سیامەند کەریمنەژاد
مه‌رگ یان کوشتنی قاسم سلێمانی بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی و ئه‌و پێکهاته ئوستووره‌ییه‌ی هه‌وێنی یه‌کگرتن و یه‌کگرتووییه‌کی هاوبه‌شی زۆرینه‌ی لایه‌نه دژبه‌ر و جیاوازه‌کانی ئێرانه، له‌ڕێگه‌ی چه‌مکێکی له‌مێژینه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و که‌لتووریی ئێران واته "شه‌هید"دا ده‌خوێنرێته‌وه. "شه‌هید" ئه‌و میتافۆڕ و خوازه‌یه‌یه که له یه‌ک کاتدا هه‌مووان ده‌یکه‌ن به قوربانی و به پاڵه‌وانیش.
له‌ناوبردنی قاسم سلێمانی به واتای کوشتنی ئوستووره‌گه‌رایی و له‌شکرکێشی ڕۆحی ئێرانی دێت
ڕه‌نگه نزیکترین وێنه بۆ خوێندنه‌وه‌ی زه‌ینییه‌ت و مێنتاڵیته‌ی کۆمه‌ڵگای ئێرانی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کوژرانی قاسم سلێمانی ئه‌و وێنه ئوستووره‌ییه بێت که له ئوستووره‌کانی ئێران‌دا به ناوی "ئاره‌شی که‌مانگیر"دا هاتووه. ئاره‌ش ئه‌و که‌سه‌یه که بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان ئێران و تووران هه‌موو ڕۆح و گیانی خۆی ده‌گوازێته‌وه بۆ بڕه‌ویی تیرێک و له که‌وانێکدا ده‌یهاوێت و به‌م شێوه‌یه زۆرترین هه‌رێم و سنوور، واته به ئه‌ندازه‌ی ڕۆیشتنی تیره‌که‌ی دیاری ده‌کات و گیانی خۆیشی له‌گه‌ڵ تیره‌که‌دا ده‌هاوێت و فیدای ده‌کات.
سه‌رده‌می قاسم و سه‌رده‌می ئاره‌ش هه‌ردووک سه‌رده‌می باوه‌ڕ به ئایدۆلۆژیایه‌کی ئوستووره‌یی و ئایدیالیستی و خه‌ونئامێزن، به‌ڵام له سه‌رده‌می قاسم ڕووی به‌رهه‌ست و ئۆبژه‌کتیڤی وه‌رگرتووه، واته به ڕۆحێکی پاڵه‌وانییه‌وه له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی دیموکرات‌دا ده‌یه‌وێت سه‌رکه‌وتوو بێت، وێنه‌یه‌کی دۆنکیشۆتییه واته بینینی واقیع به حه‌ز و ئاره‌زوو نه‌ک به پێی ئه‌گه‌ر و مه‌رجه‌کانی ناو خودی واقیع. ئه‌م حاڵه‌ته له ئاسمانی و ئایینی و ئاخرزه‌مانیبوونی ئایدۆلۆژیایه‌که‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که قاسم پێڕه‌وی لێده‌کات، قاسم ڕۆڵه‌ی مه‌عنه‌وی خامنه‌یی و قوتابیی به‌باوه‌ڕی مه‌کته‌بی حوجه‌تیوونه و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه له لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه ناوی نراوه "شه‌هیدی زیندوو."
شه‌هید ئه‌و چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌یه بووه که ڕۆحی ئه‌م سیسته‌مه ئایینییه-ئایدۆلۆژیکه‌ی به‌رده‌وام پێ ئاو دراوه، شوێنپێکانی ئه‌م چه‌مکه له سه‌ره‌تای شۆڕشی کۆماری ئیسلامییه‌وه تاکوو ده‌سپێکردنی شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق که لایه‌نی ئێڕانی به "به‌رگریی پیرۆز" ناوزه‌دی کرد، به دوای که‌سانی وه‌ک سلێمانیدا دێت و دوای چه‌ندین ساڵ که به گوته‌ی خۆی به‌دوای "شه‌هاده‌ت"دا گه‌ڕاوه، دواجار له نیوه‌شه‌وێکی زستاندا و له 13ی به‌فرانباری 98 دۆزییه‌وه! و ئه‌مریکییه‌کان به‌دیاری پێیان دا! له ڕاستیدا ئه‌م وێنه‌یه له شه‌هید خه‌ونێکی ناو شێوازی بیرکردنه‌وه و شێوه‌ژینی ڕۆحی ئێرانییه.
