کتێبی "ئەو دەمەی کیمیا دەدوێ" لەلایەن دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە بڵاو کرایەوە و وەرگێڕی كتێبەكەش دەڵێ، ئەم كتێبە وا دەكات كیمیا قسە بكات و خوێنەریش زانستی كیمیای خۆش بوێ.
ئهمڕۆ شهموو 26ى ئهیلوول، کاروان حەسەن عەزیز، وەرگێڕی کتێبەکە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "مونجید سەقڕ نووسەرێکی بە ڕەگەز لبنانییە و پسپۆرە لە بواری زانستی کیمیا، چەندان کتێب و بڵاوکراوە و نامیلکەی تری لە بواری زانستی کیمیادا نووسیوە، کتێبەکە بەشێوازێکی هونەری و پوخت و سادە، زانستی کیمیای خستووەتەڕوو."
کاروان حەسەن گوتی: "لە کتێبەکەدا نووسەر گەشتێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی بەدەوری جوانییەکانی کیمیادا كردووە، لایەنە هونەرییەکانی تیادا دەرخستووە، وێناکردنێکی (هونەری-زانستی) بە ئاڕاستەی خولقاندنی هەستێکی هونەری بەدەر لە هیچ کۆتوبەندێک پیشان داوە، پەرتووکێکی خنجیلانە و پوختە، نووسەر تێگەیشتن و ئەزموونە کیمیاییەکانی بە واقعی مرۆڤایەتی بەستووەتەوە، ڕەهەندێکی مرۆڤایەتی بە کیمیا و ڕێساکانی بەخشیوە، کە لە ڕێگەی زمانی کیمیاوە دیاردە گەردوونی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕوونکردووەتەوە".
ئاشكراى كرد، "ئەمە پەرتووکێکە وای لە کیمیا کردووە قسە بکات، خۆشەویستی خوێنەر بۆ کیمیا زیاد دەکات و کیمیای بە زانستێکی چێژبەخش و سادە دەرخستووە".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکەش، وەرگێڕی كتێبەكە ڕوونى كردهوه، "سەرەتا نووسەر بە چیڕۆکی گەردیلە دەست پێ دەکات و دواتر بەناو بیردۆزی ئەو زانایانەدا شۆڕ دەبێتەوە کە هەوڵی ئاشکراکردنی پێکهاتە و نهێنییەکانیان داوە، پاشان چەندان سەربردەی کیمیایی لە شێوەی چیڕۆکی کورت و چێژبەخش باس کردووە، کە خۆی لە گفتوگۆی نێوان توخمە کیمیاییەکان و پەیوەندی و کارلێکی نێوانیاندا دەبینێتەوە".
سەبارەت بە بوونی ئەم جۆرە سەرچاوانە بە زمانی کوردی، وەرگێڕی کتێبەکە باسی لەوەکرد کە بابەتی زانستی لەم شێوەیە بە زمانی شیرینی کوردی کەمە و کتێبخانەی کوردی پێویستی بە وەرگێڕانی چەندین بابەتی تری زانستی هاوشێوەی کیمیا و فیزیا و بایۆلۆژی و چەندین بابەتی تری زانستی هەیە.