جۆرێکی کۆرۆنا کە لە کوردستانیش هەیە درێژخایەن و تاقەت پڕووکێنە

:: PM:03:06:13/10/2020 ‌
کۆرۆنا بۆ زۆر لە تووشبووان نەخۆشییەکی سووک و کورتخایەنە و زۆریش لە تووشبووانی کۆرۆنا هەر بە نیشانەکانیشی نازانن، بەڵام بەشێکیان تووشی جۆرێکی درێژخایەن و تاقەت پڕووکێنی کۆرۆنا دەبن کە بە رۆژێک و هەفتە و تەنانەت مانگێک و دوو مانگیش رزگاریان نابێت.

لەوەتەی کۆرۆنا بڵاو بووەتەوە زۆربەی سەرنجەکان لەسەر ئەوەیە ئەو کەسەی تووشی نەخۆشییەکە دەبێت، بەهۆیەوە نەمرێت و رزگاری ببێت، بەڵام راستە رزگاربوون لەم نەخۆشییە خۆی جێی دڵخۆشییە، بەڵام کەم نین ئەوانەش کە بە دەستی کۆرۆناوە ئازارێکی زۆر و درێژخایەن دەکێشن کە ژمارەیان زۆر نییە.

کۆرۆنای درێژخایەن چییە؟

ئەم جۆرە نەخۆشییە پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە و نیشانەکانیشی هەمەجۆرن و ناکرێت بڵێی ئەوانەی ئەم جۆرە نیشانانەیان هەیە، ئەوا تووشی جۆری درێژخایەنی کۆرۆنا بوون. نیشانەکان جۆراوجۆرن، بەڵام لە گرنگترینیان ماندووبوونی بەردەوامە. دەکرێ ئاماژە بە کۆخەی درێژخایەن، هەناسەتەنگی، ئازاری جومگە و ماسوولکەکان، کێشەکانی بیستن و بینین، سەرئێشە، هەست بە بۆن و تام نەکردن و تەنانەت ئەو زیانانەش کە بەر جەرگ و بۆڕی هەناسە و گورچیلە و ریخەڵۆکە دەکەوێت.

دوای سێ مانگ لە تووشبوونی و دوو مانگ لە رەوینەوەی مەترسیی مردن بە هۆی کۆرۆنا هێشتا هەست بە ئازار دەکات.
کامیار جەلال یەکێک لەو نەخۆشانەیە کە لە هەولێر دەژیت و سێ مانگ لەمەوبەر تووشی کۆرۆنا بوو. ئەو سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک لە جێدا کەوت و دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو، سەرەڕای ئەوەی کە دۆخە مەترسیدارەکەی تێپەڕاند، بەڵام دوای سێ مانگ لە تووشبوونی و دوو مانگ لە رەوینەوەی مەترسیی مردن بە هۆی کۆرۆنا هێشتا هەست بە ئازار دەکات.

ئەو بۆ "وشە" ئاماژەی دا کۆخەکەی زیاتر لە دوو مانگی خایاند و ئێستەشی لەگەڵ بێت لەشی ماندووە و هەر کارێک دەیکات زوو ماندوو دەبێت. ئەو دەڵێت لە ژیانیدا تووشی زۆر نەخۆشی بووە و تەنانەت نەشتەرگەریشی بۆ کراوە، بەڵام هەرگیز ئازاری هیچ کامێکیان لەگەڵ ئازاری کۆرۆنا بەراورد ناکرێت.

وەک زیاتر خستیەڕوو بە ئاسانی ناتوانێت لە قادرمەکان سەربکەوێت و هێشتا سینگی دێشێت و هەست بە کەمێک هەناسەتەنگی دەکات. ئەو دەڵی هەر ئەوکات دوای مانگێک لە تووشبوونی بە نەخۆشییەکە پشکنینی بۆ خۆی کردبوو و لەوە دڵنیا بووە ڤایرۆسەکە لە لەشیدا نەماوە، بەڵام کاریگەرییەکانی دیارە درێژەیان هەیە.

ئەوانەش کە بە سووکی ڤایرۆسەکەیان گرتووە، هەندێک جار کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە بۆ ماوەی درێژخایەن لە لەشیاندا ماوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە بی بی سی لەسەر هەمان بابەت دواوە و باسی لە جۆرێکی درێژخایەنی تووشبوون بە کۆرۆنا کردووە و نووسیویەتی کۆرۆنای درێژخایەن تایبەت بەو کەسانە نییە لە ژێر چاودێری چڕدابوون و دوای چاکبوونەوەیان  و رەوانەکردنیان بۆ ماڵەوە ماوەیەک پشوویان داوە، تەنانەت ئەوانەش کە بە سووکی ڤایرۆسەکەیان گرتووە، هەندێک جار کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە بۆ ماوەی درێژخایەن لە لەشیاندا ماوەتەوە. پڕۆفیسۆر دێڤید سترین کە لە نەخۆشخانەیەک چاودێری نەخۆشانی کۆرۆنا دەکات ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە جۆرێکی کۆرۆنا هەیە کە درێژخایەنە.

ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای درێژخایەن

لە گەورەترین نەخۆشخانەی رۆمی پایتەختی ئیتاڵیا لەسەر 143 نەخۆش توێژینەوەیەک کراوە و دەرەنجامەکەی لە ئەنجوومەنی پزیشکیی ئەمەریکا بڵاو کراوەتەوە. دوای دەرچوونی ئەو نەخۆشانە لە نەخۆشخانە چاودێرییان کراوە و بۆیان دەرکەوتووە دوای دوو مانگ ێشتا 87% لەو نەخۆشانە لانی کەم نیشانەیەکی کۆرۆنا لە لەشیاندا ماوە و سەرووی نیوەی ئەو نەخۆشانەش هێشتا هەست بە ماندوویەتی دەکەن.

2%ی تووشبووانی کۆرۆنا دوای سێ مانگیش نیشانەی کۆرۆنا لە لەشیاندا ماوە.
ئەپلیکەیشنێک کە بۆ نزیکەی چوار ملیۆن بەریتانی دانراوە، دەرکەوتووە دوای 30 رۆژ لەو نەخۆشانەی چاک بوونەتەوە 12%یان هێشتا نیشانەیەکیان هەیە. بە پێی دواین زانیاریش کە هێشتا بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە، 2%ی تووشبووانی کۆرۆنا دوای سێ مانگیش نیشانەی کۆرۆنا لە لەشیاندا ماوە.

ماندووبوون، هەناسەتەنگیی و ژانی جومگەکان و سینگ باوترین نیشانەن کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ئەو نەخۆشانە ماوەتەوە.

تا ئێستە نەیانتوانیوە لەم پێوەندییەدا هیچ توێژینەوەیەک بکەن
دکتۆر کارزان شێخ موحسین سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلآحەدین بۆ "وشە" باسی لەوە کرد کە تا ئێستە نەیانتوانیوە لەم پێوەندییەدا هیچ توێژینەوەیەک بکەن هەرچەندە کۆمەڵێک پێشنیار و پێشنیاری توێژینەوەی زانستییان هەبووە، بەڵام  وەزارەتی تەندروستی ئەو مۆڵەتەی پێ نەداون و ئاواتەخوازن لە داهاتوودا بتوانن توێژینەوەی جیاواز ئەنجام بدەن.

ئایا ئەوانە کۆرۆنای درێژخایەنیان هەیە کە بە قورسی نەخۆشییەکەیان گرتووە؟

بە پێی توێژینەوەیەک کە لە دوبلینی پایتەختی ئێرلەندا ئەنجام دراوە، نیوەی تووشبووانی کۆرۆنا لە یەک تا 10 هەفتە هەستیان بە ماندوویەتی کردووە و یەک لەسەر سێی ئەوانەش توانای گەڕانەوە بۆ سەر کاریان نەبووە.

تا ئێستە پزیشکان هیچ پێوەندییەکیان لە نێوان کۆرۆنا و ماندوویەتی نەدۆزیوەتەوە، بۆیەش ناتوانن بڵێن تەنیا ئەوانە تووشی کۆرۆنای درێژخایەن دەبن کە بە قورسی نەخۆشییەکە دەگرن.

پڕَۆفیسۆر کریس برایتلینگ مامۆستای زانکۆی لیستەر و چاودێری زانستیی پڕۆژەیەک کە بەدواداچوون بۆ ئەوانە دەکات چاک بوونەتەوە، پێی وایە ئەوانەی تووشی هەوکردنی سییەکانیان دەبن، لەبەر ئەو زیانەی بەر سییەکانیان دەکەوێت مەترسی هەیە تووشی کێشەی تری هەناسە ببنەوە. 
پێشنیاریان کردووە بەشێک لە نەخۆشەکانی کۆرۆنا کە چاک بوونەتەوە تا 25 ساڵ چاودێری بکرێن

لەسەر ئەوەی کە کۆرۆنای درێژخایەن دەکرێ چەند مانگ یان چەند ساڵ کاریگەرییەکانی لە لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، هیچ زانیارییەکی سەلمێنراو لەبەردەستدا نییە چونکە خۆی هێشتا  بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەبووەتە ساڵیک. هەندێک زانا پێشنیاریان کردووە بەشێک لە نەخۆشەکانی کۆرۆنا کە چاک بوونەتەوە تا 25 ساڵ چاودێری بکرێن و لەوانەیە بەشێک لە نیشانەکان چەند ساڵێک و تەنانەت بۆ تاهەتایە درێژەیان هەبێت و لەوانەشە ئەم گریمانەیە هەڵە بێت و دوای چەند مانگ هەموو تووشبوویەکی کۆرۆنا هیچ نیشانەیەک لە لەشیدا نەمێنێتەوە.

ئەوانە چی بکەن کە پێیان وایە تووشی کۆرۆنای درێژخایەن بوون؟

سیستمی دەرمانی و تەندروستی بەریتانیا بۆ ئەوە سێ رێنوێنیی بڵاو کردووەتەوە دەڵێت، لە کاتی کارکردندا زۆر خۆتان ماندوو مەکەن و پشوویەکی زۆر بە خۆتان بدەن و پێویست ناکات لە کارکردندا پەلە بکەن.

لە رێنوێنییەکی تردا دەڵێت کاری رۆژانەتان بە شێوەیەک دابەش بکەن، کارە قورسەکان هەموویان نەکەونە دوای یەکتر بەڵکو لە نێوان رۆژەکانی هەفتەدا دابەشی بکەن. ئەولەویەت بەو کارانە بدەن زیاتر پێویستن و ئەوانەی تر دوابخەن و ئەگەر زانیتان هێشتا کێشەتان هەیە دەکرێ راوێژ بە پزیشکتان بکەن.

  


وشە - سلێمان تاشان