لای جیهان قاسم سلێمانی هێمای توندوتیژی و کوشتن و قه‌تڵوعامه
له سه‌رده‌می سه‌فه‌ویدا و پاش به‌فه‌رمی ڕاگه‌یاندنی ئایینی شیعه له ئێران‌دا له لایه‌ن شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وییه‌وه گرینگ‌ترین ئه‌کت بەرانبەر سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیا و ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕێ ئایینی ده‌ست پێ ده‌کا، ڕاگه‌یاندن و ئه‌کتێکی ئایدۆلۆژیک و ئاخرزمانیی که یه‌که‌م دابه‌شکردنی کوردستانی له شه‌ڕی چاڵدێران(1514ز) به‌دواوه بوو. دابه‌شکردنێک که تا ئێستاش ئه‌و ڕۆحه دژی یه‌کانگیربوونه‌وه‌یه‌تی.
ده‌کرێ بڵێین ئوستووره‌ی ئاره‌ش له هه‌ر قۆناغێکی سیاسی‌دا نۆژه‌ن کراوه‌ته‌وه و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ی بۆ کراوه، به‌ڵام ئه‌م ئوستووره‌یه له نێو شێوه‌ژین و جۆره جیهانبینی و ئایدیۆلۆژیایه‌ک خۆی ده‌دۆزێته‌وه که ئایین و سیاسه‌تی به ڕادیکاڵترین شێوه پێکه‌وه گرێداوه. پیرس؛ نوێنه‌ری به ڕه‌چه‌ڵه‌ک پورتوگالیی چین له‌وکاته‌دا ده‌ڵێ: "شا ئیسماعیل کڵێسه‌کانی ئێمه ئاوه‌دان ده‌کاته‌وه و ماڵی هه‌موو ئه‌و مسوڵمانانه‌ی که پێڕه‌وی له محه‌مه‌د ده‌که‌ن ده‌ڕمێنێت." ئه‌م وته‌یه به ڕوونی گوزارشت له‌و "ئه‌ویترسازیی" و "ئه‌ویترکوشتن"ه ده‌کات بۆ بنیاتنانی "خود"ێکی پیرۆز و شه‌هید.
له‌شکرکێشی و هێرش بۆ سه‌ر وڵاتان بووه به به‌شێک له ئاکار و شێوه‌ڕه‌فتاری ڕۆحی ئێرانی
له ئوستووره‌ی ئاره‌ش که گوزارشتێکه له کۆتاییهاتنی شه‌ڕی نێوان ئێران و تووران له سه‌رده‌می مه‌نووچەهر، ئاره‌ش که وه‌ک نوێنه‌ر و نێردەی ئێرانییه‌کان ده‌چێت بۆلای توورانییه‌کان بۆ ئەوەی پاش جه‌نگ و پێملبوونی ئێرانییه‌کان له‌دوای گه‌مارۆدرانیان له مازه‌نده‌ران له لایه‌ن پاشای تووران، سنووری نێوان ئێران و تووران دیاری بکات. پاشای توران واته ئه‌فراسیاو بۆ سووکایه‌تیکردن به ئێرانییه‌کان ده‌ڵێ، هه‌ر ئه‌م نێردەیە با تیرێک بهاوێژێت و سنووری نێوان ئێران و تووران دیاری بکات، ئاره‌ش له‌سه‌ر کێوی ده‌ماوه‌ند تیرێک به‌ره‌و ڕۆژئاوا ده‌هاوێت که بوولێڵی به‌یان تا داکه‌وتنی خۆر و خۆرئاوا هه‌ر ده‌چێت و به ئاسمانه‌وه‌یه و پاشان تیره‌که له پاڵ ڕووباری جه‌یحوون یان ئامووده‌ریا دارگوێزێک ده‌پێکێت و ده‌بێت به سنووری نێوان ئێران و تووران، له هه‌ندێک خوێندنه‌وه‌دا بۆ ئوستووره‌که هاتووه، ئه‌سفه‌ندارموز(پاسه‌وان و شاژنی زه‌وی سه‌رسه‌وز و هێمایه بۆ نۆژه‌نبوونه‌وه و له‌دایکبوون له ئایینی زه‌رده‌شتدا) ئه‌م تیروکه‌وانه‌ی دابوو به ئاره‌ش و گوتبوویی تیری ئه‌مه زۆر دوور ده‌ڕوات، به‌ڵام هه‌رکه‌س تیری پێ بهاوێت گیان ده‌رده‌کات.
