بەغدا بەرانبەر نوێنەری خامنەیی هەڵوێستی وەرگرت

:: PM:01:26:28/09/2020 ‌

جگە لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق هاوپەیمانێکی نزیکی ئێرانیش بەرانبەر قسەکانی نوێنەری خامنەیی هەڵوێستیان وەرگرت و بەتوندی سەرکۆنەیان کرد.

هەر یەک لە بەرهەم ساڵح سەرک کۆماری عێراق، محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فائیق زەیدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لێدوانەکانی حوسێن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی لە دامەزراوەی کەیهانیان مەحکووم کرد.

پشتیوانییان لە پێشنیارەکانی سیستانی بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.
ئەوان پێداگرییان لەوە کردووە هەر جۆرە بێڕێزییەک بەرانبەر مەرجەعیەتی شیعە شەرمەزار دەکەن و پێگەی ئایەتوڵا سیستانی وەک مەرجەعێکی باڵای شیعە لە نێو خەڵکی عێراق و موسڵمانان و مرۆڤایەتی پارێزراوە. ئەوان پشتیوانییان لە پێشنیارەکانی سیستانی بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.

هاوکات نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی حزبی دەعوە وەڵامی قسەکانی حوسێن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی لە دامەزراوەی میدیایی کەیهان دەداتەوە  و بە توندی سەرکۆنەی دەکات.
نوێنەری خامنەیی بە بیڕێزیکردنی بە مەرجەعی شیعەکانی عێراق بیڕێزی بە تەواوی خەڵکی عێراق کردووە

بەگوێرەی رادیۆ فەردا نووری مالیکی لە وەڵامەکەیدا نووسیویەتی نوێنەری خامنەیی بە بیڕێزیکردنی بە مەرجەعی شیعەکانی عێراق بیڕێزی بە تەواوی خەڵکی عێراق کردووە و داواشی کردووە رۆژنامەکە بە نووسینەکەیدا بچێتەوە.

هەڵوێستی نووری مالیکی دوای ئەوە دیت دوێنێ یەکشەم حوسێن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی لە کەیهان بە توندی هێرشی کردە سەر ئایەتوڵا سیستانی مەرجەعی شیعەکانی عێراق و گوتی داواکارییەکەی لەسەر چاودێریکردنی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردن بەجێ نییە و پێویستە پاشگەز ببێتەوە چونکە هیچ لە پێگەکەی ئەو ناوەشێتەوە.

عەلی سیستانی لە پەیامێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی عێراق داوای چاودێری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردبوو. ئەو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەری رێکخراوەکە داوای کردبوو گەرەنتی بیگەردی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو بکرێت.

سەروەری نیشتمانیی عێراق پێشێل دەکریت.
شەریعەتمەداری پێی وایە نابێ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری هەڵبژاردنی عێراق بکات چونکە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و بەم کارە سەروەری نیشتمانیی عێراق پێشێل دەکریت.

پێویستە بگوترێ چاودێری  و سەرپەرشتیکردنی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن بەتایبەتی لەو وڵاتانەی ژێرخانی پێویستییان نییە یان تووشی تەنگژە هاتوون شتێکی نوێ نییە و رێکخراوەکە یارمەتی زۆر وڵاتی داوە هەڵبژاردنی بێلایەن بەرێوەبچێت.

نوێنەری خامنەیی، سیستانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە نەتەوەکەی خۆی رەشبینە کەچی بە دەرەوە و خەڵکی بێگانە گەشبینە. 

شەریعەتمەداری تەنانەت داوای لە نووسینگەی سیستانی کردووە پەیامەکەیان راست بکەنەوە
شەریعەتمەداری تەنانەت داوای لە نووسینگەی سیستانی کردووە پەیامەکەیان راست بکەنەوە و لەم داواکارییە پاشگەز ببنەوە.

بڕیارە هەڵبژاردن ساڵێک زووتر لە کاتێ خۆی لە شەشی حوزەیرانی ساڵی 2021 بەڕێوەبچێت و هەوڵی سیستانی ئەوەیە هەڵبژاردنەکە هاوشێوەی 2018 نەبێ کە تیایدا ساختەکارییەکی زۆر کرا.

یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی لەوانەیە وای کردبێت نوێنەری خامنەیی بە پێشنیارەکەی ئایەتوڵا سیستانی دڵخۆش نەبێت ئەوەیە هەڵبژاردنی عێراق هاوشێوەی خولەکانی پێشوو بەڕێوە بچێت و دەرفەتی ساختەکاری بۆ لایەنەکانی نزیک لە ئیران زۆرتر بێت.

حزب و لیست و گرووپەکانی نزیک بە حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنی پێشوودا ژمارەیەکی زۆری کورسییان دەستەبەر کرد و گرنگترین هۆکاری ئەو سەرکەوتنەشیان بۆ هەژموونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەسەر بەڕێوەبردنی هەلبژاردن دەگەڕێتەوە. 

ئەوان لە زۆر شوێن دەستکاری دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنیان کرد و دۆخیکی وایان دروست کردبوو بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان نەیانتوانی بەشداری دەنگدان بکەن و لە جێگەی ئەوان خۆیان فۆرمەکانی دەنگدانیان پڕکردەوە.

هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەرێوە چوو زۆرترین قسە و رەخنەی هەڵگرت
هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەرێوە چوو زۆرترین قسە و رەخنەی هەڵگرت و نارەزایەتییەکی زۆری ناوخۆیی لێ کەوتەوە. کار گەیشتە ئەوەی دەرەنجامی هەندێک سندووق هەڵبوەشێنەوە و تەنانەت چەندین مانگ حکوومەت خەریکی یەکلاییکردنەوەی دەنگەکان و راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی بێت.

هەوڵەکان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بە رێکوپێکی بەڕێوە بچێت و هاووڵاتیان ئازادانە بتوانن نوێنەرەکانی خۆیان هەڵبژێرن.




وشە - سلێمان تاشان