حكوومه‌تی‌ عێراق توانای دابه‌شكردنی‌ به‌شه‌خۆراكی‌ مانگانه‌ی‌ نه‌ماوه‌

:: PM:08:16:28/09/2020 ‌

لە‌ ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵ، تەنیا بەشە خۆراكی دوو مانگ بە تەواوی بەسەر هاووڵاتییان دابەش كراوە بەشێوەی پچڕ پچڕ و ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، عێراق كێشەی دارایی هەیە، بۆیە بەشە خۆراك بە خراپی دابەش دەكرێت. 
ئێسته‌ له‌ مانگی 10 نزیك ده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام بۆ دوو مانگ رۆن له‌ به‌شه‌ خۆراك دابه‌شكراوه‌
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە عێراق گرفتی گەورەی هەیە لە دابەشكردنی بەشە خۆراك، لە لایەك دۆخی دارایی كە باش نییە و ئەمساڵیش بودجە نەبووە، لە لایەكی تریشەوە گرفت لە گرێبەستی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە بەشە خۆراك هاوردە دەكەن بۆ عێراق دروست بووە.

ئێستە لە مانگی 10 نزیك دەبینەوە، بەڵام بۆ دوو مانگ رۆن لە بەشە خۆراك دابەشكراوە

روونیشی‌ كردەوە، ئێستە لە مانگی 10 نزیك دەبینەوە، بەڵام بۆ دوو مانگ رۆن لە بەشە خۆراك دابەشكراوە، شەكریش دوو مانگ و برنج دوو مانگ، بەڵام بە گشتی لەسەر ئاستی عێراق بەشە خۆراك خراپە.

هەروەك باسی‌ لەوە كرد، ئەو سێ بەشە خۆراكە، برنج و رۆن و شەكر كە دابەش دەكرێت، زۆرجار كە دەینرێن بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان كەموكورتی زۆری هەیە و بەشی ئەوە ناكات بەسەر هەموو هاووڵاتییان دابەش بكرێت، كاتێك كۆمپانیاكان ئامادە نەبن بەشە خۆراك هاوردە بكەن لە دەرەوە، گرفت دروست دەبێت.

لای خۆیەوە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، گرفتی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییانی تەنیا پێوەندی بەوەوە هەیە كە ئێستە عێراق رووبەڕووی دۆخێكی خراپی دارایی بووەتەوە و كێشەی پارەی هەیە.

روونیشی‌ كردەوە كە ئەو دەنگۆیانەی كە باس دەكرێن گوایە بەشە خۆراك نامێنێت و دەبێت بە پارە، ئەوانە تەنیا قسەن و هیچ راست نین، چونكە گرفتەكە بە پارە چارەسەر ناكرێت و بازرگانییەكی گەورە بەهۆی ئەوەوە دروست دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم