وڵاتێكی تری عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل رێك دەكەوێت

:: AM:11:25:24/09/2020 ‌
بەرپرسێكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، لە دوو رۆژی داهاتوودا وڵاتێكی تری عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتنی ئاشتی واژوو دەكات بێ ئەوەی ناوی وڵاتەكە بخاتەڕوو.

كێلی كرافت نوێنەری ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتوویەتی، ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ ئیسرائیل رێك بكەون و ژمارەی زیاتری وڵاتی عەرەبی دەهێنرێنە ناو رێككەوتنی ئاشتی، هەر لە دوو رۆژی داهاتوودا وڵاتێكی تری عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل رێك دەكەوێت.

مانگی رابردوو ئیمارات و دواتریش بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتن، هەفتەی رابردوو هەردوو وڵات لە كۆشكی سپی بە فەرمی رێككەوتنەكەیان واژوو كرد.

لەوانەیە ئەو وڵاتە سوودان بێت
هەندێك میدیا گومانیان لەوە هەیە ئەو وڵاتەی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتن واژوو دەكات، سوودان بێت. عومەر بەشیر دوای 20 ساڵ لە حوكمڕانیی ئەو وڵاتە، ساڵی رابردوو حكوومەتەكەی رووخێنرا.

بەگوێرەی بی بی سی، حكوومەتی كاتیی سوودان بە تەمایە پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان ئاسایی بكاتەوە و بەرەو دیموكراسی هەنگاو بنێت.

هەریەك لە مەغریب و عومانیش لەو وڵاتانەن كە لە رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل ناویان دەهێنریت و پێ دەچێ لە داهاتوودا بچنە پاڵ ئەو وڵاتە عەرەبییانەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی دەكەنەوە.



وشە - سلێمان تاشان