ساڵی خوێندن نزیكە.. نیشانەكانی كۆرۆنا لە منداڵ چین؟

:: PM:05:20:27/09/2020 ‌

لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا، تەندروستی منداڵ بووەتە خەمی زۆرێك لە حكوومەت و شارەزایانی تەندروستی و پەروەردەیی، بەتایبەتی هێشتا ڤاكسین و چارەسەری بنبڕی كۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، سەنتەری چاودێری نەخۆشییەكان و كۆنترۆڵكردنی لە ئەمەریكا لیستێكی بە نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە منداڵ بڵاو كردەوە.
توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەیان بۆ كەسانی تر هەیە
بەپێی سەنتەرەكە بوونی ئەو نیشانانە رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی منداڵ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و پێویستە چاودێری و چارەسەری وەربگرێت، لەو نیشانانەی سەنتەرەكە باسی كردووە، زەحمەت هەناسەدان و بوونی ئازار لە سنگ و شینهەڵگەڕانی لێوەكان و نەخەوتن، دووپاتی كردەوە، رەنگە منداڵ و رواڵەكان تووشی ڤایرۆسەكە ببن و ئەوان پارێزراو نین، ئەگەرچی رەنگە هەندێكیان نیشانەیان نەبێت،  بەڵام توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەیان بۆ كەسانی تر هەیە.

بەپێی راپۆرتەكە زۆرینەی منداڵەكان نیشانەی سووكیان دەبێت، ئەگەرچی هەندێكی تریان بە قورسی دەیگرن و رەنگە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبێت، هەندێكیشیان تووشی هەوكردنی جۆراوجۆر دەبن، بەڵام زیاترین نیشانەكانی لە منداڵی تووشبوو بە كۆرۆنا بریتییە لە:

لەرز و تا و كۆكە هاتنی ئاو لە لووت و سوورهەڵگەڕان و لەدەستدانی هەستەكانی بۆن و تامكردن و هەوكردنی قورگ و هەناسەتەنگی و سكچوون و رشانەوە و ئازاری گەدە و ماندووبوون و سەرئێشە و ئازاری ماسوولكەكان و نەمانی ئارەزووی خواردن، سەنتەرەكە رێنوێنی دەدات بەوەی هەر كاتێك هەست بەو نیشانانە كرا، پێویستە منداڵ لە ماڵ بمێنێتەوە و لەكاتی پێویستدا ببرێتە لای پزیشك. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل