەربازی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سووریا دەبەستێت، ئەوە راستییەكە نییە، رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆتای هاتووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل