بەڕێوەبەری سامانی ماسی: ژمارەی پڕۆژە نایاساییەکانی ماسی لە مۆڵەتپێدراوەکان زیاترە

:: PM:03:55:30/09/2020 ‌
سیروان سەعید بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە چاوپێکەوتنی "وشە" باس لە تایبەتمەندییەکانی کەرتی سامانی ماسی لە کوردستان دەکات و پێی وایە ئەگەر هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2014ەوە تووشی ئەم کۆمەڵە کێشەیە نەببا ئێستە لە سامانی ماسی بە خۆبژیویی گەیشتبوو. ئەو دەڵێ پڕۆژەکانی کوردستان 60%ی پێداویستی ناوخۆ دابین دەکەن هەر چەندە سەرووی نیوەی پڕۆژەکانی ماسی نایاسایین. 

کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر زۆربەی کەرتەکانی بەرهەمهینان لە کوردستان و وڵاتانیش هەبووە ئەم کاریگەرییە بە دیاریکراوی لەسەر کەرتی سامانی ماسی چی بووە؟

کۆرۆنا کاریگەری ئەوتۆی نەبووە کە کار لە بەرهەمی ناوخۆیی بکات ئەگەر بێنە سەر واقیعی دۆخی بەرهەمهینان هەموومان دەزانین کە داخڵکردنی پەنجەماسی بۆ حەوزەکانی بەرهەمهێنانی ماسی لە مانگەکانی دوو و سێی هەموو ساڵێک دەست پی دەکات و هاتنی ئەو نەخۆشییە و کاریگەرییە راستەقینەکە لە مانگی چوارەوە دەستی پێ کرد و بەر لەمە سەرجەم پڕۆژەکان، پەنجەماسی خۆیان داخڵ کردبوو و هیچ کاریگەرییەکی لەم رووەوە نەهینایە کایەوە. بەڵام کاریگەرییە راستەقینەکە بارودۆخی ئابووری وڵاتەکەیە و کاتێک مووچە دوا بکەوێت و داهاتی خەڵک کەم بێ ئەوا بازاڕی ماسیش سست دەبێت و دواجار خاوەن پڕۆژەکە لەوانەیە وەک پێویست نەتوانێت بەرهەمەکەی لە بازاڕ ساغ بکاتەوە و بە نرخێکی زۆر هەرزانتر بیفرۆشێت.

پڕۆژە پێویستی بە چاودێری و گەیاندنی خزمەتگوزاری و کۆمەڵێک ئەرکی تر هەیە  ئایاماوەی کەرەنتینە بەرهەمهێنانی ماسی لە کوردستانی دابەزاند؟ 

بە دڵنیاییەوە کاریگەری هەبوو چونکە ماوەیەکی زۆر هەر دەوام نەبوو ماوەیەکی زۆر دەرچوون بۆ دەرەوەی پارێزگای هەولێر هەر نەبوو تا وەک پێویست چاودێرییان بکەن جگە لەمە نەبوونی بودجەی پیویست لە ناو فەرمانگەکان بۆ خەرجییەکانی هاتوچۆی ناوەوە و دەرەوەی شار هەمووی کاریگەرییان هەبووە و لەوانەیە وەک پێویست نەمانتوانیبێت چاودێری بکەین وبە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم پڕۆژەکان  و چارەسەرکردنیان رابگەین. ساڵانە بەردەوام پێوەندیمان لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان هەبووە لە رووی هاوکاری و را گۆڕینەوە و پرسی بەرهەمهێنان کۆمەلێک ئەرکی تر هاتوچۆمان لەسەر پڕۆژەکان هەبووە بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ بە تەواوی دابڕاین.

هەر لە ماوەی رابردوو 10 پڕۆژە مۆڵەتەکانیان لێ وەرگیرایەوە
توانای بەرهەمهێنانی ماسی لە کوردستان چەندە؟

ئەوەی مۆڵەتدارە زانیاریمان لەسەری هەیە  و ژمارەکەی لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە دایە و هەندیک جار پڕۆژە هەیە مۆڵەتیشی وەرگرتووە بەڵام لێی وەردەگیرێتەوە. هەر لە ماوەی رابردوو 10 پڕۆژە مۆڵەتەکانیان لێ وەرگیرایەوە و گرێبەستی زەوییەکەیان هەڵوەشێنرایەوە چونکە هیچ چالاکییەکیان نەبوو. بەڵام بەگشتی زیادبوونی پڕۆژەکان زۆرترە لەوەی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست کەم ببنەوە. ئاستی بەرهەمهێنان رووی لە زیادبوون بووە چونکە تەکنیکی نوێ بۆ بەرهەمهێنان بەکار دێت بۆ نموونە پڕۆژەیەکی حەوزی خۆڵی ماسی پێشتر تەنیا هەزار پەنجە ماسی داخل دەکران بەڵام ئێستە بۆ دوو هێندە بەرز کراوەتەوە و هۆکارەکەش بۆ بەکارهێنانی ئامێری بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لە پڕۆژەکان دەگەڕێتەوە. ئامێرەکە جووڵە بە ئاوەکە دەکات و دەبێتە هۆی زیادکردنی ئۆکسجین.

ژمارەی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکان چەندە؟

396 پڕۆژەی مۆڵەتپێدراومان هەیە.

ئەوانە چ بڕێک ماسی بەرهەم دەهێنن؟

توانای بەرهەمهێنانیان سەرووی چوار هەزار تۆنە لە ساڵێکدا. ئەوە هیی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکانە و نازانین ئەوەی لە پڕۆژە بێ مۆڵەتەکان بەرهەم دەهێنرێت چەندە. هەیە بێ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ خۆی پڕۆژەیەک دروست دەکات.

وەک خەمڵاندن ژمارەی ئەو پڕۆژە بێ مۆڵەتانە لە کوردستان چەندە؟

لە ژمارەی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکان زۆر زیاترە.
بەپێی رێنماییەکان دەبێ 200 مەتر بێ بەڵام لەو پڕۆژانەی تەقتەق کە خۆم بینیومە چوار تا پێنج مەتریان بەینە

مادام رێوشوینێکی یاسایی هەیە بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان بۆچی خەڵکێک بە بی مۆڵەت ئەم کارە دەکات و لەوانەیە بە رێوشوێنێکی تەندروست ماسییەکە بەرهەم نەهێنێت، کێ لەم دۆخە بەرپرسیارە ؟

ئەو مۆڵەتانەی دەدرێت بە پێی کۆمەڵێک رێوشوێن و رێنماییە کە لەراستیدا بۆ قازانجی خاوەن پڕۆژە یان وەبەرهینەرەکە خۆیەتی. بۆ نموونە دووری پڕۆژەکان بەپێی رێنماییەکان دەبێ 200 مەتر بێ بەڵام لەو پڕۆژانەی تەقتەق کە خۆم بینیومە چوار تا پێنج مەتریان بەینە کە تەنیا پڕۆژەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە و لە کاتی لافاوێک یان هەر رووداوێکی سروشتی یان بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشییەک ئەوانەی لە یەکتر نزیکن نەخۆشییەکانیان بۆ یەکتر دەگوازرێتەوە.

مەگەر ئەو پڕۆژە بێ مۆڵەتانە لەسەر موڵکی گشتی نین؟

بەڵێ موڵکی گشتین ئەو شوێنانە کە پڕۆژەکانیان لێ کراوە بەشێکن لە سنووری رووبارەکە و کاتێک ئاو بەرز دەبێتەوە ئەو پڕۆژانە زیانیان پێ دەگات و دواجار زیانەکە هەر بۆ ئەم خاوەن پڕۆژانەیە. هەرچەوندە خاوەن پڕۆژەکان رێنماییەکانی ئێمە بە بارگرانی دەزانن بەڵام هەمووی لە سوودی ئەوانە. ئێستە دۆخەکە لە رووی ئابوورییەوە خراپەن ئەگەرنا جاران هەر پڕۆژەیەک تووشی کارەساتێکی سروشتی ببوایە ئەوا قەرەبوو دەکرایەوە بە مەرجێک پڕۆژەکەی مۆڵەتپێدراو با ئەگەر پڕۆژەیەکی رێگاوبان بە شوێنێکدا بروات کە پڕۆژەیەکی مۆڵەتپێدراوی ماسی لێ هەڵکەوتووە ئەوا قەرەبوو دەکرێتەوە، لە تۆپبارانکردنی ئێران و تورکیا لە ناوچە سنوورەییەکان پڕۆژە هەبووە زیانی بەرکەوتووە و لەبەر ئەوەی مۆڵەتپێدراو بووە قەرەبوو کراوەتەوە بەڵام ئەگەر بێ مۆڵەت بی ئەوا لەهیج زیانێکیشیان بەرپرسیار نین.
بە پێچەوانەی پاڵاوگە نایاساییەکان کە خەڵکی دەستڕۆیشتوویان لە پشتە ئەمانە هی خەڵکی کەمدەرامەتن.

راستە بێ مۆڵەتن بەڵام هیچ چاودێرییەک لەسەریان هەیە تا بەرهەمەکانیان گونجاو بێت هەر وەک چۆن حکوومەت چاودێری پڕۆژە پاڵاوگە نایاساییەکانیشی لە رابردوودا دەکرد؟

ئێمە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە پێوەندیمان هەیە بۆ نموونە برادەریکی ئەکتیڤمان هەیە لە تەقتەق رووپێوی بەردەوام بۆ پڕۆژەکان دەکات و رێنماییان پێ دەدات، بەڵام بیریشمان نەچێت بە پێچەوانەی پڕۆژەی پاڵاوگە نایاساییەکان کە خەڵکی دەستڕۆیشتوویان لە پشتە ئەمانە هی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتن. کێشەیەکی تر ئەوەیە یاسا وەک پێویست لە کوردستان جێبەجێ ناکرێت بۆ نموونە بە پێی یاسا نابێ هیچ پڕۆژەیەکی بێ مۆڵەت کار بکات و تەنانەت دەبێ لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێ و سزاش بدرێ بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری وەک رەچاوکردنی باری ژیانی خەڵک و دۆخی تایبەتیی وڵات ئەم سزادانانە نییە.

گوتت ژمارەی پڕۆژە بێمۆڵەتەکان زیاترە لەوانەی مۆڵەتیان هەیە، ئایا لە بەرهەمهێنانیشدا ئەوانە زیاتر لە پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکان بەرهەمیان هەیە؟

بە دڵنیاییەوە بەرهەمیان زۆرترە، چونکە ژمارەیان دیار نییە و بۆیەش بە وردی توانای بەرهەمهێنانیشیان دیار نییە.

جگە لە پڕۆژەی مۆڵەت و بی مۆڵەت راوکردنی ماسی تا چەندە یارمەتیدەر بووە لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کوردستان بە ماسی؟

ئێمە سێ سەرچاوەی سەرەکی راوکردنمان هەیە کە کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە، بەدەرەجە یەک دوکان، دواتر بەنداوی مووسڵ و دەربەندیخان. هەندێک بەنداوی بچووکی وەک باوەشاسوار و دێگەڵەش هەن بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕ بەرچاو بێت بەرهەمی باشیان هەیە و بازاڕیشیان خۆشە و هەندێک خەڵک حەز بە خواردنی ماسی سروشتی دەکەن کە تامی خۆشترە و ئەو بەشە لە پێداویستی بازاڕی پڕ کردووەتەوە.

ئاشکرایە هەموو کەسیک بۆی هەیە لەو شوێنە گشتییانە راوەماسی بکات بەڵام پرسیار ئەوەیە هیچ کەسێک ئەم جۆرە بەرهەمهێنانەی قۆرخ نەکردووە و بڵێ لەو بەشەی دەریاچە تەنیا من ماسی دەگرم و رێگە بە خەڵکی تر نەدات راو بکات؟ 

قۆرخ نەکراوە بەڵام هەندێک حاڵەت کە لە میدیاکانیش باس کراوە بەم شێوەیەیە ئەو شوێنەی رووبارەکە بەتەنیشتیدا تێپەڕیوە و بووەتە مڵکی رووبار پێشتر هی خەڵکی تر بووە و قەرەبووش کراونەتەوە بەڵام ئێمەش بیستوومانە ئەو زەویانە بە راوچییەکان دەفرۆشرێت بەڵام بە گشتی بەنداوەکان هەموو کەسێک بۆی هەیە سوود لە ماسییەکانی وەربگرێت و لە وەرزی یاسایی راوکردنی ماسی راو بکات.
بە گشتی 60%ی پێداویستی ناوخۆ دابین دەکەن

کۆی بەرهەمی کوردستان بە مۆڵەت و بێ  مۆڵەت و ماسی بەنداوەکان چ رێژەیەک لە پێداویستی ناوخۆ دابین دەکرێت؟

بە گشتی 60%ی پێداویستی ناوخۆ دابین دەکەن و 40%ەکەی تر لە دەرەوە بە تایبەتی لە ئێرانەوە دابین دەکرێت.

