دڵخواز لە وەڵامی تەلەفۆنێكی هەڵەدا خەریك بوو تەڵاق بدرێ‌

:: PM:04:21:26/09/2020 ‌
بەهۆی وەڵامدانەوەی تەلەفۆنێكی نەناسراو لەلایەن منداڵێكی پێنج ساڵانەوە، دایكێك تووشی كێشەی خێزانی بوو و خەریك بوو مێردەكەی لێی جیابێتەوە.

دڵخواز ناوی خوازراوی ژنێكی تەمەن /25/ ساڵە، هاوسەرگیریی كردووە و خاوەنی دوو منداڵە، بەهۆی منداڵە پێنج ساڵانەكەیەوە تووشی كێشەیەكی خێزانی بووە و خەریك بووە كێشەكەی بگاتە جیابوونەوە لە مێردەكەی و بە ناپاك لەقەڵەم بدرێت.

چیرۆكی ژیانی دڵخواز لەدوای چەندان ساڵ هاوسەرگیری و بوونی دوو منداڵ لە نێوانیان دەستی پێ كردووە، وەك خۆی دەڵێ: ژیانی من و هاوسەرەكەم پڕ بوو لە خۆشەویستی و هیچ كێشەیەك لە نێوانمان نەبوو، من مێردەكەمم زۆر خۆشدەویست و ئەویش من و منداڵەكانمی خۆشدەویست و هەموو شتێكی لەپێناومان دەكرد، بەڵام خەریك بوو هەڵەیەكی مناڵەكەم تووشی جیابوونەوەمان بكات.

دڵخواز بۆ "وشە"ی گێڕایەوە، ڕۆژێك خەریكی كاركردن بووم، منداڵە پێنج ساڵانەكەمم بینی كە خەریكە بە مۆبایلەكەی من قسە لەگەڵ كەسێكدا دەكات، بەپەلە مۆبایلەكەمم لێی وەرگرت و بینیم ژمارەیەكی نەناسراوە، وتم ئەلو، دەنگی پیاوێك هات و قسەی لەگەڵ كردم.

درێژەی دایە و گوتی: منداڵەكەم بە نەزانی وەڵامی پرسیارەكانی ئەو پیاوە نەناسراوەی دابووەوە كە سەبارەت بە ناوی من و هاوسەرەكەم و ناونیشانی ماڵمان لێی پرسیبوو، بۆیە كاتێك من قسەم لەگەڵ كرد، یەكسەر گوتی تۆ من ناناسی بەڵام من دەتناسم و دەمەوێ ببیتە خۆشەویست و هاوڕێی نزیكم.

دڵخواز بە داوای ئەم پیاوە تووشی شۆك بووە و پێی گوتووە كە ئەم مێردەكەی خۆی خۆشدەوێت و خەریكی ژیانی خۆیەتی، بەڵام ئەو پیاوە هەڕەشەی لێ كردووە و تووشی ترسی كردووە، وەك دڵخواز باسی دەكات، پیاوەكە پێی گوتووە من هەرگیز وازت لێ ناهێنم.

لەگەڵ ئەوەی دڵخواز سوور بووە لەسەر ئەوەی وەڵامی ئەو پیاوە نەداتەوە، بەڵام ئەو پیاوە هەر نامەی بۆ ناردووە و پێوەندیی پێوە كردووە، داواشی لێ كردووە یان خۆی بە پێوەدنییەكە ڕازی بێت یان ژنێكی هاوڕێی خۆی بۆ ڕازی بكات.

من پێوەندیم لەگەڵ ژنەكەت هەیە

ماوەیەك ئەو پیاوە بەردەوام بووە لە ناردنی نامەی دڵداری بۆ دڵخواز و بە تەواوی بێزاری كردووە، تا دڵخواز وای لێ هاتووە بە ڕەنگ و ڕووخساریدا دیار بووە و مێردەكەی هەستی پێ كردووە شتێكی نامۆ هەیە، ڕۆژێك هێندە ڕەنگی تێكچووە مێردەكەی ویستوویەتی بیباتە نەخۆشخانە، چونكە گومانی لە تەندروستبوونی هەبووە.

دڵخواز دەڵێ، ماوەیەك وا تێپەڕی و ڕۆژێك مۆبایلەكەم لەسەر كەوانتەرەكە بەجێ هێشتبوو، تەلەفۆنم بۆ هات و دڵنیا بووم پیاوە نەناسراوەكەیە، لەجێی خۆم سڕ بووم و وەڵامی پێوەندییەكەم نەدایەوە، مێردەكەم هەستا و تەلەفۆنەكەی هەڵگرت، ئەو پیاوە یەكسەر گوتی تۆ فڵانی و ژنەكەت ناوی دڵخوازە و دوو منداڵتان هەیە، من پێوەندیم لەگەڵ ژنەكەت هەیە.

مێردەكەی دڵخواز بەم قسانەی پیاوەكە تووشی شۆك دەبێت و تەلەفۆنەكەی لەسەر دادەخاتەوە و ڕوو لە دڵخواز دەكات، دڵخوازیش سوێندی بۆ دەخوات كە ڕاستییەكانی بۆ باس بكات، وەك دەڵێ: بە مێردەكەمم وت كە بەهۆی هەڵەی مناڵەكەمان ئەمە ڕووی داوە و هیچ ناپاكییەكم لێت نەكردووە، تەنانەت ئەگەر یەك بەڵگەت دەست كەوت كە من ناپاكیت لێ دەكەم، گەردنت ئازاد بێ و بمكوژە نەك تەڵاقم بدەیت.

مێردەكەی دڵخواز كەسێكی تێگەیشتوو بوو، باوەڕی بە ڕوونكردنەوەی هاوسەرەكەی كرد و تەلەفۆنی بۆ پیاوەكە كردەوە تا تاقیی بكاتەوە، بە فێلەوە پێی گوت، سوپاس بۆ ئەوەی ناپاكیی ژنەكەمت بۆ دەرخستم بەڵام تكایە با باوەڕ بكەم زانیاریی زیاترم پێ بدە، ناوی خاڵ و مامەكانیم پێ بڵێ، ئەو پیاوە نەناسراوە بەم پرسیارەی مێردەكەی دڵخواز دەمی تێكەڵ دەبێت و هیچ قسەیەكی بۆ ناكرێت، بۆیە مێردەكەی دڵخواز لە ڕاستیی قسەكانی دڵخواز دڵنیا دەبێتەوە و لێی خۆش دەبێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا، دڵخواز گوتی: ئامۆژگاریم بۆ ژنان ئەوەیە كە بە باشی مۆبایلەكانیان بەكاربهێن و ئاگاداری منداڵەكانیان بن، مۆبایل نەدەنە دەستیان تاكوو تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی نەبن و ژیانیان لێ تێك نەچێ.

ئامادەكردنی/ دیدار سابیر


وشە - ڕێناس شابان