زاراوه‌ی ماچۆ یه‌كێكه له زاراوه‌كانی زمانی كوردی و كاكه‌ییه‌كان قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن، رووبار ڕه‌شید یه‌كه‌م ژنه كاكه‌یی بوو كه ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێسته گۆرانییه‌كی به‌و زاراوه‌یه بڵاو كرده‌وه و ئێسته‌ش دووه‌م گۆرانیی پێ تۆمار كردووه.
گۆرانییه نوێكه‌ی ڕووبار ڕه‌شید كاكه‌یی به ناوی "ناسنامه"ـیه، به‌رهه‌مه‌كه وه‌ك شانازیكردنی كاكه‌ییه‌كان له كوردستان و عێراق به كوردبوونی خۆیانه‌وه تۆمار كراوه.
له به‌رهه‌می ئه‌م جاره‌یدا ڕووبار به ڕوونی په‌یامی خۆی به‌گوێی ئه‌و كه‌سانه دا كه ده‌یانه‌وێ كاكه‌یی بلكێنن به نه‌ته‌وه و مه‌زه‌وی تره‌وه و به گۆرانییه‌كه‌ی به ته‌واوی ناسنامه‌ی كاكه‌ییه‌كان دیاری ده‌كات و ده‌یسه‌لمێنێ كه كوردن .
ئێسته هونه‌ر بۆشایی هه‌یه له گه‌یاندنی په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و خاك
له‌مباره‌یه‌وه ڕووبار كاكه‌یی به "وشه"ی گوت: به‌شێكی كلیپی گۆرانیی "ناسنامه" له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆمان و له‌گه‌ڵ بابیلۆن كاری بۆ كراوه، له گوندی هاواری كاكه‌یی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ڤیدیۆكه تۆمار كراوه و كاكه‌ییه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه له كلیپه‌كه‌دا به‌شدارییان كردووه.
كاری ده‌رهێنانی له‌لایه‌ن ڕه‌نج حاجی بۆ كراوه، ئاوازی گۆرانییه‌كه هی دوو هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی كاكه‌یی ئه‌حمه‌د هه‌یاس و ئیبراهیم فه‌تاح و شیعره‌كه‌ی لایه‌ن هۆنۆ كاكه‌ییه‌وه نووسراوه. ڕووبار وای گوت.
له‌باره‌ی ئیشه‌كانی داهاتووی و ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه ڕووبار ده‌ڵێ: كاره هونه‌رییه‌كانی من سه‌رجه‌میان په‌یام ده‌بن و به جلوبه‌رگی كوردییه‌وه ده‌رده‌كه‌وم، ڕێچكه‌ی تایبه‌تی خۆم تێك ناده‌م بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماده، چونكه كاری من وه‌ك گوتم په‌یامه نه‌ك فرۆشتنی كاره هونه‌رییه‌كانم، ئه‌م ڕێیه‌شم هه‌ڵبژاردووه چونكه ده‌زانم هونه‌ر كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌بینم ئێسته هونه‌ر بۆشایی هه‌یه له گه‌یاندنی په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و خاك.
جگه له كاكه‌ییه‌كان، كاروان محه‌مه‌د به ئامێری كه‌مانچه و ئاراس ڕه‌فعه‌ت به دابه‌شكردنی موزیك، كاری فۆتۆگرافه‌ری له‌لایه‌ن ستۆدیۆی خه‌یاڵی شاری كه‌ركووك به خۆبه‌خش كاریان له‌م به‌رهه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌دا كردووه.
ڕووبار ڕه‌شید كاكه‌یی له دایكبووی ساڵی 1987ـه و یه‌كه‌م به‌رهه‌می به‌ناوی "هاواری كاكه‌یی" به‌ر له دوو مانگ بڵاو كردووه، تێیدا كاره‌ساته‌كانی كاكه‌یی به گۆرانی باس كرد و كلیپی گۆرانییه‌كه‌یشی بڵاو كرده‌وه.