نەخۆشخانەی قانع لە پێنجوێن کرایەوە

:: PM:03:30:28/09/2020 ‌

 

ئەمڕۆ لە شارۆكەی پێنجوێن، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و حزبی و مامۆستایانی ئاینی و چەند كەسایەتیەك، نەخۆشخانەی قانع، كرایەوە كە یەكەم نەخۆشخانەی تایبەتە، بە فریاكەوتنی سەرەتایی و نەخۆشییە گوازراوەكان و لەسەر ئەركی خێرخوازان دروستكراوە.
کارمەند و ئامێرە پزیشكییەکانی لەلایەن حكوومەتەوە دابین كراوە

ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئەیلوول، زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ نەخۆشخانەی قانع، كە تایبەتە بە فریاكەوتنی سەرەتایی و نەخۆشییە گوازراوەكان، لەسەر ئەركی خێرخوازانی پێنجوێنی كە بەشێكیان ئێستا نیشتەجێی دەرەوەی پێنجوێنن، كرایەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە لە مانگی ئاداری رابردوو، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، لە چوارچێوەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە سنوورەكەمان، کۆمەڵێک رێوشوێنمان گرتە بەر و لەلایەن بەشێك لە سەرمایەداران و خێرخوازانی پێنجوێنیەوە بڕیاری دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە و نەخۆشخانەیەكی تری كۆرۆنا، كە ئێستا كاركردن تیایدا بەردەوامە، دەرچوو.

"بۆ ئەم نەخۆشخانەیە ژمارەیەك ئامێری پزیشكی لەلایەن حكوومەتەوە دابین كراوە لەگەڵ پزیشكی پێویست و زەوییەكیشی لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن دابین كراوە" زانا رەحمان وای گوت.

قایمقامی پێنجوێن دووپاتی دەکاتەوە، نەخۆشخانەكەی رۆڵێكی باشی دەبێت لە پێشخستنی زیاتری كەرتی تەندروستی و كارئاسانی بۆ زوو چارەسەركردنی هاووڵاتییان دەدات كە لە ماوەكانی رابردوودا، بەردەوام خەڵكی رەخنەی لە خراپی ئەو كەرتە هەبوو.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەرت لەشاری سلێمانییەوە دوورە، خاوەنی تاكە نەخۆشخانەیەكی گەورەیە بەناوی، نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن و مەڵبەندی تەندروستی بلكیان، لەدوای ساڵی 2014شەوە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە بنكە تەندروستییەكانی گوندەكانی سنوورەكە داخراون.


 پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان