پەرلەمانتارێك هۆكاری دواكەوتنی مووچە لە عێراق ئاشكرا دەكات

:: PM:04:16:27/09/2020 ‌

تا ئێستە لە عێراق مووچە دابەش نەكراوە، وەزارەتی دارایی بۆ كێشەی تەكنیكی دەگەڕێنێتەوە و بانكی ناوەندیش ئاماژە دەكات هیچ كێشەیەك نییە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دواكەوتنی مووچەی ئەم مانگە لە عێراق بەهۆی نەبوونی وشكەپارەی پێویستە و ئاشكرای دەكات كە هەر قەرزكردنێكی نوێی حكوومەت بە مەرج دەبێت.
دەبێت حكوومەت چاكسازی ئابووری بكات نەك قەرز
بەپێی زانیارییەكان ئێستە بودجەی عێراق بەشی مووچە و رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و پسوولەی خۆراك ناكات و ئەو قەرزە ناوخۆییەی حكوومەت كردوویەتی بۆ پڕكردنەوەی، پێویستی چەند مانگی رابردووە و حكوومەتی داوای لە پەرلەمان كردووە بۆ رازیبوون لەسەر بڕٍێكی تری قەرزی ناوەخۆیی، چونكە قەرزی دەرەكی بەردەست نییە، ئەویەش وای كردووە پەرلەمانتاران باسی رەزامەندیان بە مەرج لەسەر قەرزەكە بكەن.

حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری عێراق گوتی، هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ مانگی ئەیلوول نەبوونی سیولەی دراوی پێویستە، روونی كردەوە، پێشتر حكوومەت دەسەڵاتی بە حكوومەت دا بۆ قەرزكردنی 15 ترلیۆن دیناری عێراقی بۆ مووچەكانی سێ مانگ، بەڵام ئەو پارە كۆتای هاتووە و وەك مووچە بەسەر فەرمانبەر و خانەنشین و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دابەش كراوە. 

زیاتر گوتی، پێ دەچێت حكوومەت جارێكی تر پەنا بۆ قەرزكردن ببات، بەڵام ئەوجارەیان مەرجدار دەبێت، مەرجەكەیش ئەوەیە كە حكوومەت رەشنووسی یاسای چاكسازی ئابووری پێشكەیش بكات، كە پێشتر بەڵێنی پێشكەیشكردنی دابوو و تا ئێستە نەگەیشتووەتە پەرلەمان.

دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای كرد كە مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی عێراق دابین كراوە، دواكەوتنی خەرجكردنیشی بۆ چەند كێشەیەكی تەكنیكی سەبارەت بە تەحویلكردنی پارەكە لە بانكی ناوندییەوە بۆ سەر حیساباتی وەزارەت و دامەزراوەكان لە بانكەكان دەگەڕێتەوە، لەوكاتەی بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی كرد كە هیچ كێشەیەكیان نییە و چاوەڕوانی رێنوێنی خەرجكردن دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل