یەکێک لە ئەکتەرانی شانۆگەری خەونێك ژیانی گۆڕیم دەڵێ، شانۆکە باس لەم بارودۆخەی ئێستەی كوردستان دەكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و ڕێنوێنییە تەندروستییەکان بە خەڵکی دراون بۆ خۆپارێزی، هاوکات باس لە مەترسییەکانی كۆرۆنا دەکای و ئەوەی خستووەتە ڕوو کە هاووڵاتییان دەبێ خۆپارێزی و كەرەنتینە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەم 29ی ئەیلوول. گیڤارا جەبار ئەکتەری شانۆیی خەونێک ژیانی گۆڕی بۆ ''وشە'' گوتی، لە بەشەكانی تری شانۆگەرییەکە ئەوەمان خستووەتەڕوو کە هاووڵاتیی زۆرجار بەهەڵە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس لەناو خەڵکیدا.
شانۆگەرییەکە ھەردوو لایەنی ''تراجیدیا و كۆمیدیا'' لەخۆ دەگرێت
زیاتر روونی دەکاتەوە، شانۆگەرییەکە ھەردوو لایەنی ''تراجیدیا و كۆمیدیا'' لەخۆ دەگرێت، جگە لەوەی ئامۆژگاریی و باس لە ڕاستی کۆمەڵگەی كوردستان دەكات لەو ڕووەوە کە خێزان پەرتەواز بوون و منداڵەکان لە دایک و باوکیان دووردەکەونەوە و بەیەکەوەژیان نەماوە.
شانۆگەرییەکە لە نووسینی ''گیڤارا جبار'' و لە دەرھێنانی ئاكار بەكرە و ئەحمەد هیوا بەڕێوەبەری شانۆکەیە و لەلایەن کۆژین دڵشادەوە کاری ڕووناکی بۆ کراوە، هەروەها ئەکتەرەکان پێکهاتوون لە، گیڤارا جەبار، ڕێناس ساڵح و تابلۆ ئەسوەد.