شەوە شوومەكەی عێراق بە رازیكردنی ئەمەریكا كۆتایی هات

:: PM:05:50:28/09/2020 ‌

درەنگانێكی شەوی رابردوو زۆرینەی میدیاكان و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوازی جۆراوجۆر هەواڵێك بڵاو كرایەوە بەوەی ئەمەریكا دوای هەڕەشەی دوایی، بڕیاری داخستنی باڵوێزخانەكەی لە بەغدا جێبەجێ دەكات، كێشەكە لای عێراقییەكان دوای ئەو داخستنە دەستی پێ دەكات، بۆیە هەرچوار سەرۆكایەتی بە پەلە كۆبوونەوە و بەیاننامەیەكی پاڵپشتی بۆ ئەمەریكا و نەیار بۆ هێرشەكانی سەر بەرژەوەندییەكانی و سەركۆنەكار بۆ گرووپە چەكدارەكان دەركرا، جیا لە هەڵوێستی چەند لایەنێكی شیعە.
چەند گرووپێكی لە یاسا بەدەر هەوڵی شێواندنی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا دەدەن
فادی شمەری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم دووپاتی كردەوە كە بڕیاری داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئامادەیە و هەوڵێكی چڕی عێراق هەیە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و رێگرتن لە داخستنی باڵوێزخانەكە، ئەو لە تویتێك روونی كردەوە، بڕیاری ئەمەریكا بە داخستنی باڵوێزخانەكەی و كۆتاهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دراوە و ئامادەیە بۆ راگەیاندن و هەوڵێكی چڕی عێراقی و نێودەوڵەتیش هەیە بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەلایەن ئەمەریكاوە. 

ئەو بەرپرسە شیعە روونی كردەوە، سەركردایەتی عێراق بە حكوومەت و هێزە سیاسییەكان، ئاگەداری وردەكاریی دۆخەكەن و پێوەندییەكی چڕ لەئارادایە، هاوكات نێردە دیپلۆماسییەكان بە حكوومەتیان راگەیاندووە كە ئەوان ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسییان لەكاتی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا تا نزمترین ئاست دادەبەزێنن. 

ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گرووپەكانی سەر بە ئێرانی لە عێراق بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا تۆمەتبار كرد، گوتەبێژی وەزارەتەكە رای گەیاند، مووشەكبارانكردنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، مەترسیشە بۆ سەر حكوومەتی عێراق و نێردە دیپلۆماسییەكان، جیا لەوەی مەترسییە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەی سەوز و دەوروبەرییەوە.

دووپاتی كردەوە، لەوكاتەی ئەمەریكا كار بۆ دابینكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ عێراق لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەكات، بوونی ئەو میلیشیایانە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم وەبەرهێنانكردن لە عێراق.

دوێنێ رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی لە دیپلۆماتكارێكی ئەو وڵاتەی گواستەوە كە رەنگە ئەمەریكا باڵوێزخانەكەی لە بەغدا بۆ ماوەی 90 رۆژ دابخات، ئەوەیش دوای وریاكردنەوەكەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ عێراق بەوەی ئەگەر حكوومەتی عێراق جموجۆڵ نەكات بۆ وەستاندنی هێرشی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی، وڵاتەكەی باڵوێزخانەی لە بەغدا دادەخات. 

رۆژنامەكە لە ئەحمەد مولا تەڵاڵ، گوتەبێژ بەناوی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گواستەوە كە ئەوان هیوادارن ئەمەریكا چاو بەو بڕیارەی بخشێنێتەوە، چونكە چەند گرووپێكی لەیاسا بەدەر هەن هەوڵی شێواندنی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا دەدەن و داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكایش، پەیامێكی نەرێنییە.

لەوكاتەی رۆژنامەكە لە بەرپرسانی رۆژئاوایی لە بەغدا گواستەوە كە نێردە دیپلۆماسییەكان پلانەكەیان پێ گەیشتووە و دیپلۆماتكارێكی ئاگەدار لەوبارەوە دەڵێت، پێشبینی دەكرێت داخستنی باڵوێزخانەكە بۆ 90 رۆژ بێت، ئەو ماوەیەیش هەلێك بە سەرۆك ترەمپ دەدات بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەكەی، لەوكاتەی بەرپرسێكی عێراقی رای گەیاند بەوەی حكوومەتی ئەمەریكا داوای وەرگرتنی رێوشوێنی توندتری دژ بە میلیشیاكان لە عێراق كردووە و ئەگەر ئەوە بكات، دەتوانرێت باڵوێزخانەكە دانەخرێت.      

رۆژنامەكە لە چەند بەرپرسێكی عێراقی گواستەوە كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پاڵپشتییەكی گەروەی نییە، ئەو لە ماوەی رابردوودا هەوڵی سەركوتكردنی میلیشیاكانی دا لە رێگەی وشككردنی سەرچاوەی داراییان و رێكخستنەوەی پەیكەری دەزگە تەناهییەكان بۆ هێنانەپێشەوەی كەسایەتی نوێ، بەڵام میلیشیاكان بە هێرشكردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەكان وەڵامیان دایەوە، بۆیە ئێستە كازمی خەریكی گوشاركردنە لە رێگەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ رازیكردنی ئەمەریكا بە پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكانی، چونكە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو بڕیارە كار دەكاتە سەر سەقامگیریی عێراق.

هەر ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق چاوی بە ماسیۆ تۆلەر، باڵوێزی ئەمەریكا لە بەغدا كەوت، ئەوان باسی بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەشیان لە نێوان عێراق و ئەمەریكا لە هەموو بوارەكان كرد، جیا لە باسكردنی پەرەپێدانی پێوەندییەكانیان، باڵوێزی ئەمەریكا دووپاتی لە بەردەوامبوونی پاڵپشتی وڵاتەكەی لە حكوومەتی عێراق لە بوارەكانی تەناهی و نەهێشتنی تیرۆر و تێپەڕكردنی كێشە و تەنگژەكانی ئێستەی كردەوە، لای خۆیەوەیەوە ئەعرەجی ئاماژەی كرد كە پێویستە لەو قۆناغەی ئێستە سەقامگیری و هێوربوونەوەی زیاتر لە ناوچەكە و دنیا هەبێت.

لەو ناوەدا ئەمڕۆ دووشەم سرییەكانی خوراسانی، یەكێك لە میلیشیا توندڕۆكانی سەر بە ئێران، بێبەری بوونی لە حامد جەزائیری، فەرماندەی لیواكەی لەناو حەشدی شەعبی و دوورخستنەوەی لە ئەركەكەی راگەیاند، عەلی یاسری، ئەمینداری گشتی گرووپەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە جەزائیری پێشتر فەرماندەی لیوای 18ی حەشدی شەعبی بووە بەناوی جێگری ئەمینداری گشتی سرییەكانی خوراسانی، لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو پێشتر و ئێستەیش ئەو وەسفەی نەبووە و سكاڵای یاسایی لەسەر هەر كەناڵێكی راگەیاندن تۆمار دەكەین بەو ناوە وەسفی بكات، چونكە بە فەرمی لەلایەن فەرماندەیی حەشدی شەعبییەوە دوور خراوەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل