سووتاندنی ئاڵای كوردستان.. دوای پێوەندییەكی سەرۆكی حكوومەت بەغدا هەڵوێست وەردەگرێت

:: PM:06:49:17/10/2020 ‌

ئەمڕۆ گرووپێكی سەر بە حەشدی شەعبی هەڵیان كوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان و بارەگاكە و هەردوو ئاڵای كوردستان و پارتیان سووتاند، ئەوە لەبەرچاوەی هێزە تەناهییەكانی عێراق، ئەو رووداوە كاردانەوەی گەورەی لێ كەوتەوە، لەوانە پێوەندی تەلەفۆنی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەركۆنەیەكی فرەوانتریش، كە وایان كرد دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجوومەنی ویزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بێتە سازكردن و بەغدا هەڵوێست وەربگرێت.
15 تۆمەتبار بە سووتاندنی بارەگای پارتی گیراون
ئەمڕۆ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجوومەنی ویزاری ئاسایشی نیشتمانی كرد و تیایدا تاوتوێی هەڵكوتانە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لەلایەن كۆمەڵێك خۆپێشاندەر كرا، كە پەنایان بۆ توندوتیژی و سووتاندنی بارەگاكە برد، بۆیە سەركۆنەی رووداوەكەیان كرد و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بە سەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی دەست پێ دەكات، لەوانە لە سووتاندی بارەگاكە و رۆڵی هێزە تەناهییەكانی بەرپرس بوون لە پاراستنی بارەگاكە و راوەدوونانی ئەنجامدەرانی دوای ئەوەی 15 كەس گیراون. 

بەپێی بەیاننامەی ئەنجوومەنەكە سەركۆنەی دەستدرێژییەكە دەكەن و حكوومەت چەندان رێوشوێنی توند دەگرێتە بەر بەرانبەر هەر كەسێك هەوڵی شكاندنی شكۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا بدات، لای خۆیەوە نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق گرتنی 15 كەسی تۆمەتبار بە سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند.

ئەمە و دوای هێرشەكەی سەر بارەگای پارتی لە بەغدا، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە پێوەندی تەلەفۆنی بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بەوانەی لە هێرشەكە تێوەگلاون.  

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە ئێوارەی ئەمڕۆ كازمی بۆ ماوەی چەند سەعاتێك لەگەڵ فەرماندە تەناهییەكان بەهۆی هێرشەكەی سەر بارەگای پارتی كۆبووەتەوە، لەوانە فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی یاسا و فەرماندەی لیوای سێی پۆلیسی فیدراڵ.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل