حكوومەت دەست بە پێدانی قەرزی بچووك دەكاتەوە

:: PM:03:08:22/09/2020 ‌
بەڕێوەبەری قەرزی بچووك لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ، میكانیزمی دەستپێكردنی پڕۆژەی قەرزی بچووك بەو پارەیەی لەلایەن خەڵكەوە گەڕاوەتەوە، دادەڕێژینەوە.
بەو قەرزەی خەڵك دەیگەڕێنێتەوە پڕۆژەكە دەست پێ دەكەینەوە

ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئەیلوول، ئارام ئەنوەر بەڕێوەبەری قەرزی بچووك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پلانمان داناوە بۆ ئەوەی دەست بە پێدانی قەرزی بچووك بكەینەوە، ئێستە تەنیا ماوە میكانیزمی چۆنیەتیی پێدانی قەرزەكە دانێین و بۆ پێدانی قەرزی بچووك ئەمجارە ھیچ بڕەپارەیەك لە حكوومەت وەرناگرین، لە ماوەیەكی نزیكدا و بەو قەرزەی خەڵك دەیگەڕێنێتەوە، پڕۆژەكە دەست پێ دەكەینەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، تا ئێستە زیاد لە 43 ملیار دینار گەڕاوەتەوە، هەشت ھەزار و 666 كەس قەرزیان وەرگرتووە و 76 ملیار و 600 ملیۆن دابەش كراوە.

"خەڵك بەردەوام قستەكانیان دەگەڕێننەوە و ئەوەی تا كۆتایی مانگی ئەیلوول قەرزەكەی بگەڕێنێتەوە، 15% لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت و شەش مانگیش بەھۆی تەنگژەی دارایی بۆ گەڕاندنەوەی پارە درێژ كراوەتەوە". ئارام ئەنوەر وای گوت.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم



وشە - هیدایه‌ت جان