پلانی ئێوە چییە بۆ خۆبژێویی و پڕکردنەوەی 40%ەکەی تر بە بەرهەمی ناوخۆ؟

ئێمە چ وەک حکوومەت و چ وەک وەزارەتی کشتوکال لە ساڵی ئاسایی کە هیچ کێشە و قەیرانێک نەبووە ئالیکمان بۆ پڕۆژەکان بە نیوەی نرخ دابین کردووە، پەنجەماسیمان بە نرخێکی رەمزی بە خاوەن پڕۆژەکان داوە، ئامێری دروستکردنی ئۆکسجینمان دابەش کردووە و ساڵانە یارمەتیمان داون و یارمەتییەکی تر کە زۆر گرنگە ئەوەیە لەگەل پڕۆژەکان و بازاڕ و لە کاتی دابەزینی نرخی ماسی هەوڵمان داوە هاوردە کردن راگیرێت یان بە رێژەیەکی کەم هاوردە بکریت بۆ ئەوەی رەکابەری بەرهەمی ناوخۆیی نەکرێت و ئاشکرایە تمەن زۆر دابەزیوە و ماسی خۆماڵی لە نرخدا ناتوانێت رەکابەرێی ماسی ئێرانی بکات. هەر ئێستە نووسراوێکم بەردەستە بۆ ئەوەی رێژەی ماسی داواکراوی پارێزگاکان 75% کەم بکەینەوە تا نرخی گۆشتی ماسی زۆر دانەبەزێت و خاوەن پڕۆژەکان زەرەرمەند نەبن.
هیچ بڕیارێک 100% جێبەجێ ناکرێت

داواکارییەکانی ئێوە تا چەندە جێبەجێ دەکرێن؟

هیچ بڕیارێک 100% جێبەجێ ناکرێت نەک لە سنوورەکان تەنانەت لە ناوخۆش بەڵام تارادەیەک باشە و بڕیارەکان جێبەجێ کراون.

هەندێک پڕۆژە دەستیان پێ کردبوو زۆر گەورە بوون و بەهۆیانەوە کوردستان بە خۆبژێویی دەگەیشت چییان بەسەر هات؟

ئەو پڕۆژەیەی باست کرد بەرهەمهینانی جۆری ماسی تیلابیای پێ دەگوترێت لە پارێزگای هەولێرە کە بڕیار بوو ساڵانە سێ هەزار تۆن ماسی بەرهەم بهێنێت، سەرەتا سێ لایەن تیایدا بەشدار بوون یەکەم کۆمپانیایەکی نەرویجی کە ئەرکی دروستکردنی پڕۆژەکە بوو، کۆمپانیایەکی تر کە هەر نەرویجی بوو ئەرکی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی و دابینکردنی ئالیک و بەرهەمهێنان  و ئیدارەی پڕۆژەکان بوو و لە ناوخۆش چەند کەسێک زەوییەکەیان دابین کردبوو و لە ئیدارەکردنی پڕۆژەکە بەشدار بوون. کە هاتن سێمیناریان کرد و لێک تێگەیشتن لە نێوانمان هەبوو بەڵام دوای 2014 کە داعش سەری هەڵدا و ئە٤و دۆخە نالەبارە هاتە کایەوە دوو شەریکەکە چوار حەوزیان دروست کرد و لە پڕۆژەکە کشانەوە بەڵام ئەوانەی کوردستان توانیان پەرە بە بەرهەمهێنان بدەن و تەنانەت ئێستە بەرهەمیشیان لە بازاڕە بەڵام نەک بەو توانایەی یەکەم جار خرابووە روو. پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەکە زۆر گەورە بوو و دەیانویست ببن بە پڕۆژەی دایک و تەنانەت بەرهەم هەناردەی وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەراست بکەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

