كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كێشەی تێ دەكەوێت

:: PM:05:11:26/09/2020 ‌

ئەمڕۆ شەموو دوای دواكەوتنی چوار سەعات لە وادەی دانیشتنی ئاسایی بۆ یەكلاكردنەوەی بڕگەی بازنەكانی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق دەستی بە دانیشتن كرد، بەڵام ناكۆكیی فراكۆسینەكان بە روونی رەنگی بەسەر دانیشتنەكە دایەوە، پەرلەمانتارێكی كورد نوێترین زانیاری دانیشتنەكەی خستە روو.
بێ سازانی فراكسیۆنەكان دەنگدانی پەرلەمان نابێت
مەیادە محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، دانیشتنی پەرلەمان بەردەوامە بۆ باسكردنی بابەتی فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن، گفتوگۆی فراكسیۆنەكان بەردەوامە و تا ئێستە یەكلایی نەبووەتەوە، سەبارەت بە نیسابی دانیشتن، تەواو بووە و دانیشتن بەردەوامە.

لەبارەی ئەگەری یەكلابوونەوەی بابەتەكە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان گوتی، تا ئێستە دانیشتنەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر بابەتەكە و نەگەیشتوونەتە سازان و بێ سازانی فراكسیۆنەكانیش، دەنگدانی پەرلەمان نابێت، سەبارەت بە هەڵوێستی لیستەكان ئەوان تا ئاستێك لە یەكتر نزیكن.

بەپێی زانیاری میداكانی عەرەبی ژمارەیەك لە ئەندامانی كورد و سوننە لە دانیشتنەكە پاشەكشەیان كردووە وەك ناڕەزایەتی لەسەر رەشنووی بڕگەی فرەبازنەیی هەڵبژاردن، جگە لە ژمارەیەك ئەندامانی هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و فەتح، ئەوانەیش لەگەڵ فرەبازنەیی نین.  

شایەنی باسە ئەمڕۆ شەموو پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ژمارە نۆی خۆی تایبەت بە تەواوكردنی بڕگەی فرەبازنەیی لە یاسای نوێی هەڵبژاردن بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و ئامادەبوونی 179 پەرلەمانتار دەست پێ كرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكی فراكسیۆنەكان، دانیشتنەكە كێشەی تێ كەوتووە و ئەگەری دواخستنی دەنگدان لەسەر بڕگەی فرەبازنەیی هەیە. 

ئەوە و بەر لە دانیشتنەكە سەرۆكایەتی پەرلەمان رەشنووسی كۆتایی پاشكۆی بڕگەی 15ی پێشبینیكراوی فرەبازنەكانی بەسەر ئەندامانی پەرلەمان دابەش كردبوو و لە سەرەتای دانیشتنەكەیش لەلایەن لیژنەی یاساییەوە خوێندرایەوە.

لە دانیشتنەكەدا هەریەك لە سائیروون و حیكمە و سوننە و نەسڕ و یەكێتی پاڵپشتیان بۆ فرەبازنەیی پارێزگاكان بۆ 3-5 بازنە راگەیاند، هاوكات یەكێتی رەتی دەكاتەوە هەر پارێزگایەك لەو بەدەر بكرێت، كاتێك توركمان و ئەندامانی نەینەوا داوایان كردووە كەركووك و نەینەوا تایبەتمەندیان هەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل