سه‌رۆك بارزانى.. تاكه‌ سەركردەى كورد كە یەكەم هەنگاوی مەدەنی بۆ سەربەخۆیی نا

:: PM:02:41:25/09/2020 ‌
ئەمڕۆ 25ی ئەیلوولی 2020، سێ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆىی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت كە تێیدا 93%ی دەنگدەرانی هەرێم دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا.

"بڕیاری یٔەنجامدانی ڕیفراندۆم كەسی نەبوو و بڕیارێكی هەمەلایەنە بوو، 93%ی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ‌ دەنگیان دا و پڕۆژەكە سەركەوتوو بوو، بڕوام وایە داهاتووی گەلی كوردستانی پاراست، ڕاستە هەندێك بەربەست لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆم هاتنە پێش، بەڵام ئیرادەی گەلی كوردی زیندوو كردەوە، داگیركردنی زیاتر لە نیوەی ناوچەکانی كوردستانیش كاتییە و ناتوانێ‌ ناسنامەی ئەم ناوچانە بگۆڕێ‌ و هیچ گۆڕانكارییەكی زۆرەملێی سەر دیمۆگرافیای كوردستان قبووڵ ناكەین، داهاتووی ڕیفراندۆم لە ڕابردووی گەشتر دەبێ‌" ئەوە گوتەكانی سەرۆك بارزانی و ڕێبەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە كە لە چاوپێكەوتنێكی نیوزویك لە حەوتی تشرینی دووەمی ساڵێ‌ 2017 ئەنجامی داوە.

سه‌رۆك به‌و بڕیاره‌ى ناوی چووه‌ مێژوو بەوەی ئەو تاكه‌ سەركردەى كوردبوو كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا
بارزانی، به‌رده‌وام له‌ گوتاره‌كانیدا ڕاى گه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین شانازیی كه‌ به‌ ژیانییه‌وه‌ ده‌یكات، ئه‌و ژیانه‌ پێشمه‌رگانه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ 11ی ئه‌یلوولی ساڵى 1961ه‌وه‌ هه‌ڵیبژاردووه‌ و به‌رده‌وام خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی ڕێى ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان زانیوه.

ئەمڕۆ 25ی یٔەیلوول، هاوكاتە لەگەڵ سێیەم ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە لە ساڵی 2017 ئەنجام درا و 93%ی خەڵكی كوردستان داوای سەربەخۆییان كرد. ڕیفراندۆم یەکەم هەنگاوی مەدەنی و ناتوبدوتیژ بوو کە دەرفەتێكی گرنگی بە كورد دا وەك چاودێران دەڵێن تا بەتەواوی عێراق بخاتە ژێر گوشار و سیاسەتی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بگۆڕێت.

ئەو كاتەی ئامادەكاری بۆ ڕیفراندۆم دەكرا، بەشێكی زۆر لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە ڕابەرایەتی بارزانی لە ئەنجوومەنێكی باڵادا كۆ بوونەوە، ئێستەیش ئەو حزبانە دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ڕیفراندۆم و دەنگی 93%ی هاووڵاتییانی كوردستان، بووە بە كارتێك و هەر كاتێك کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەزامەند بێت، كورد دەتوانێ بە كاری بێنێت و دەوڵەت ڕابگەیەنێ.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە قۆناغێكدا ئەنجام درا كە بەرپرسانی سیاسی كوردستان لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆك بارزانی دژی هەر ڕووداوێكی نەخوازراوبوون دژی گەلانی عێراق، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بیركردنەوەی بارزانی، سیاسییەكانی ئەو كاتەی بەغدا هەموو هەوڵێكیان بۆ شكست پێهێنانی ڕیفراندۆم بوو، بە هاوكاری وڵاتانی دراوسێ‌ و چەند نەیارێكی خیانەتکاری ناوخۆی كوردستانیش.

دوای فشارێكی زۆری وڵاتانی جیهان و هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسوركردنه‌وه‌ی بێشومار، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم سووربوونی خۆیان له‌سه‌ر ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دووپات كرده‌وه‌. 

بارزانی به‌و بڕیاره‌ى دوای ئەو هەموو ساڵەی خەبات، ناوی چووه‌ ناو مێژوو بەوەی ئەو تاكه‌ سەركردەى كوردبوو كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا و یەكەم هەنگاوی بۆ سەربەخۆیی لە خەباتی مەدەنیدا.

لە كەشێكی ڕەتكراوە و هەبوونی هەڕەشەی ناوەخۆ و دەرەكی، بەرەبەیانی زووی 25ی ئەیلوولى ساڵى 2017، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی عێراق بەرەو سندووقەكانی دەنگدان بۆ راپرسییەكی مێژوویی كە وەك هەنگاوێك لێی دەڕوانرێت بۆ گەیشتن بە خەونی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

دوای 12 ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی فیدڕاڵیی.. كوردستان بڕیاری دا خواستی خۆی بەرز بکاتەوە و ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کرد
له‌ ڕۆژی شه‌موو 23ی یٔه‌یلوولى 2017‌، ده‌نگدانی كوردستانیانی هه‌نده‌ران ده‌ستی پێ كرد و ئه‌وان تا ئێواره‌ی ڕۆژى 25ى ئه‌یلوول، به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی توانیان ده‌نگی خۆیان بده‌ن.

لەگەڵ كردنەوەی بنكەكانی دەنگدان لە سەعات هەشتی بەیانی رۆژی دووشەم 25ی ئەیلوول، هاووڵاتییانی كوردستان روویان لە بنكەكانی دەنگدان كردووە و تا سەعات شەشی ئێوارە بەردەوام بوو.

پێشتر كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كردبوو، له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانیشه‌وه‌ زیاتر له‌ سێ ملیۆن كه‌س ڕۆژى دووشه‌م 25ى ئه‌یلوولى ساڵى 2017، مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو‌ له‌ پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

باشووری كوردستان بەپێی ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 حووكمی زاتی لە حكوومەتی عێراق وەرگرت، دواتر بە فەرمی لە دەستووری نوێی عێراق ساڵی 2005 فیدڕاڵی كوردستان چەسپێنرا. دوای 12 ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی فیدڕاڵیی، هەرێمی كوردستان بڕیاری دا خواستی خۆی بەرز بکاتەوە و ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق کرد.


وشە - محەمەد میران