نرخی نەوت هەڵکشا

:: AM:09:41:01/10/2020 ‌
نرخی نەوت لە بازارەکانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لە 24 سەعاتی رابردوودا دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بووەتەوە.

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 42 دۆلار و 50 سەنت دەفرۆشرێت
بەگوێرەی dailyfx هەر ئێستە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 42 دۆلار و 50  سەنت دەفرۆشرێت لە کاتێکدا پێشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەم بۆ 40 دۆلار و 50 سەنت دابەزیبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 40 سەنت و دوێنێکەش دۆلار و نیوێک لە نرخی نەوت هەڵکشاوە. هاوکات نرخی نەوتی تێکساسی ئەمەریکاش لە 38 دۆلار و 75 سەنتەوە بۆ 40  دۆلار و 33 سەنت بەرز بووەتەوە.

هەفتەی رابردوو نیگەرانییەکان لەسەر هەڵکشانی زیاتری تووشبووانی کۆرۆنا و دەستپێکردنی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لە هەندێک وڵات و گرتنەبەری رێوشوێنی نوێی کەرەنتین، نرخی نەوت دابەزیبوو.

کەمبوونەوەت نەوتی کۆگاکراوی ئەمەریکا و ئەو ئاڵۆزییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و قەفقاز هاتوونەتە کایەوە لە هۆکارەکانی هەڵکشانی نرخی نەوت هەژمار دەکرێن.

وڵاتانی ئۆپێک پڵاس لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە دەستیان بە جێبەجیکردنی رێککەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنان کردووە بەردەوامیی بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە درێژخایەنترین هۆکار بۆ پاڵپشتی بەهای نەوت لەقەڵەم دەدرێت.



وشە - سلێمان تاشان