هەنگاوەکەی سەرۆک وەزیران کۆتایی بە سەرجەم موزایەدە سیاسییەکان هێنا

:: AM:10:39:27/09/2020 ‌
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی مادەی 66 بڕگەی دووەم لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە دانیشتنێک رێکبخەن بۆ ئەوەی تیایدا پڕۆژەی چاکسسازی و دۆخی ئابووری و کۆمەڵیک پرسی هەنوکەیی پێوەست بە هەرێمی کوردستان روون بکاتەوە و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو هەنگاوەی سەرۆک وەزیران کۆتایی بە موزایەداتی سیاسیی کۆمەڵێک پەرلەمانتار دەهێنێت.
سەرۆكی حكوومەت لە بەردەم پەرلەمانتاران هەموو بابەتێك ئاشكرا دەكات

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوای كردووە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت ئەنجام بدات و خۆی دەچێتە بەردەم پەرلەمان و لەبارەی چەند پرسێكی تایبەت و هەنوكەیی روونكردنەوە دەدات كە تێیدا پرسی دۆخی دارایی و كارنامەی حكوومەتەكەی هەیە.

سەلام عزیز، چاودێری سیاسی و ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی داوای كردووە بچێتە بەردەم پەرلەمان، كەوایە سەرۆكی حكوومەت بە نیازی چاكسازی هاتووەتە پێشەوە و دەیەوێت بابەتەكان بەرەوپێش ببات و باسی ئەوەش بكات كە گرفت لە چیدایە و گرێ كوێرەكان لەسەر چاكسازی بخاتە روو.
چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان نیشانەی سیمای دیموكراسییە

زیاتر روونی دەکاتەوە، بە دڵنیاییەوە هەر گرفتێك هەبێت، سەرۆكی حكوومەت لە بەردەم پەرلەمانتاران و سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەموو بابەتێك ئاشكرا دەكات.

"ئەو كەسایەتییانەی كە هەنگاوی بوێرانە دەنێن و خۆیان دەچنە بەردەم پەرلەمان دركیان بە گۆڕانكارییە گەورەكان كردووە و دەیانەوێ لەوە زیاتر گرێكوێرەكان بەو شێوەیەی ئێستا نەمێننەوە و هەوڵی چارەسەركردن و كۆتایی هێنان بە گرفتەكان بدەن" سەلام عەزیز وای گوت.
ئەو كەسایەتییانەی كە هەنگاوی بوێرانە دەنێن و خۆیان دەچنە بەردەم پەرلەمان دركیان بە گۆڕانكارییە گەورەكان كردووە

چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان بە ویستی خۆی، كۆتایی بە موزایەدەی ئەو پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییانە دەهێنێت كە لە ماوەی رابردوودا بۆ پرساندن واژوویان كۆكردەوە بۆ ئەوەی سەرۆكی حكوومەت بچێتە پەرلەمان.

نەزاكەت سەعید، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، لە وڵاتاندا كاتێك سەرۆكی حكوومەت دەچێتە پەرلەمان، نیشانەی سیمای دیموكراسییە، شەفافیەت و نەترسانی سەرۆكی حكوومەتە لە كار و چالاكییەكانی، ئەوە دەیسەلمێنێت سەرۆکیی حکوومەت پرۆگرام و ئەجێندا و پلانی هەیە  ودەیەوێت جێبەجێیان بکات.

وەک ئاماژەی پێ دەدات، ئەمە هەستی بەرپرسیاریەتییە كاتێك سەرۆكی حكوومەت خۆی داوا بكات بچێتە بەردەم پەرلەمان بۆ روونكردنەوە لەمەڕ ئەو پرس و بابەت و كارنامە و كێشە داراییانەی كە هەیە و هەبووە، هەروەها كۆی جێبەجێكردنی بەرنامەكەی لە ماوەی یەك ساڵی دەستبەكاربوونی.

بە پێی مادەی 66 بڕگەی دووەم لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆك وەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە لەبارەی بابەتێك بدات و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش دەبێ لە ماوەیەكدا كە لە 14 ڕۆژ تێپەڕ نەكات ئەو دانیشتنە ڕێك بخات.


ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ شەموو 26ی ئەیلوول، نووسینگەی‌ راگەیاندنی‌ مەسروور بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان رای‌ گەیاند، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە سەر داوای مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت ڕێكبخات كە تێیدا سەرۆكی حكوومەت لەبارەی جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و شیكردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستەی هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، گوتارێك پێشكەش بكات.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان