تمەن بۆ نزمترین نرخ لە مێژوودا دابەزی

:: PM:03:22:23/09/2020 ‌
نرخی تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا دیسان پاشەكشەی كرد و ژمارەی پێوانەیی شكاند. لەوەتەی تمەن هەیە هیچ كاتێك هێندەی ئێستەی بێ بەها نەبووە.

بۆ یەكەم جار نرخی هەر دۆلارێكی ئەمەریكا گەیشتە 28 هەزار تمەن و بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ بەهای تمەن بۆ نیوە دابەزیوە.

هۆكاری دابەزینی نرخی تمەن بۆ ئەو سزا نوێیانە دەگەڕێتەوە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون
گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی تمەن بۆ ئەو سزا نوێیانە دەگەڕێتەوە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون و جگە لە سزا تایبەتییەكانی خۆی، سزاكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش دژی ئەو وڵاتە جێبەجێ دەكات.

ئەگەر بەهای تمەن بە دینار لێك بدرێتەوە، ئەوا 100  هەزار تمەنی ئێرانی كەمتر  لە چوار هەزار و  500 دینار دەكات، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو بە نزیكەی 10 هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەكرا.

دابەزینی نرخی تمەن وایكردووە خەڵكی ئێران هیچ متمانەیەكیان بەو جۆرە دراوە نەبێت و هەوڵ بدەن ئەگەر پارەیەكی زیادەیان لەبەدەستدایە، بە دراوی بیانی بیگۆڕنەوە و پاشەكەوتی بكەن.

لەگەڵ دابەزینی نرخی تمەن، بەهای شتومەك لە ئێران زۆر بەرز بووەتەوە، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر مووچە و داهاتەكان نەهاتووە.



وشە - سلێمان تاشان