هاوكار حهمهدهمین شارەزای میکانیکی ئاشکرای کرد کە ''Engine Oil Control Valve'' یان دیجیتاڵ بریتیە لە وەلفێکی کارەبایی کۆنترۆڵ کراو بە ئەقڵ لەناو سیستەمی ''VVT'' کە سیستەمێکە بۆ پێش و پاش خستنی کاتی کرانەوە و داخستنی وەلفەکانی ژووری سووتانە کار دەکات لەناو بزوێنەری ئۆتۆمبێلدا.
هاوكار حهمهدهمین پسپۆڕ و ئهندازیاری میكانیكی ئۆتۆمبێل بۆ ''وشه'' ئاشكرای كرد، ئەم وەلفە کارەباییە بە زمانی بازار ناسراوە بە دیجیتاڵ کە ئەرکی سەرەکی بریتیە لە کردنەوە و داخستنی ڕێڕەوی چوونی ڕۆنی بزوێنەر بۆ ناو ''کام شەفت'' ئەمەیش بۆ مەبەستی گۆڕینی گۆشەی کام شەفت و پاشان گۆڕینی کاتی کرانەوە و داخستنی وەلفەکان بەگوێرەی پێویست.
زیاتر گوتی، دیاری کردنی بڕی ناردنی ڕۆن بۆ کام شەفت بەگوێرەی فەرمانی ئەقڵ دەبێت، کە ئەویش پشت بە خێرایی ئۆتۆمبێل و سیگناڵی هەستیاریی کام شەفت دەبەستێت کە بەردەوام زانیاری لەسەر شوێن و گۆشەی کام شەفت بۆ ئەقڵ دەنێرێت. بەشێوەیەکی گشتی دیجیتاڵ دەکەوێتە بەشی سەرەوەی بزوێنەر و لەسەر لاتەنیشەکانی کەوەر دادەنرێت، ژمارەشی دەکرێ یەک دانە بۆ چوار دانە بێت بەگوێرەی بزوێنەر.
ئەو شارەزایە چەندان سوودی سیستمەی VVT دەخاتەڕوو کە گرنگی هەیە لەناو دیجیتاڵی بزوێنەر
ئەوەیشی خستەڕوو، سیستەمی VVT لە زۆرینەی ئۆتۆمبێلەکانی ئێستەدا بەکاردێت کە چەند سوودێکی گرنگی هەیە وەک:
بەرز کردنەوەی ئاستی توانای بزوێنەر لە خێرایی زۆر، کەمکردنەوەی خەرجکردنی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی دەرپەڕینی گازی زیانبەخش.
ئەو شارەزایە ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە چەند نیشانەیەک هەن کە دەریدەخەن دیجیتاڵ خراپ بووە سەرەکیترینیان ئەمانەن:
کەم بوونەوەی کێشی ئۆتۆمبێل، زیاتر بەفیڕۆدانی سووتەمەنی، ناجێگیری ئۆتۆمبێل لە حاڵەتی وەستان و یاری کردنی سلۆری، هەبوونی دەنگێكی نامۆ لە بزوێنەر و هەڵبوونی گڵۆپی بزوێنەر لەسەر داشبۆرد.
ئاشکراشی کرد، کە هۆکاری سەرەکی بۆ خراپ بوونی دیجیتاڵ بریتیە لە بەکارهێنانی ڕۆنی کوالێتی نزم و خراپ و درەنگ خستنی کاتی ڕۆن گۆڕین.