ڕۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه بڵاوی كرده‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بێده‌نگ نابێ له به‌رانبه‌ر هێرشی میلیشیاكان بۆ سه‌ر باڵوێزخانه و بنكه‌كانی هاوپه‌یمانان و كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی هاوپه‌یمانان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ و ئه‌گه‌ری زۆر به‌ر له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا گورزێكی یه‌كجار گه‌وره و كاریگه‌ر له میلیشیاكانی ئێران له عێراق بوه‌شێنێت و به چڕی سه‌رجه‌م بنكه و باره‌گه‌كانیان بۆردمان بكات.
ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا زانیاری وردی پێگه‌یشتووه كه ئێران له ڕێی میلیشیاكانییه‌وه ده‌یه‌وێ هێرشێكی گه‌وره و فره‌وان بكاته سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و به ته‌واوی داگیری بكات، به‌مه‌یش ئابڕووی تره‌مپ و حكوومه‌ته‌كه‌ی له ئه‌مه‌ریكا ببات و چانسی بوونه‌وه‌ی تره‌مپ به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به ته‌واوی له ناو ببات، به‌هه‌مان سیناریۆی هیله‌ری كلینتن، كه له ئه‌نجامی بێباكی به‌رانبه‌ر به كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌نغازی لیبیا شكستی هێنا له سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تره‌مپ، ئێسته‌یش تره‌مپ به‌هۆی شكستی له پاراستنی بالوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا تووشی شكستێكی گه‌وره بكات له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و چانسی بوونی بایدن به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به ته‌واوی به‌هێز بكات.
سه‌ره‌تا له ڕێی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانی ئاگه‌داركردووه‌ته‌وه كه بۆردمانیان ده‌كات
به‌رپرسێكی باڵای عێراق له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه مسته‌فا كازمی نیگه‌رانی له‌باره‌ی داخستنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا داوه و دڵنیایی و به‌ڵێنی زۆری به ئه‌مه‌ریكییه‌كان داوه، به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سووره له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی باڵوێزخانه‌كه چۆڵ ده‌كه‌ن و به ته‌واوی دایده‌خه‌ن، ڕه‌نگه ئه‌مه‌یش تا دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامی هه‌بێت، تره‌مپ ئاماده نییه به هیچ شێوه‌یه‌ك پاشه‌كشه له بڕیاره‌كه‌ی بكات، چونكه ئه‌مه پێوه‌سته به بوونه‌وه‌ی به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بواری بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بڕیاره‌كه نه‌هێشتووه‌ته‌وه.
به‌رپرسه‌كه ئاماژه‌ی داوه، كه ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له ڕێی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه له به‌رپرسه سیاسیییه‌كانی عێراق كه نزیكن له ئێرانه‌وه و ده‌ستیان له هێرشه‌كان هه‌یه داوه، به‌رهه‌م ساڵحیش به سه‌رجه‌میانی گوتووه، كه ئه‌مه‌ریكا زانیاری وردی له‌سه‌ریان هه‌یه و ده‌زانێ له هێرشه‌كان تێوه‌گلاون، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له هێرشه‌كان ئه‌وا ده‌یانكاته ئامانج و بۆردمانیان ده‌كات و بۆردمانكردنیشیان ته‌نیا له‌سه‌ر كاتی گونجاو ماوه‌ته‌وه، ده‌نا بڕیاری پێویستی لێ دراوه و وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا هێرش نابێ بۆ سه‌ر باره‌گه‌ی میلیشیاكان، به‌ڵكو هاوشێوه‌ی به ئامانجگرتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس یه‌ك به یه‌كی سه‌ركرده‌كان ده‌كاته ئامانج.
هێرشه‌كان له‌سه‌ر كات ماون و پێش هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام ده‌درێن
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی عێراق ئه‌وه‌یشی گوت، كه بڕیاری داخستنی بالوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا تا ئێسته‌یش وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه زۆره‌كانی عێراق بۆ په‌شیمانكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و بڕیاره، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا سووره و هه‌نگاوه‌كانیشی ده‌ستی پێكردووه، به‌شێك له كارمه‌نده ناسه‌ره‌كییه‌كان بۆ كونسوڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر گوێزراونه‌ته‌وه، واشنتن چیتر متمانه‌ی به به‌ڵێن و قسه‌كانی حكوومه‌تی عێراق نییه، كه به‌رده‌وام دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه باڵوێزخانه و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌پارێزن، له‌به‌ر ئه‌وه بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی داوه و باڵوێزخانه داده‌خرێ و ته‌نیا له‌سه‌ر كات ماوه‌ته‌وه، مه‌سه‌له‌ی بۆردمانی سه‌ركرده‌كانی حه‌شد و كه‌سایه‌تییه‌كانی نزیك له ئێرانیش ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه و روودانی به دوور نازانرێت.
له به‌رانبه‌ردا كه‌ریم علێوی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق بۆ ڕۆژنامه‌كه به‌هه‌مانشێوه به دووری نه‌زانی كه ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌كانی بكاته كردار، پاش ئه‌وه‌ی له ڕێی سه‌ركۆماره‌وه په‌یامێكی توندی گه‌یاندووه، به‌ڵام نیگه‌رانی خۆیشی پێشان دا، كه ئه‌مه‌ریكایش وه‌كو میلیشیاكان خه‌ریكی بۆردمانكردنه و پێشتریش چه‌ندان جار كاری له‌مجۆره‌ی ئه‌نجام دا، حكوومه‌تی عێراق هیچ هه‌ڵوێستێكی نییه و به ئاسایییه‌وه له دۆخه‌كه ده‌ڕوانێت.
له لایه‌كی تره‌وه عه‌لی عیساوی سه‌ركرده له هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی عێراق دووپاتی كرده‌وه، كه به ئامانجگرتنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و نوێنه‌رایه‌تییه دیپلۆماسییه‌كان كارێكی ترسناكه و كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ عێراق دروست كردووه، به دڵنیاییه‌وه‌یش به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامی هێرشكه‌ران بداته‌وه و بۆردمانیان بكات، كاتێك كه دڵنیا ده‌بێ حكوومه‌تی عێراق توانای كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه‌ی نییه و هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه به‌رده‌وامی هه‌یه.
عادل كه‌رعاوی گوته‌بێژ به‌ناوی میلشیاكانی بزووتنه‌وه‌ی "ئه‌وفیا" بۆ ڕۆژنامه‌كه گوتی، كارێكی چاوه‌ڕوانكراوه كه ئه‌مه‌ریكا بۆردمانمان بكات و ئه‌مه پلانی ئه‌وانه و به‌رده‌وام بۆ ده‌رفه‌تێكی گونجاو ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام ئێمه ڕێوشوێنی خۆمان وه‌رگرتووه و هه‌ر هێرشێكی ئه‌مه‌ریكایش وه‌ڵامی توندی ئێمه‌ی دژ به ئه‌مه‌ریكای دوژمن به‌دوادا دێت، بێده‌نگ و بێ وه‌ڵام نابین.