هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێ لە رێگای بازرگانیی ئاوریشم

:: PM:04:24:29/09/2020 ‌
ماوەیەکە چین پێوەندییە ئابووری، سیاسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پی داوە و بازرگانێکیش پێی وایە گرنگیدانی چین بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لەو رێگا بازرگانییە میژووییەی چین بەتەمایە ئاوەدانی بکاتەوە.

چین لە بواری جیاوازدا لە هەرێمی کوردستان چالاکی هەیە و چالاکییەکانیشی تەنیا بازرگانی نین بەڵکوو لە دابینکردنی دەرمان و هەندێک پێداویستی پزیشکی بە تایبەتی لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە کوردستان یارمەتییەکی باشی پیشکەش کرد.
پێوەندییەکی پتەو لە نێو بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چیندا هەیە

جگە لەمانە پێوەندییەکی پتەو لە نێو بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چیندا هەیە و لەم دواییانەشدا چین مۆڵەتی پڕۆژەیەکی وەرگرتووە کە قەبارەکەی یەک ملیار دۆلارە و شارێکی گەورەی بازرگانی، گەشتیاری و نیشتەجێبوون لە نزیک هەولێر لەسەر رووبەری دوو هەزار دۆنم زەوی دروست دەکات.

لە دیمانەیەکی "وشە" لەگەڵ سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر کە هەفتەی رابردوو ئەنجام درا باس لەوە کرا شارەوانی هەولێر خەریکی تەرخانکردنی ئەو زەوییەیە بۆ ئەوەی چین دەست بە پڕۆژەکەی بکات.
هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر رێگای میژوویی بازرگانی ئاوریشم

فەلاح ئەنوەر بەڕێوەبەری کۆمپانیای هانزۆ و سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیری بازرگانی کوردستانی چینی بۆ "وشە" ئاماژەی دا ئەوەی چین لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی بۆ دەنێت لە زۆرێک وڵاتی تریش هەمان هەنگاوی ناوە و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر رێگای میژوویی بازرگانی ئاوریشم  و چین خوازیارە هەموو ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر رێگاکە وەبەرهێنانیان تێدا ئەنجام بدات.

بەگوتەی ئەو بازرگانە چین لەو وڵاتانەیە کە زیاتر حەزی لە ئاشتی و ئارامییە و زۆرتریش لە رێگای بازرگانییەوە خزاوەتە نێو وڵاتانی تر و هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت لەم دەرفەتە سوود وەربگرێت.

وەک زیاتر خستیەڕوو هەرێمی کوردستان چ لەو رێگایەی بەندەری فاو بە هەولێر گرێ دەدات و چ ئەو رێگایەش کە لە ئێرانەوە دێتە خاکی هەرێمی کوردستان و بازاڕەکان بە بەندەری ئەسکەندەرون دەبەستێتەوە رۆڵێکی گرنگی دەبێت و ئارەزووی چین ئەوەیە لەم رێگایەوە رۆژهەڵات و رۆژئاوای زەوی بە یەکتر گرێ بدات و رەوتی بازرگانی زیاتر پەرە پێ بدات.
هەنگاوێکی سوودبەخشە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بازرگانان و تەنانەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان

لەبارەی رۆڵی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیە ئەو بازرگانە ئاماژەی دا خۆیان بازرگانی نە گەورە و نە بچووکن و زۆریک لە بازرگانانی کوردستانیش لەم دەستەیەن و بەداخەوە کەمتر لە پڕۆژەکان ئاگادار دەکرێنەوە بەڵام هەنگاوەکان هەرچییەک بن و پڕۆژەکە هەر چۆنێک بێ ئەوان پێشوازی لێ دەکەن و بە هەنگاوێکی سوودبەخش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بازرگانان و تەنانەت حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەژماری دەکەن.

رێگای ئاوریشم تا سەدەی 15ی زاینی بۆ ماوەی هەزار و 700 ساڵ گەورەترین  وگرنگترین تۆڕی بازرگانی وشکایی دنیا بووە و رۆژهەڵات و باشووری ئاسیای بە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپا و رۆژئاوا گرێ داوە.
بەشێک لەم رێگایە بە کوردستاندا تێپەڕیوە و زۆرێک دەوڵەت و ئیمپراتۆر بە دریژایی ئەو مێژووە چاویان لە سەر ئەوە بووە رێگاکە لە کۆنترۆڵی ئەواندابێت تا زۆرترین سوودیان پێ بگات.

 یەکەم کەس کە ناوی ئاوریشمی بۆ ئەو رێگا بازرگانییە مێژووییە دەستنیشان کرد جوگرافیناسێکی ئەڵمانی بوو بە ناوی فێردیناند ریختۆفێن و یەکێک لە گرنگترین ئەو کالایانەی لەم ریگایەوە لە رۆژهەلات بۆ رۆژئاوا دەگوازرایەوە ئاوریشم بوو و بۆیەش ئەو نازناوەی پێ بەخشرا.

بەڵکوو فەرهەنگ و ئاین و نەتەوە جیاوازەکانیشی بە یەکتر گرێ دابوو
رێگاکە تەنیا رۆڵی بازرگانی نەبوو بەڵکوو فەرهەنگ و ئاین و نەتەوە جیاوازەکانیشی بە یەکتر گرێ دابوو و ئیسلام و کریستیان و بوزی و هیندۆز لەم رێگایەوە لە یەکتر نزیک کەوتنەوە.

چین بە پڕۆژەیەکی نوێ بەناوی رێی ئاوریشمی نوێ دەیەوێت ئەم رێگایە زیندوو بکاتەوە و ئامانجیەتی دوو لەسەر سیی هەموو دانیشتووانی دنیا لە رێگای تۆرێکی گەورەی بازرگانی وشکایی و دەریایی بە یەکتر گری بدرێن.

چین چەندان تریلیۆن دۆلاری بۆ ئەو پلانەی تەرخان کردووە و زۆرێک لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکیس پیشوازییان لەم پڕۆژەیەی چین کردووە. 



وشە - سلێمان تاشان