ئاره‌ش به وشیارییه‌وه گیانی خۆی فیدای خاکی ئێران کردووه و چه‌مکی گیانبازی و شه‌هیدی به‌رجه‌سته کردۆته‌وه. لێره‌دا ئوستووره‌ی ئاره‌ش دوو ڕه‌هه‌ندی زه‌قی تێدایه، یه‌که‌میان پاراستنی سنووری وڵاتی ئێران له هه‌مبه‌ر ئه‌وانی دیکه و دووهه‌میان گیاندان و خۆقوربانیکردن له‌م ڕیگه‌یه‌دایه.
ئه‌م ئوستووره‌یه پێچه‌وانه خوێنراوه‌ته‌وه و لایه‌نی دیکه‌ی هه‌یه. له ڕاستیدا ئاره‌ش که‌سێکی جه‌نگاوه‌ر و تیرهاوێژ نه‌بوو، به‌ڵکوو ته‌نیا ته‌ته‌ر و نێردەیەکی ئاسایی سوپای ئێران بوو، بۆیه کاتێک پێشنیازی فه‌رمانڕه‌وای توورانی قبووڵ کرد که که‌سێک بۆ دیاریکردنی سنوور تیرێک بهاوێژێت، زۆرینه‌ی ڕای گشتیی سوپا و ئێران قبووڵکردنی پێشنیاره‌که‌یان له لایه‌ن ئاره‌شه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که تیره‌که بهاوێت به سووکایه‌تی و مایه‌ی شکست و نه‌نگیی ئێرانییه‌کانیان زانی، به‌ڵام ئاره‌ش پێشوه‌خت به‌هۆی ئه‌سفه‌ندارموزه‌وه ده‌یزانی سیحری تیروکه‌وانه‌که‌ی چه‌نده و ده‌شیزانی ده‌کوژێت.
چه‌مکی گیانفیدایی و شه‌هاده‌ت له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه هاتووته ناو ڕۆحی ئێرانییه‌وه. قوربانی‌کردنی و قوربانیبوونی ئاره‌ش بڕیارێکی وشیارانه و خۆنه‌ویستانه‌یه و سوپای ئێران لۆمه‌ی ده‌کات، به‌ڵام دواتر و پاش گیاندانی ده‌یکه‌ن به ئوستووره و هێمایه‌ک بۆ یادکردنه‌وه‌ی ڕۆحی یه‌کانگیر و یه‌کگرتوو که ویژدانی قوربانیپه‌ره‌ستی خۆیانی پێ هێور که‌نه‌وه.
بابەتێک که له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه و له ئێستای سیاسه‌ت و دۆخی مرۆیی‌دا ده‌خوێنرێته‌وه، ئه‌مه‌یه که قوربانیبوون و قوربانی‌کردن به‌شێک نه‌بووه له ژیان و مانه‌وه، ڕه‌نگه له ڕواڵه‌تدا و له تێڕوانینێکی میتۆلۆژیکاڵ (ئوستووره‌ناسانه) و میتافیزیکیدا وا بنوێنێت، به‌ڵام وه‌ها تێڕوانین و گۆشه‌نیگایه‌ک هیچ کات قایل نییه به‌و شوێنه‌ی لێی دانیشتووه و لێی هه‌ڵکه‌وتووه. ئه‌وان به‌رده‌وام حه‌زیان له‌وه‌یه تیره‌که بڕوات و هه‌رێمی زیاتریان بۆ مسۆگه‌ر بکات. ئه‌م ڕۆحه ئاره‌زوو و خواستێکی هه‌یه بۆ فڕین و ده‌ستهاویشتن و په‌لهاوێژی(تیرهاوێژی).
