په‌یمانگه‌ی سیاسه‌تی ستراتیجی ئوسترالیا بابه‌تێكی له‌سه‌ر جموجۆڵه‌كانی چین له هه‌رێمی كوردستان بڵاو كردووه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كات، كه په‌كین پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه و به‌هێزی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دروست كردووه و زۆرترین وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه ده‌باته هه‌رێمه‌كه، هه‌رچه‌نده پێشتر پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته به جۆرێكی تر بیر ده‌كاته‌وه و دروستبوونی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئارام له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌وره‌ترین سوودی بۆ ستراتیجی كرانه‌وه‌ی چین ده‌بێ به ڕووی وڵاتانی جیهان دا.
له
بابه‌ته‌كه هاتووه، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆیه‌تی و به‌شێكه له نێو عێراقی فیدرال، ڕێژه‌یه‌كی زۆری وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیای بیانی له ناوچه‌كه بوونیان هه‌یه، كه بریتین له كۆمپانیاكانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا و ئوسترالیا و توركیا و ئێران و چین، به‌ڵام ئێسته په‌كین ده‌یه‌وێ ناوچه‌كه بكات به خاڵێكی گرنگی وه‌به‌رهێنانی خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی چین بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وانه ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كه له ته‌واوی وڵاتانی ناوچه‌كه سه‌قامگیرتره، هۆیه‌كی تر بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری نه‌وت و گازه له هه‌رێمه‌كه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی كارتی كوردستان دژ به توركیا به‌هێزترین كارت ده‌بێ به ده‌ستی په‌كینه‌وه، تا له به‌رانبه‌ر ده‌ستوه‌ردانی توركیا له كاروباری ناوخۆی چین و به‌رگریكردن له مسوڵمانانی ئیگۆر پێڕه‌وی بكات.
وه‌به‌رهێنانی له ملیۆنه‌وه بۆ ملیار دۆلار له كوردستان به‌رزبووه‌ته‌وه
ئێسته كۆمپانیاكانی چین له بواری وزه و ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئه‌ندازیاری و پێوه‌ندییه‌كان و پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنانی چیمه‌نتۆ و زۆربه‌ی بواره‌كانی تری پیشه‌سازی به ملیۆنان دۆلار وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام خه‌ریكه ئه‌مه بۆ ئاستێكی زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه و له وه‌به‌رهێنانكردن به سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌وه، بۆ ملیار دۆلار ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌یش وه‌رچه‌رخانێكی گرنگه كه چین له ناوچه‌كه ئه‌نجامی ده‌دات.
پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی هه‌ولێر و په‌كین زۆر به‌هێزه و ئه‌مه‌یش كاردانه‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی دروست كردووه، پێشتر سیاسه‌تی چین به‌رانبه‌ر ته‌واوی وڵاتانی دنیا دژایه‌تیكردنی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوونی ناوچه ناڕازییه‌كان بوو له وڵاته‌كان، به‌ڵكوو ئارامی و سه‌لامه‌تی وڵاتانی ده‌ویست، له‌به‌ر ئه‌وه په‌كین هیچ هاوكارییه‌كی هه‌ولێری نه‌كرد له‌وكاته‌ی كه ئه‌وان هه‌نگاویان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی نا و ریفراندۆمیان ئه‌نجام دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌یان هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا په‌كین دژایه‌تی ئه‌و هه‌وڵه‌ی نه‌كرد و بێلایه‌نی له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌ڵبژاردن.
ئێسته ئه‌و سیاسه‌ته‌ی چین به ته‌واوی به‌ره‌و گۆڕانكاری هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام ته‌نیا به ئاراسته‌ی كوردستان ئه‌و ویسته‌ی چین گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و ده‌سبه‌رداری سیاسه‌تی كلاسیكی خۆی بووه، په‌كین ئێسته له‌و بڕوایه‌دایه دروستبوونی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودایه، چونكه هاوپه‌یمانێكی به‌هێز و گرنگ له ناو دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست ده‌كات، كه ئارامی و ئاسایشێكی تۆكمه‌ی هه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی تر كه گرووپه‌كانی تیرۆر و ناڕه‌زاییه‌تییه‌كان و گۆڕانكارییه گه‌وره‌كان هه‌میشه مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چین دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌كۆیه‌كی گرنگی چین له ڕووی ئابوورییه‌وه، هاوكات له رووی وزه‌وه‌یش ده‌توانێ زۆرترین سوود به په‌كین بگه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش چینییه‌كان به وردی له‌وه گه‌یشتوون كه كوردستانی سه‌ربه‌خۆ كارتێكی به‌هێز و گرنگ ده‌بێ به ده‌ستی ئه‌وانه كه دژی توركیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا له هه‌موو كات به‌كاری بهێنن، چونكه وه‌ك ڕوونه زۆربه‌ی وڵاتان پشتی كورده‌كانیان به‌ردا له‌وكاته‌ی خه‌ریكی به‌دیهێنانی ئامانجه ڕه‌واكه‌ی خۆیان بوون له گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی.
ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست ببێ و هاوپه‌یمانێك له نێو دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ په‌كین دروست بكات
له ڕاستیدا به‌هێزبوونی چین له كوردستان له ڕووی ئابووریییه‌وه وا ده‌كات كه ئیتر له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه بێته ده‌نگ و له هاوكێشه و ململانێكانی ناوچه‌كه بیهێڵێته‌وه و پشتیوانی بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پشتیوانی چین له سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان به كۆمه‌ڵێك كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چین به‌رده‌وامه له‌و هه‌وڵه‌ی و پێشڕه‌وی بۆ ئامانجه‌كانی ده‌كات.
له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌وروپا و ئوسترالیا پێویسته كه بكه‌ونه ململانێی ئابووری له‌گه‌ڵ چین له نێو هه‌رێمه‌كه، ئه‌و دۆخه‌ی كه به‌هۆی ڕێگرییه‌كانی به‌غدا دروست بووه له پشتیوانی هه‌رێمه‌كه و په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی پێویسته به ته‌واوی په‌راوێز بخرێ و گرنگی زۆرتر به هه‌ولێر بدرێ، له ته‌ك ئه‌وه‌یش دا به‌غدا په‌راوێز نه‌خرێ، به‌ڵكو هاوسه‌نگی بپارێزرێ و یه‌كێك له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه‌ی تر گرنگی زیاتری پێ نه‌درێت، به‌مشێوه‌یه ده‌توانرێ متمانه‌ی هه‌رێمی كوردستان زیاتر به‌ده‌ست بهێننه‌وه، به تایبه‌ت له گه‌شه‌پێدانی سێكته‌ری ئابووری و دارایی كه له هه‌رێمه‌كه كێشه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه و به‌رده‌وامن، به‌مشێوه‌یه ده‌توانرێ به‌ر له‌و سیاسه‌ته‌ی چین بگیرێ و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ندوو له چوارچێوه‌ی عێراق بمێنێته‌وه و هه‌ر دۆست و هاوپه‌یمانی وڵاتانی ڕۆژئاوایش بێت.