عێراق لە لێواری رووخان و شەڕی ناوخۆیيە

:: PM:04:26:30/09/2020 ‌
باڵوێز و نوێنەری 26 وڵات لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و ئاماژەی مەترسیداریان بە عێراق داوە و رایان گەیاندوە، ئەو هێرشانە بەتەنیا بۆ ئێمە مەترسی نییە، بەڵكو بۆ عێراقییەكانیشە. چاودێرانیش زەنگی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق لێدەدەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 30ی ئەیلوول، 26 باڵوێز و نوێنەری وڵاتان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، دواتر راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردوە و تیایدا پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق دووپات كردەوە، بەڵام نیگەرانن لە بەردەوامی هێرشەكان بۆ سەر نوێنەرایەتییەكان، بەتایبەت مووشەكبارانکردن و دانانەوەی بۆمبی چێندراو و دەڵێن، ئەو كارە بەتەنیا بۆ ئەوان مەترسی نییە، بەڵكو بۆ عێراقییەكانیش مەترسی دروست کردووە.

بەهێزترینی ئەو گرووپانە ئەسائیبی ئەهلی حەق، نوجەبا، حزبوڵلای عێراق....هتد

گروپە چەكدارەكانی عێراق بەو شێوەی ئێستە جمووجۆڵ دەكەن، گەوەرترین مەترسییان لەسەر عێراق دروست كردووە، لەبەر ئەوەی دوا كاتیوشا کەئاراستەی نزیك باڵوێزخانەی ئەمەریكا كرا بەر ماڵێك كەوت و كوژران و برینداربوونی خێزانێکی عێراقی لێ کەوتەوە.

مستەفا كازمی دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رای گەیاند، هێرشە مووشەكییەكان بەردەوامییان هەیە، پێنج ژن و منداڵ كوژراون، كار گەیشتووەتە ئەوەی وڵاتان نوێنەرایەتی و باڵوێزخانەکانیان دابخەن، لە پێش هەموویانەوە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، هەروەها باڵوێزخانەی یەكێتی ئەوروپا گفتوگۆیان لەسەر داخستنی باڵوێزخانەکەیان كردوە.

كازمی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، گرووپە چەكدارەكان هەڵگیرسێنەری جەنگن لە عێراق و دەڵێ، هەندێك پێیان وایە جەنگ و ئاشتی لە عێراق لە دەستی ئەوانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست میدیاکان كەوتووە، هێرشەكان لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجام دەدرێن كە سەر بە ئێرانن، ئەوانەی پێڕەوی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن 44 گرووپن لە ناو دەستەی حەشدی شەعبی، بەهێزترینی ئەو گرووپانە  ئەسائیبی ئەهلی حەق، نوجەبا، حزبوڵلای عێراق....هتد، گەوترەترین مەترسین لەسەر عێراق.

كرمانج عوسمان، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو گرووپانە لە دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری عێراق نین، عێراق ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك كۆنتڕۆڵیان بكات، لەبەر ئەوەی پاڵپشتی لە ئێران وەردەگرن و بەپێی بەرنامەی ئێران كار دەكەن.

روونی دەكاتەوە، ئەمەریكا چەندان جار ئاگەداری عێراقییەكانی كردووە، دەبێ  ئەوە ڕابگیرێت، بۆیە ئەو بڕیارەی دا كە بینیمان، هەروەها دەكرێ لە داهاتوو ئەو گروپانە  كێشە بۆ كازمی دروست بكەن.

- هێرشی گروپەكان بۆچی زیادی كردوە؟

ئەو گروپانە لەو كاتەی مستەفا كازمی بووەتە سەرۆك وەزیران، دۆخیان بەتەواوی تێكچووە، لەبەر ئەوەی كازمی سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات و ئەو چەكانەی لە خاڵەسنوورییەكانەوە بۆیان دەهات، كۆنتڕۆڵ كردوە، بۆیە لە ماوەی دەسەڵاتی كازمی هێرشەكان بۆسەر نوێنەرایەتی  و هاووڵاتییە بیانییەكانی ناو عێراق زیادی كردوە.

- كەی ئەو هێرشانە كۆتاییان دێت؟

خالید دەبونی، ئەندامی دەستەی بەرەی سیاسی رزگاری و گەشەپێدان لە عێراق بۆ "وشە" روونی کردەوە، هەركات فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان توانی كۆنتڕۆڵی ئەو گرووپانە بكات و چەك لە دەستی دەوڵەت بێت، لەوانەیە کۆتایی بە هێرشەکان بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی چەك لە دەستی ئەو گرووپانەیە، مەرج نییە ئەو هێرشانە تەنیا بۆسەر دیپلۆماتکاران بێت، رەنگە ئامانجەكە كۆمپانیا نەوتییەكان و كۆمەڵێك شتی تر بگرێتەوە.

- مەترسییەكانی سەر عێراق چین؟

دەبونی دەڵێ، بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە لە داهاتوودا عێراق دەڕوخێنت، هەروەها ئەگەرێكی زۆركراوە و نزیكە عێراق بەرەو جەنگی ناوخۆیی و ململانێی سەخت ببات، هەروەها هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێن، حكوومەت ناتوانێ بەسەر ئەو گروپانە زاڵ بێت و گەندەڵیش لەناو ببات، ئەمەیش كەوتن و داڕمانی عێراقی لێ دەكەوێتەوە.

سەركردە شیعەكان چی دەڵێن؟

موقتەدا سەدر لەبارەی ئەو گرژیانەی لە عێراق سەریان هەڵداوەتەوە دەڵێ، ئامۆژگاری هەموان دەكەم بگەڕێنەوە بۆ بنەمای عەقل و خۆشەویستی نیشتمان، پێش ئەوەی وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی شیعە و شیعە بچێت.

هاوکات، عەمار حەكیم رای گەیاندووە، هێرشەكانی چەند رۆژی رابردوو پلانی وێرانگردنی عێراقە، راكێشانی هێزەكانە بۆناو ململانێی ناوخۆیی هێزە چەکدارەکان.

تا ئێستە سیستانی لەبارەی ئەو هێرشانەی دوایی میلیشیاکان بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لە ناوچەی سەوزی بەغدا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی نەبووە، بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە نوێنەری عەلی خامنەیی بە توندی هێرشی کردە سەر سیستانی لەبەر ئەوەی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو چاودێری هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی عێراق بکەن.



وشە - زریان تەها