لەو پڕۆژانەی پێشکەشتان کراوە هیچ پڕۆژەی گەورە هەیە شایانی باس بێت لە داهاتوودا مۆڵەتی پێ بدەن؟

لە پڕۆژەی تیلابێلا گەورەترمان پیشکەش نەکراوە  و ئەوەی پێشکەش دەکرێن زیاتر پڕۆژەی بچووک و تاکە کەسین.
ماسی لە کوردستان بە چوار شێواز بەخێو دەکرێت

لە بەرهەمهێنانی ماسی لە دنیا تەکنیکی نوێ بەکار دێت و کار بۆ ئەوە دەکرێ کوالێتی بەرز بکرێتەوە لە کوردستان دۆخەکە چۆنە؟

ماسی لە کوردستان بە چوار شێواز بەخێو دەکرێت، یەکەمیان شێوە کۆنەکەیە کە حەوزی خۆڵی پێ دەگوترێت، هەر چەندە ئەویش گۆڕانکاری تێدا کراوە بەسوود وەرگرتن لە ئامێری ئۆکسجین بەرهەمهینانی بەرز کراوەتەوە، دووەم شێواز لە ناوەراست و باشووری عێراق بۆ کوردستان گواسترایەوە کە حەوزی قەفەسی پی دەگوترێت  و لە بەنداوەکان دادەنرێت و توانای بەرهەمهێنانی زۆرە. حەوزی کۆنکریت هەیە کە بۆ ماسی جۆری سەلەموونە و پشت بە ئاوی سارد دەبەستریت و تەنیا لە ناوچە سنوورییەکان ئەم جۆرە پڕۆژانە دەکرێن و بەرهەمی زۆر باشە، لەوەش پیشکەوتووتر حەوزی داخراو هەیە کە لە ناو هۆڵێکی داخراودا بەهۆی کۆنترۆڵی پلەی گەرمی ئاو و دەورووبەری دەتوانن لە هەر چوار وەرزی ساڵ ماسی بەرهەم بهینن.

کوالێتی و جۆری ماسییەکان چۆنن؟

لە کوردستان دوو جۆر ماسی بەرهەم دەهێنرێت  و خەڵکیش حەز بە خواردنی دەکەن و لەگەڵ کەشوهەوای کوردستانیش دەگونجێن یەکەمیان ماسی کاربە لە جۆری کۆمۆن کارب  ودووەمیش ماسی سەلەموونە کە لە رووی خۆراکەوە زۆر دەوڵەمەندترە لە جۆری یەکەم.

سامانی ماسی لە کوردستان چەند هەلی کاری دابین کردووە؟

ئەگەر بە سادە باسی بکەین نزیکەی 400  پرۆژە هەیە کە لانی کەم خێزانێک بەڕێوەی دەبات پڕۆژەی بەرهەمهینانی پەنجە ماسی  و کارگەی ئالیک خەڵکێک ئیشی تێدا دەکەن و خەڵکیکی زۆر لەم کەرتە سودمەندە سەرەڕای راوکردن کە بە پێی زانیارییەکان سەرووی هەزار خێزان خەریکی راوکردنی ماسین.

هەر شتێک بەرهەم بهێنرێت دەکرێ بە پیشەسازیش بکرێ بۆ نموونە مارکێتەکان پڕن لە ماسی قوتوو و ماسی بەستووی دەرەکی، لەم رووەوە تا چەندە هەنگاو بۆ پیشەسازیکردنی ماسی نراوە؟

ئەمە کاتێک دەکرێ بەرهەمی ناوخۆ سەرووی پێداویستی بازاڕ بێ هێشتا نەگەیشتووینەتە خۆبژێویی بۆ ئەوەی بەرهەمە زیادەکە بە پیشەسازی بکەین جگە لەمە ماسی قوتوو جۆرێکی تایبەتە کە بە توونە ناسراوە خەڵکێکی زۆر حەز بە خواردنی دەکەن بەڵام ماسی جۆری تر ئەو کەڵکەی نییە هەر چەندە دەکرێ ئەمانەش بە پیشەسازی بکرین و وەک بەستوو و شێوەی جیاواز بخرێنە ڕوو.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەو هەولێرە تەنیا دوو دووکانی ماسی فرۆشتن لە جادەی تەیراوە هەبوو

هیچ پلانێکی ستراتیژیی هەیە بۆ سامانی ماسی لە رووی بەکارهێنان و پەرەپێدان و دروستکردنی هاوسەنگی خستنەڕوو و داخوازی بۆ ئەو بەرهەمە؟

بەکاربردنی ماسی لە کوردستان زۆر بووە و ساڵ بەساڵ زیاد دەکات نموونەیەکت بۆ دێنمەوە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەو هەولێرە تەنیا دوو دووکانی ماسی فرۆشتن لە جادەی تەیراوەی هەولێر هەبوو بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری تەندروستی هاووڵاتیان و تێکەڵاوی خەڵک لەگەڵ خەڵکی تر وایکردووە کولتوری خواردن زیاتر پەرە بستێنیت کە دوو قازانجی هەبووە لە لایەک بۆ تەندروستی باش بووە و لە لایەکی تر هەلی کار بۆ هەزاران خێزان هاتووەتە کایەوە.

راوچییەکانی ماسی زۆر جار لە رێگا نایاساییەکان سوود وەردەگرن چیتان کردووە بۆ پاراستنی ئەم سامانە؟

ئێمە وەک لایەنێکی هونەری تەداخولی ئەو مەوزووعە ناکەین بڕیارەکانی خۆمان لە چوارچێوەی یاسا دەردەکەین بەڵام جێبەجێکردنیان لە ئەستۆی لایەنی ترە، هەر وەک چەند رۆژی رابردوو کە کۆمەڵێک جووتیار چووبوونە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر هاوردەکردنی پەتاتە و نابێ خەڵک وا تێ بگات وەزارەتی کشتوکاڵ خاوەن قەرارە . ساڵانە لە کاتی زاوزێ بڕیار دەردەکەین راوی ماسی قەدەخە بکرێ بڕیارەکە دەدەینە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەش بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن. دواتریش دیسان رێنمایی دەردەکەین بە چ شێووەیەک راو بکرێت.

چ کاتێکی ساڵ راو قەدەخە دەکرێت؟

بە پێی پلەی گەرمییە و بەگشتی لە ناوەندی مانگی سێ تاکوو ناوەندی مانگی شەش هەفتەیەک زووتر یان درەنگتر قەدەخە دەکرێ و بەستراوەتەوە بە پلەکانی گەرمی.
نابێ بە هیچ شێوازێکی کۆمەڵکوژی ماسی راو بکرێت

نۆ مانگەکەی تر خەڵک بۆی هەیە راو بکات؟

لە دوای ئەم سێ مانگە رێنماییمان داوە نابێ بە هیچ شێوازێکی  کۆمەڵکوژی ماسی راو بکرێت، وەک بەکارهێنانی کارەبا، ژەهر، تەقەمەنی و تەنانەت بەکارهێنانی تۆڕی کون وردیش نابێ بەکار بێت چونکە ماسی بچووکیش لەناو دەبات و زیانی بۆ سامانی ماسی هەیە. رینماییمان داوە بە لایەنی پێوەندیدار بەڵام ئەوانیش تارادەیەک جێبەجێیان کردووە و هەموو ساڵێک لە بەنداوی دوکان و دەربەندیخان چەندین راوچی بە کەرەستەکانیانەوە دەگیرین و سزا دەدرێن.

چۆن لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکان بەردەوام دەبن و یارمەتییان دەدەن؟

یارمەتی ئێمە بۆ پڕۆژەکان گرێ دراوە بە باری ئابووری کوردستان و هەموو ساڵێک پلانی خۆمان پێشکەش دەکەین هەر چەندە خۆمان پەنجە ماسیمان دابین کردووە و تەنیا ئەوەی سلێمانی لەبەر تەرخان نەکردنی بودجەی پێویست پەکی کەوتووە  و ئەوەی هەولێر بە هەندێک عیلاقاتی شەخسی توانرا هەندیک ئیشیان بۆ بکرێت و رێگری لە داخرانیان بکرێت. ئەگەر ئەوەی سلێمانی کاری کردبا و ئەوەی گەرمیانیش کە لە کۆتایی جێبەجێکردندا بوو، بەگەڕ خرابا دەمانتوانی پەنجەماسی زیاتر بخەینە بەنداوەکانەوە و دابەشی پڕۆژەکانی بکەین.



وشە - سلێمان تاشان