"وشە" هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئاشکرا دەکات

:: AM:11:57:29/09/2020 ‌
لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا، بۆ هەر مسقاڵێک زێڕ پێنج هەزار دیناری عێراقی لە نرخەکەی زیادی کردووە، یەکێک لە زێڕەنگرەکانی بازاڕی زێڕەنگرانی هەولێر هۆکارەکانی بۆ "وشە" باس دەکات.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشە ئابوورییەکانی نێوان وڵاتان، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر نرخی زێڕ لە دنیادا ڕووی دا، لە ماوەی هەفتەی ڕابردووشدا حەوت هەزار دینار هاتووەتە سەر نرخی زێڕ، بەپێی ئەو خشتەیەی نرخەکانی زێڕ، دراو و نەوتیش کە "وشە" ڕۆژانە بڵاوی دەکاتەوە، لە 24 سەعاتی ڕابردوودا، نرخی زێڕ بۆ هەر مسقاڵێک پێنج هەزار دینار زیادی کردووە.

پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ لەم دۆخە دەکەین

سەبارەت بەو بابەتە، ئەمڕۆ سێشەم 29ی ئەیلوول، دیار فەرهاد باڵەکی لە زێڕەنگری سەرباز لە هەولێر بە "وشە"ی گوت، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ چەند هۆکارێکی گشتی دەگەڕێتەوە کە کاریگەریی لەسەر ئابووریی دنیا هەبووە.

ئەو زێڕەنگرە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی بەم شێوەیە بۆ "وشە" ڕوون کردەوە:
_ بەردەوامی و گەورەبوونی کێشەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا.

_ حکوومەتی ئیسرائیل بەفەرمی ڕای گەیاند کۆڕۆنا کۆتایی نەهاتووە و کەرەنتین بۆ وڵاتان دەبێت بگەڕێتەوە.

_ بەردەوامی کێشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕووسیا و چین.

_ نرخی زێڕ پێوەستە بە سیاسەتی وڵاتانی زلهێز و جووڵەی بەردەوامی دنیا، کاتێک دۆخەکە  لە ڕووی سیاسی ناهەموار بێت و کەرەنتین بکرێتەوە، ئەوکات نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە، وەک پێشتر بینیمان کە نرخی زێڕ گەیشتە 357 هەزار.

لە کۆتایی قسەکانیدا، دیار فەرهاد باڵەکی گوتی: ئێمە وەک زێڕەنگرانی هەرێمی کوردستان و شارەزا لە فرۆشتن و کڕینی زێڕ، پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ لەم دۆخە دەکەین.


وشە - ڕێناس شابان