داهاتی نەوتی مانگی رابردووی عێراق ئاشكرا دەكرێت

:: PM:05:17:24/09/2020 ‌

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتنی فرۆشتنی نەوتی بۆ مانگی ئابی رابردوو ئاشكرا كرد، كە لەو مانگەدا هەناردن لە سەرووی 80 ملیۆن بەرمیل و داهاتەكەیشی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بووە.
هەناردەی نەوتی كەركووك لە سەرووی دوو ملیۆن بەرمیل بووە
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاو كرایەوە، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت رای گەیاندووە، بەپێی ئاماری كۆتایی كۆمپانیای سۆمۆ، بڕی هەناردەكراوی نەوت لە مانگی ئاب گەیشتووەتە 80 ملیۆن و 494 هەزار و 536 بەرمیل نەوت، داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەیش گەیشتووەتە سێ ملیار و 492 ملیۆن و 164 هەزار دۆلار.  

زیاتر گوتی، بڕی هەناردەكراوی نەوت لە كێڵگەكانی باشوور و ناوەڕاست، 77 ملیۆن و 505 هەزار و 136 بەرمیل بووە، بە داهاتی سێ ملیار و 359 ملیۆن و 181 هەزار دۆلار، لەوكاتەی هەناردەی كێڵگەی كەركووك لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، دوو ملیۆن و 989 هەزار و 400 بەرمیل بە داهاتی 132 ملیۆن و 983 هەزار و 280 دۆلار بووە.

جیهاد دووپاتی كردەوە، تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 43,384 دۆلار و نەوتەكە لەلایەن 29 كۆمپانیاوە لە بەندەرەكانی بەسڕە و خۆر عەمییە و بەندەری جەیهانی توركیا بار كراون.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل