"کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق مەترسییەکی گەورەیە"

:: PM:01:17:29/09/2020 ‌

 

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراقی سوننە رای دەگەیەنێت، کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق زیانی زۆر بە عێراق دەگەینێت و پێویستە حەشدی شەعبی خۆی یەکلایی بکاتەوە کە کار بۆ ئەجیندای دەرەکی دەکات یاخود بۆ عێراق.
ناکرێ بۆ ئەوەی ھێزێک کار بۆ بەرژەوەندی وڵاتان دەکات پێوەندی لەگەڵ ئەمەریکا تێکبدەین

ئەمڕۆ سێشەم 29ی ئەیلوول، د. عەلا مەکی سەرکردەی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراقی سوننە بە "وشە"ی راگەیاند، پێویستە حکوومەتی عێراق سەیری بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات و ناکرێت بۆ بەرژوەندی وڵاتانی دەرەکی بەرژوەندی خەڵکی عێراق تێکبدات، چونکە ناکرێت ئەجیندای دەرەکی لە عێراق جێبەجێ بکرێت وەک ئەوەی ئێستا کە ھەندێک ھێز بۆ بەرژوەندی ھەندێک وڵاتی ھەرێمی کار دەکەن وھیچ بەرژەوەندی عێرق لەبەرچاو ناگرن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەمەریکا ھاوکاری زۆری عێراقی کردووە و چەندین رێککەوتنی لەگەڵ عێراق ھەیە و خۆم لە رێککەوتنی پێشووی ئەمەریکا وعێراق بەشدار بووم و ناکرێت ئەمەریکا پشتگوێ بخرێت، بە کشانەوەی بالیۆزخانە وھێزەکانیان زیانی زۆر بەعێراق دەگات.

"ئێمە چەندین بنەمامان ھەیە لەگەڵ ئەمەریکا لەسەری رێککەوتووین کە لە بەرژەوەندی عێراقن و ناکرێ بۆ ئەوەی ھێزێک کار بۆ بەرژەوەندی وڵاتان دەکات ئەو پێوەندییە تێکبدەین، بۆیە دەتوانین لەگەڵ ئەمەریکا بگەینە رێککەوتن و ئەو کێشانەی ھەن چارەسەریان بکەین" د. عەلا وای گوت.

سەرکردەی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراقی دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر حەشدی شەعبی، وەک خۆیان لێدوان دەدەن، ھێزێکی نیشتیمانین پێویستە کردارەکانیشیان بەھەمان شێوە بێت و سیاسەتی عێراق جێبەجێ بکەن نەک ئەجیندای دەرەکی.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم


 



وشە - هیدایه‌ت جان