هۆزە عەرەبییەكان سەركۆنەی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتی دەكەن

:: PM:05:20:17/10/2020 ‌

ئەمڕۆ ژمارەیەك چەكداری گرووپی "رەبعەڵا"، كە بەمدواییە بوونی خۆیان بۆ نەیاری ئەمەریكا و لایەنگرانی لە عێراق و لەناو ماڵی شیعە راگەیاند، هەڵیان كوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و سووتاندیان، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان سەركۆنەی سووتاندنی بارەگا و ئاڵای پارتی و كوردستان دەكات.
ئەو ئاڵایە نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتە و تایفە و مەزەو نەتەوەكانی هەرێم دەكات
لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ شەموو 17ی تشرینی یەكەم بڵاو كراەوە، شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكان بەتوندی سەركۆنەی سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و سووتاندنی ئاڵای كوردستان و پارتی لەلایەن گرووپ و باندەكانی سەر بە میلیشیاكانی ئێران كرد، كە هەوڵی سەرلەنوێ نانەوەی دووبەرەكیی تایفی لە نێوان هەردوو گەلی عێراق و كوردستانی دەدەن، كە تاڵی زۆریان بەدەست تاوانەكانی داعش و میلیشیاكان كێشاوە.

زیاتر گوتی، وەك هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان پەیامێك ئاراستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین كە چۆن قبووڵی دەكەی ئاڵای كوردستان و پارتی و بارەگای پارتی لە بەغدا بسووتێنرێت، لەوكاتەی ئەو ئاڵایە نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتە و تایفە و مەزەو نەتەوەكانی هەرێم دەكات كە هەزاران شەهید و برینداریان داوە، بۆیە داوای لێپرسینەوە لەو تاوانكارانە دەكەین، كە دەستیان بۆ سەر ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتی درێژ كردووە.   

لە بەیاننامەیەكی تر بەناوی پێكهاتەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان، بەتوندی سەركۆنەی سووتاندنی بارەگا و ئاڵای پارتی و كوردستان لە بەغدا دەكەن، ئەو ئاڵایەی بەخوێنی شەهیدانی كوردستان لەپێناو سەربەخۆیی و سەقامگیری ئاو دراوە، ئەو ئاڵایەی خاوەن مێژوویەكە لە سەركەوتن بەسەر ستەمكار و تاوانكاران و رژێمە دیكتاتۆرییەكان، كە هەوڵی نانەوەی دووبەرەكێیان لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق دا، بۆیە ئەو جۆرە كارانە پەیامێكی روونە بۆ دنیا بەوەی بەغدا لە ژێر كۆنترۆڵی میلیشیاكانی ئێرانە، داوادەكەین حكووومەت لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەست پێ بكات و تاوانكاران بداتە دادگا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل