شادی کەریم: لاگریما هاوڕەگەزخواز نییە!

:: AM:10:15:26/09/2020 ‌
ڕۆژى چوارشەم 23ى ئه‌یلوول لە كۆڕێكی تایبەتدا رۆمانی (تێدەپەڕێت لاگریما) لە ناوەندی سارا لە سلێمانی بە ئامادەبوونی نووسەر و كۆمەڵێك لە ئەدەب دۆستان بڵاو کرایەوە، شادی کەریم نووسەر لەبارەی ڕۆمانەکەی له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تدا چه‌ندان نهێنى له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ و ژیانى بۆ "وشه‌" ئاشكرا ده‌كات.

لە تەمەنی چوار ساڵیدا بۆ یەکەمین جار ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبێتەوە
شادی کەریم نووسەری گه‌نجى تەمەن 17 ساڵ نوێترین کتێبی خۆی بەناوی (تێدەپەڕێت لاگریما) بڵاو کردەوە، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ کتێبەکە ڕۆمانە و باس لە ئازاری کچێک دەکات. 

تێدەپەڕێت لاگریما نوێترین کتێبی شادی کەریم نووسەری گه‌نجى تەمەن 17 ساڵه‌، كتێبه‌كه‌ ڕۆمانه‌ و پێداچوونەوەی له‌لایه‌ن هونەر عوسمان بۆ كراوه‌، دیزاینی بەرگ و نەخشەسازی ناوەوە به‌هه‌مان شێوه‌ هونەر عوسمان ئه‌نجامى داوه‌، كتێبه‌كه‌ 226 لاپه‌ڕه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 26ى ئه‌یلوول، شادی کەریم نووسەری گه‌نجى ڕۆمانى كتێبى تێدەپەڕێت لاگریما به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، "چیرۆکی ئەم ڕۆمانە چیرۆکێکی تراژیدییە، بە زەقی مۆرکی کۆمەڵگەی کوردەواری پێوە دیارە."

زیاتر گوتى، "بابەت و دەقەکانی ڕۆمانەکە لەچوارچێوەی "دەروونی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی خود" دەسووڕێتەوە. نزیکی دوو ساڵ پێش ئێسته‌ بوو کە دەستم کرد بە نووسینی ئەم ڕۆمانە، بەڵام زیاتر لە چوار ساڵ بوو خەونی ئەوەم هەبوو توانای داڕشتنی ئەم چیرۆکەم هەبێت لەسەر شێوەی سیناریۆ و وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی کاری دەرهێنانی بۆ بکرێت. دەستبەرداری خەونەکەم نەبووم، بڕیارم دا لە چوارچێوەی هونەرێکدا کە بۆ من ئاسانتر دەیدا بەدەستەوە، هەنگاو بۆ خەونەکەم بنێم. لەبەر ئەوەی پێشتر ئەزموونی نووسینی ڕۆمانم کردووە، شارەزاییم هەبوو و لەگەڵ ئەوەی ئاسان نەبوو و نووسینی ڕۆمانێکی سەرکەوتوو ماندووبوونێکی یەکجار زۆری دەوێت، توانیم بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە و بەپێی گشت پێوەرەکان، ڕۆمانێکی تەواو و سەرکەوتووم بنووسمەوە و هەموو ڕەگەزەکانی ڕۆمانی تێدایە، ئەمەش وەڵامێکە بۆ ئەو ڕەخنانەی دەگیرێت و دەڵێن کچێکی 17 ساڵ چۆن دەتوانێت ڕۆمان بنووسێت و بەتایبەت لەسەر ئەو بابەتە هەستیارانە؟! منیش دەڵێم ئەگەر بەرهەمێکی باش و سەرکەوتووم نەنووسیبێت لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەیدا قبوڵ نەدەکرا."

ئاشكراى كرد، "ئێسته‌ لە هەوڵی ئەوەدام سیناریۆیەکی کورت لەسەر ڕۆمانەکە دابڕێژم و وەک کورتە فیلمێک کاری دەرهێنانی بۆ بکەین بەهۆی ئەوەی تێچووی کەمتری دەوێت و کەمتر ئاڵۆزە."

ڕوونى كرده‌وه‌، "ئەم ڕۆمانە باس لە منداڵێک دەکات بەناوی (لاگریمـا) کە لە خێزانێکی بێ شیرازە و ڕوخاوەوە پەروەردە و گەورە بووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا بۆ یەکەمین جار ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبێتەوە لەلایەن ناسیاوێکی خۆیانەوە. ئەم دەستدرێژیانە بەردەوام دەبن و ناوێرێت هیچ شتێک لای خێزانەکەی باس بکات تا ئەوەی دەگاتە تەمەنی 11 ساڵی و کۆتا ڕووبەڕووبوونەوەی لە نیوەی دووهەمی یانزە ساڵیدایە و لەو کاتەدا مامۆستایەکی ناسیوە بەناوی (مێلیتا) کە ئافرەتێکی زۆر میهرەبان و دڵسۆزە بۆی، بەهۆی ئەوەی ڕووداوی دەستدرێژییەکان کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جێهێشتوە و بەدرێژایی چەند ساڵ هەموو شتێکی لە ناخیدا هێشتووه‌تەوە و مێلیتاش ئەوەندە باشە بۆی و پێشتر ئەم سۆزەی نەدراوەتێ، زۆر بە قووڵی هۆگری مێلیتا دەبێت و لە ئەنجامی دابڕان لێی، تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت، هاوڕێکانی و تەنانەت کەسانی تریش وەک هاوڕەگەزخوازێک دەیبینن بەهۆی ئەوەی هۆگری مێلیتایە و لەمیانەی هەوڵدان بۆ نەویستنی مێلیتا و لەدڵ دەرهێنانی هۆگری چەند ئافرەتێکی تر دەبێت، بەڵام لەڕاستیدا لاگریما هاوڕەگەزخواز نییە! بەهۆی ئەوەی لەلایەن ڕەگەزی نێرینەوە ئازار دراوە، ترسێکی زۆری بۆیان هەیە و لە خێزانەکەی خۆشی گرنگییەکی وەهای نەدیوە، بۆیە هۆگری ئەم کەسانە دەبێت و لایان دڵئارام دەبێت."

ئاماژه‌ى دا، دەکرێت هەرزەکاران و ئەوکەسانەی زۆر هەستیار و عاتفین (بەتایبەت کچان) سوود لەم ڕۆمانە وەربگرن بەهۆی ئەوەی باس لە زاڵبوون بەسەر عاتیفەدا دەکات و فێرت دەکات چۆن کەسێک لە دڵت دەربهێنیت. هه‌روه‌ها ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی یان پەشێوی دەروونی بوون، سوودێکی زۆر لەم ڕۆمانە دەبینن، چونکە وەها لە هەستەکان ورد بوومەتەوە خوێنەر هەست دەکات باسی ئەو دەکات و لەبارودۆخێکی خراپی دەروونییەوە لاگریما وردە وردە بەرەو باشبوون دەڕوات و بەسەر خەمۆکیدا زاڵ دەبێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دایک و باوک یان پەروەردەکارانی منداڵ. لەم ڕۆمانەدا چەند هەڵە و کەمتەرخەمییەک و دەرئەنجامەکانیان خراوەتە ڕوو کە دەتوانرێت وەک بەرچاوڕوونییەک سوودی لێ ببینرێت. بیرمان نه‌چێت كه‌ ئەو کەسانەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەخۆشێکی دەروونی یان کەسێکی خەمۆک هەیە. خوێنەر تێدەگات کە بە چ شێوەیەک ڕەفتاریان لەگەڵ بکات."

شادی کەریم ساڵی 2003 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، وەک خۆی دەڵێ، لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە خولیای خوێندنەوە و نووسینی "شیعر و کورتە چیرۆک"ی هەبووە. لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی کردووە بە خوێندەوە لە بوارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان. لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەست دەکات بە نووسینی ئەم ڕۆمانە و لەتەمەنی 17 ساڵیدا بڵاوی دەکاتەوە. ئەمە سێیەم بەرهەمی نووسراو و یەکەمین چاپکراویەتی، شادی دەڵی، ئێسته‌ سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکی فیکری و کۆمەڵایەتیم.


وشە - محەمەد میران