ئەمەریکا چەک و پێداویستی سەربازی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرد

:: AM:09:56:27/09/2020 ‌
دوای دوو هەفتە لە ناردنی کاروانێکی سەربازی و چەک و چۆڵ بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئەمەریکا دیسان کاروانێکی تری یارمەتییەکانی بەڕێ کرد.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا واشنتن 300 بارهەڵگر لە پێداویستی سەربازی و لۆجستیکی رەوانەی دوو بنکەی سەربازیی لە دێرەزۆر و حەسەکە کردووە.

جگە لە هەندێک پێداویستی لۆجستیکی دەیان هامەڕ و ئۆتۆمبێلی گەورەی سەربازی و چەک و چۆڵ و تەنانەت خواردن و خواردنەوە و کۆگای سووتەمەنی رەوانە کردووە.

بەگوێرەی شەفقنا کاروانێکی تری یارمەتییەکانی ئەمەریکا لە دەروازەی ئەلوەلید لە نێوان عێراق و سووریاوە پەڕیونەتەوە و دوای بڕینی سنوور بەرەو بنکە سەربازییەکان لە حەسەکە و دێرەزوور رۆیشتوون.
ئەمەریکا باسی لە بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان کرد.

هەفتەی رابردووش دوای ئەو کێشە و ناکۆکییەی لە نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و رووسیا هاتە کایەوە ئەمەریکا  باسی لە بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان کرد.

ساڵی رابردوو دوای ئەوەی ئەمەریکا بڕیاری دا هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنێتەوە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا پێ کرد و تورکیاش چەند ناوچەیەکی داگیر کرد دواتر ئەم هەنگاوە بە زیانی ئەمەریکا تەواو بوو و بووە هۆی پێشرەوی رووسەکان و دواجار لە کۆنگرێسی ئەمەریکا رەخنەی توند لە ترەمپ گیرا و حکوومەتی ئەمەریکا ناچار کرا پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتەکانیدا بکات و دواجار دووبارە ترەمپ لە قسەکانی خۆی پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان بهێڵێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان