سەركردەیەكی یەكێتی: عێراق لە لێواری مان و نەماندایە

:: PM:09:41:28/09/2020 ‌

 لە ماوەی رابردوودا بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە لایەن میلیشیاكانەوە هێرشی دەكرێتە سەر و واشنتن سەرۆكایەتییەكانی عێراقی ئاگەدار كردووەتەوە و هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەی لە بەغدا دەكات، سەركردەیەكی یەكێتی پێی وایە عێراق لە لێواری مان و نەماندایە و ئەمەریكا و ئێران گۆڕەپانی شەڕیان هێناوەتە ناو خاكی عێراق.
كورد لەگەڵ عێراقێكی ئارامدایە و پێویستە بیر لە كێشەكانی خۆی بكاتەوە
 ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئەیلوول، سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە" ڕاگەیاند، دۆخی عێراق لە نێوان چەكوش و سنداندایە، شەڕەكە لە نێوان ئێران و ئەمەریكایە، بەڵام گۆڕەپانەكەی عێراقە، بۆیە عێراقی پێش ئۆكتۆبەری خۆپێشاندانەكان لەگەڵ ئێستە جیاوازە.

ئاماژەی كرد، ئەوەی كێشەی لە عێراق دروست كردووە، لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەیان هەزار چەكداری حەشدی شەعبی لە گرووپی جیا جیا هەن، باڵوێزخانەی ئەمەریكایش لەو ناوچەیەیە، تەنانەت لە ڕێگەی فڕۆكەخانە ئەو گرووپانە هەن، بۆیە كارمەندانی باڵوێزخانەكە هەست بە پارێزراوی ناكەن، ئەو ماوەیەش بە مووشەك هێرش دەكرێتە سەر باڵوێزخانەكە، ئەوەیش وای كردووە ئەمەریكا لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی بكەوێتە گومان.

 پیرە روونی كردەوە، ئەمەریكا هۆشداری بە حكوومەتی عێراق داوە كە نابێ هیچ گرووپێكی میلشیایی چەكی بە دەستەوە بێت جگە لە هێزە تەناهییە فەرمییەكان نەبێت كە فەرمان لە حكوومەت وەردەگرن، داوای كردووە ئەو میلشیایانە لە فڕۆكەخانە و ناوچەی سەوز دوور بخرێنەوە، بەڵام ئەوە نەكراوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر دۆخی نەخوازراوی عێراق، سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوە، بەڵام هیچیان پێ نەكراوە و كۆبوونەوەكان بەبێ هیچ بڕیارێك كۆتایی هات.

 ئەو سەركردەی یەكێتی گوتی، كورد لەگەڵ عێراقێكی هێمن و ئارامدایە و پێویستی بەوە هەیە بیر لە چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی بكاتەوە، ئێستە عێراق لە لێواری بوون و نەبوندایە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران هیچی پێ ناكرێ، ئەگەر لایەنە سیاسییە بەهێزەكانی عێراق پشتیوانی نەكەن.

"وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەرۆكایەتییەكانی عێراقی ئاگەدار كردووەتەوە و ناتوانن لە ژێر گوشاردا بن و كارمەندەكانیان لە حاڵەتی خراپی دەروونیدا بمێننەوە، بۆیە لە بەغدا دەكشێنەوە و ئەو گرووپانەی دەستیان هەیە لە هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی ئەمەریكا، ئازاریان پێ دەگەیەنن"، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وای گوت. 

 هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل