20 ملیارەکەی حکوومەت جێبەجێکردنی پڕۆژەی جووتسایدی کەلار-سلێمانی خێراتر دەکات

:: PM:04:18:30/09/2020 ‌
پاش تەرخانكردنی بڕی 20 ملیار دینار لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەی جووت سایدی كەلار بۆ سلێمانی، بەرێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان دەڵێ تەرخانكردنی ئەو پارەیە یارمەتییەکی زۆر بە پڕۆژەکە دەکات و رووداوی هاتوچۆ کەم دەکاتەوە.

عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، تەرخانكردنی بڕی 20 ملیار دینار لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە زیاتر لە 50% هەنگاوەكانی پڕۆژەی جووت سایدكردنی رێگەی كەلار-سلێمانی خێراتر دەبێ.

ئەو داوای کرد لە داهاتوودا پارەی تر  بۆ پڕۆژەكە دابین بكرێ بۆ ئەوەی هەر چی زووە کۆتایی پێ بهێنرێت و کێشەی هاتوچۆ لەم سنوورە کەم ببێتەوە.
بەشێوەیەكی یەكسان و بێ جیاكاری پرۆژە بۆ هەموو ناوچەكان تەرخان دەكرێت.
 
جەوهەر محەمەد كە شوفێرێكی رێگەی كەلار-سلێمانییە بۆ "وشە" ئاماژەی دا ئەو هەنگاوەی سەرۆكی حكوومەت بەو  واتایە دێت بەشێوەیەكی یەكسان و بێ جیاكاری پرۆژە بۆ هەموو ناوچەكان تەرخان دەكرێت.
 
لە لایەکی ترەوە كارزان مەجید، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند ساڵانە نزیكەی 200بۆ 300 هاووڵاتی لەرێگەی  نێوان گەرمیان و سلێمانی دەبنە قوربانی ، یەكێك لەهۆکارەكانی رووداوەكانی هاتوچۆ جووت سایدی رێگاوبانەكانە ، بۆیە بە تەواوكردنی بەجووت سایدكردنی رێگاوبانەكان  قوربانییانی رێگەی هاتوچۆ كەم دەبنەوە.
 
 دوینێ سێشەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا 20 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی جووت سایدی كەلار-سلێمانی تەرخان بكرێ كە لە ئێستەدا 37%ی كارەكانی تەواو كراون.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - سلێمان تاشان