دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فلۆریا دەکرێتەوە

:: PM:04:03:26/09/2020 ‌
پڕۆژەی فلۆریا کە کەوتووەتە سەر رێگای سەرەکی هەولێر-کەسنەزان بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هەژمار دەکرێت و دوای چەند ساڵێک لە وەستانی کارەکانی دووبارە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێتەوە.

لە رابردوودا ئەو پڕۆژەیە بە هۆکاری جیاواز چەند جارێک وەستینراوە و دووبارە دەستی پی کردووەتەوە و بڕیار بوو لە سەرەتای ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی بکرێتەوە بەڵام ئەو وەبەرهێنەرەی بڕیار بوو پڕۆژەکە وەربگرێت کشاوەتەوە و بە کەسێکی تر سپێردراوە.

سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولیر بۆ "وشە" ئاماژەی دا  سەرەتای ئەمساڵ وەبەرهێنەرێکی سلێمانی هات و پڕۆژەکەی وەرگرت بەڵام  لەبەر ئەوەی تەواوی کێشەکانی خەڵکی پێ چارەسەر نەبوو کە پێوەندیدارن بە پڕۆژەکە بە فەرمیی داوای لێبوردنی کرد  و لێی کشایەوە.

لە دوو هەفتەی داهاتوودا وەبەرهێنەرێکی تر دەست بە پڕۆژەکە دەکات
ئەو روونی کردەوە لە دوو هەفتەی داهاتوودا وەبەرهێنەرێکی تر دەست بە پڕۆژەکە دەکات و داواشی لە بەشداربووانی پڕۆژەکە کرد  پێویستە لەگەل ئەم وەبەرهێنەرە نوێیە مافەکانیان یەکلایی بکەنەوە.

وەک زیاتر خستیەڕوو پڕۆژەکە هەر وەک دیزاینی یەکەم جێبەجێ دەکرێ هەر چەندە مافیان بە وەبەرهێنەرە نوێیەکە داوە چەند شوێنیک دەستکاری بکات بەڵام دەبێ مافی خەڵک بە هەموو شێوەیەک لە پڕۆژەکە بپارێزرێت.



وشە - سلێمان تاشان