بۆ ڕوونتربوونه‌وه‌ی ئه‌م باسه ده‌بێ بپرسین بۆچی سنووری نێوان ئیران و توورانیان به ده‌ستی خودی ئێرانییه‌کان دیاری کردووه؟ پرسیاره‌که وه‌ڵامێکی ئاسانی هه‌یه، چوونکه ئێران و سه‌رده‌می پاڵه‌وانێتی ئێرانی که له خزمه‌ت ده‌سه‌ڵاتدا بوونه، به‌رده‌وام ده‌سدرێژییان کردووه‌تە سه‌ر وڵاتانی دیکه و له‌شکرکێشی و باجوخه‌راج وه‌رگرتن و هێرش بۆ سه‌ر وڵاتانی دیکه بووه به به‌شێک له ئاکار و شێوه‌ڕه‌فتاری ڕۆحی ئێرانی.
قاسم سلێمانی له دیسکۆرسی ئێرانی‌دا دووپاتکردنه‌وه‌ی ناوه‌خت و بنبۆشی ئه‌م نیشانه ئوستووره‌ییه‌یه و ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که هێشتا قوربانیبوون و گیانفیدایی به ڕۆحێکی نارسیستی و خۆئه‌ڤینییه‌وه پێکهاتی زه‌ینی وشیار و ناوشیاری ئێرانی ته‌نیوه و ئێمه ئه‌مه‌مان له ڕێوڕه‌سم و پرسه‌ی سه‌رتاسه‌ری ئێران و هه‌ڵوێست و به‌شداریی زۆرینه‌ی گوتار و وێژمانه جیاجیاکاندا بینی که وه‌ک ئه‌وه بوو بۆ قاره‌مانێکی ئوستووره‌یی شیوه‌ن بگێڕن و ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی سیمبوولی و ڕه‌مزی بۆ ئه‌مه‌ش قوربانیان دا، چه‌ندین که‌س له‌ناو ئاپۆره‌ی پرسه‌که‌دا و له زێدی قاسم(شاری کرمان) بوون به ژێره‌وه و کوژران، بۆیه له قه‌ره‌باڵغیی ئووستووه‌ری په‌رستش و خۆئه‌ڤینیدا قوربانیبوون شتێکی ساده و ئاساییه و ئه‌م مردنانه‌ش له‌ناو مه‌رگی ئوستووره و هێمایه‌ک که ده‌سه‌ڵات له پشتی بوو خنکا و کپ بوویه‌وه.
کێشه‌ی جه‌وهه‌ریی ئه‌م ئه‌کته ئوستووره‌ییه ئه‌وه‌یه که هێشتا له خه‌ون و خه‌وی ناوشیارانه‌ی سه‌رده‌می که‌ونینه‌دا ده‌ژی، که‌ونینه‌خوازی، بناژۆخوازی و ئیرتیجاعی پێکهاتی سیاسیی ئێرانی و زه‌ینییه‌تی شیعه‌گه‌را و پاشایه‌تیی و چه‌پی ئێرانی له‌م سه‌رچاوه‌یه‌وه ده‌گه‌نه‌وه یه‌ک و ده‌بن به ڕۆحێکی یه‌کانگیر.
ته‌نانه‌ت چه‌په‌کانیش هاوئاهه‌نگی ئه‌م شینگێڕییه بوون و ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌کت و په‌رچه‌کردارێک بێت له هه‌مبه‌ر ئه‌مەریکا، وه‌ک زلهێزی سه‌رمایه‌داریی جیهان، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی ناوشیار بۆ ئه‌و خوده قاره‌مانه‌یه که دژوازییه‌تی "قوربانی" و "جه‌لادی" له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
تیره‌که‌ی ئاره‌ش پاش ڕۆژه‌ڕێیه‌ک له دارگوێزێک ده‌دا، وه‌ک ده‌زانین گوێز ئه‌و داره نییه زامار بکرێت، به‌ڵکوو دارێکی پیرۆزی ژیانه و نابێ لێی بدرێت، به‌ڵام ئاره‌ش به کوشتنی خۆی و زامارکردنی داری پیرۆز، به‌رده‌وامیی به کیانێک دا که ئه‌مڕۆ لەبری مه‌نووچه‌هر، خامنه‌یی پاشایه‌تیی ده‌کات.
ڕۆحی ئووستووره‌ی ئێرانی خاوه‌ندارێتیی جیهان بۆخۆی به شایسته ده‌زانێت، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان قووڵترین دژایه‌تی و قێزه‌ونترین پیلانگێڕییان کرد و تا شوێنێک ده‌ستیان له هاوکێشه‌کان وه‌ردا که مه‌ترسیی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆیی لێکه‌وته‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌م ڕۆحه که‌ونینه‌په‌رست و فەندەمێنتاڵه قه‌ت بۆی گرنگ نه‌بێت که سیاسه‌ته‌کانی ئێران له سووریا و عێراق و یه‌مه‌ن چه‌ندان که‌سی مه‌ده‌نی و منداڵ و ژنی بێتاوانی داوه‌ته به‌ر تیری ئه‌فسانه‌یی و بکوژی خۆی، ئه‌وان هێشتا پارادایم و نه‌زمی نوێی جیهانییان په‌سند نه‌کردووه، چوون له دۆخێکی وه‌هادا ده‌ژین، ئوستووره له سه‌رده‌می ئێستادا و له ئاسته پراکتیکییه سیاسییه‌که‌یدا هه‌ڵگری ئه‌م دژوازییه‌یه که قاسم سلێمانی نموونه هه‌رە دیار و زه‌قه‌که‌یه‌تی؛ جه‌لادبوون و قوربانیبوون پێکه‌وه.
کاتێک ده‌ڵێین ئوستووره واته پانتاییه‌کی گشتگیر و جیهانی، له نه‌زمێکی هێمایینمان مه‌به‌سته، به‌ڵام کاتێک بۆ به‌شێکی زۆر و قوربانی له خه‌ڵکی چه‌ندین وڵات له ناوچه و جیهان قاسم سلێمانی هێمای جۆرێک توندوتیژی و کوشتن و قه‌تڵوعامه، ڕه‌گه‌زی ئوستووره‌یی ئه‌م هێمایه ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه و له ئاستی ئوستووره دێته سه‌ر ئاستی که‌سێکی توندڕه‌و و سه‌ربازێکی شه‌ڕکه‌ر و فیداکاری بکوژ، واته هه‌مان شه‌هیدی زیندووی ڕۆحێکی بناژۆخواز و فەنده‌مێنتاڵ. بۆیه لێدان و کوشتنی قاسم سلێمانی و ئه‌بوومه‌هدی موهه‌ندیس، لێدان بوو له ئه‌م ئایدیایه که جیهان به نه‌زمی کۆن ناچێته پێش، ڕه‌نگه هه‌ندێک سه‌ما و کلکجه‌ڕاندنی جیهانی پێشوو به‌هۆی ئامێره‌کانی جیهانی نوێوه ئه‌م بواره‌تان بۆ بڕه‌خسێنێت، به‌ڵام کورتخایه‌ن و ته‌مه‌نکورته.
پرسیارێکی بنه‌ڕەتی که لێره‌دا ده‌بێ گه‌ڵاڵه‌ی بکه‌ین ئه‌مه‌یه که ئایا لێدان و له‌ناوبردنی قاسم سلێمانی به واتای کوشتنی ئایدیای که‌ونینه‌خوازیی و ئوستووره‌گه‌رایی و له‌شکرکێشی و له‌شکرشکێنیی ڕۆحی ئێرانی دێت؟ یان ته‌نیا داشێکی کایه‌که لابراوه و ڕێگه‌ی بۆ داشێکی ڕه‌ش و توندڕه‌وتر به ناوی ئیسماعیلی قائانی خۆش کردووه که قوتابیی و هاوشانی قاسم سلێمانی بووه؟ بێگومان قاسم سلێمانی وه‌کوو که‌سی یه‌که‌می سوپای قودس و به‌رپرسی کاروباری ئێران له ناوچه‌که‌دا له پله‌ی تاک و توانایی به ئاسانی جێگای پڕ نابێته‌وه، به‌ڵام ئایدیای "شه‌هیدی زیندوو" و "ئوستووره‌ی ئێرانی" و "ئیسلامیی" ئه‌و خاڵه‌یه که تا کۆماری ئیسلامی و پێکهاتی ئوستووره‌گه‌را و که‌ونینه‌په‌ره‌ستی زه‌ینی ئێرانی مابێت به‌رده‌وامه و ده‌مێنێته‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
- رەسووڵ جەعفەریان، دین و سیاسەت لە سەردەمی سەفەوی
- John Rossell Hinnells ناسینی ئوستوورەکانی ئێران، وەرگێڕانی ژالە ئاموزگار و ئەحمەد تەفەزولی