تاریق حه‌رب شاره‌زای یاسایی عێراق، باسی ئه‌گه‌ره‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌كات و رای ده‌گه‌یه‌نێت، له رووی یاسایییه‌وه ده‌توانێت و پێشتر ده‌نگی باشی هێنا، به‌ڵام وه‌ك كرده‌نی ئێسته كه‌سێكی تر له‌ناو شیعه په‌یدا بووه كه حه‌یده‌ر عه‌بادییه و هه‌لی بردنه‌وه‌ی زۆر زیاتره، حه‌رب له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ده‌ستووری عێراق و ئه‌گه‌ری هه‌مواركردنه‌وه‌ی.
*له عێراق ده‌ستوورێكی هه‌میشه‌یی هه‌یه و به ده‌نگی هه‌مووان دانراوه، به‌ڵام بۆچی داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌كرێت و هه‌مواریش ناكرێته‌وه، كێشه‌ی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه چییه؟
چونكه ده‌ستووری عێراق له ده‌ستووره بهستووهكانه كه به سه‌ختی هه‌موار ده‌كرێته‌وه، رێوشوێنه‌كانی رێگه به هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن ئاسان نین، به‌ر له چه‌ند رۆژێك ده‌ستووری توركیا هه‌موار كرایه‌وه، واته له په‌رله‌مان و به زۆرینه‌یه‌كی كه‌م و ئینجا له‌لایه‌ن گه‌له‌وه راپرسی له‌باره‌وه ده‌كرێت، له عێراق ته‌نیا ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مان و گه‌ل به‌س نییه، به‌ڵكو پێویستی به مه‌رج هه‌یه، واته ئه‌گه‌ر هه‌مواركردنه‌كه به پێی ماده‌ی 143ی ده‌ستوور بێت، ئه‌وه نابێت سێ پارێزگا به‌یه‌كه‌وه ره‌تی بكه‌نه‌وه، واته ڤیتۆ هه‌یه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان و گه‌لیش له راپرسی رازی بێت، به‌ڵام سێ پارێزگا ده‌توانن رێگری لێ بكه‌ن، وه‌ك دهۆك و سلێمانی و هه‌ولێر، بۆیه ده‌بینین كه سیاسه‌توانان و په‌رله‌مانتاران كۆك نین له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌كه و ناشتوانن هه‌مواركردنی چه‌ند ماده‌یه‌كی دیاریكراو بگرنه به‌ر، ئه‌وه‌ی له ده‌ستوور خۆی هاتووه له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی دوای چوار مانگ له جێبه‌جێكردنی ده‌بێت، له‌لایه‌ن یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مانه‌وه له 2006 كه ده‌بووایه هه‌مواركردنه‌كه ئه‌وكات بكرایه، بۆیه ئێسته دوای 11 ساڵ هیچ نه‌كراوه بۆ هه‌مواركردنه‌كه.
*ئاخۆ هه‌ڵه‌كانی ناو ده‌ستووری عێراق چییه؟، كاتێ یه‌كێك له سیاسییه‌كان رای گه‌یاند كه هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیجی كه له ده‌ستوور كراوه رێگه‌دانه به دروستبوونی هه‌رێمه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رسێ پارێزگاوه؟
ئه‌وانه‌ی باس ده‌كرێن هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانین نه‌ك یاسایی، چونكه ده‌ستوور خۆی بنه‌مای یاساكانه، ئه‌وه‌ی له ده‌ستوور باسی لێوه كراوه به ره‌زامه‌ندی هه‌موو پێكهاته‌كان و گه‌لی عێراق دانراوه، هاوپه‌یمانی كوردستانی كه به‌شدار بووه له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، ترسی له هه‌مواركردنه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی زۆر فره‌وانه و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تێكه نه‌ك ته‌نیا هه‌رێمێك، بۆیه نوێنه‌رانی هه‌رێم له به‌غدا له‌وه ترسان و ئه‌و مه‌رجه خرایه ناو ده‌ستوور كه پێویسته سێ پارێزگا به‌یه‌كه‌وه ره‌تی نه‌كه‌نه‌وه، ئه‌وكات هه‌موار ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ش به هه‌ڵه دانانرێت، به‌ڵكو هۆكاری دانانی ئه‌وه بووه كه له كاتێكدا دانراوه كه جیاواز بووه له‌وه‌ی ئێسته، به‌ڵام پابه‌ندی به‌و ده‌ستووره هه‌ر هه‌یه، ده‌مه‌وێ بڵێم كه هه‌مواركردنه‌كه ته‌نیا مه‌ترسی بۆ كورد نییه، به‌ڵكو له زۆرینه‌ی پارێزگاكان كه سیستمی نامه‌ركه‌زی كارگێڕییان هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی فره‌وانیان هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی پارێزگاری عیماڕه به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی فه‌رمانڕه‌وای ویلایه‌تی كالیفۆڕنیای ئه‌مه‌ریكا، هی عیماڕه فره‌وانتره، واته ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر نه‌وت و و سوپا و پۆلیسی فیدراڵ له هه‌موو دنیا له ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ناوه‌ندییه ته‌نیا له عێراق نه‌بێت، بۆیه هه‌موو لایه‌نه‌كان ترسیان له هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌یه، لێره‌دا ده‌توانرێت رێككه‌وتنێك بكرێت نه‌ك به زۆرینه ره‌ها، به‌ڵكو زۆرینه‌ی كه‌م بۆ هه‌مواركردنی سیستمی په‌رله‌مانی بۆ سیستمی سه‌رۆكایه‌تی.
*له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كان له‌باره‌ی ماده و بڕگه‌كانی ده‌ستوور، هه‌ر كاتێك ناكۆكی دروست بووایه بۆ دادگای باڵای فیدراڵ ده‌گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵام ئه‌و دادگایه تا چه‌ند توانی كاره‌كانی به بێ لایه‌نگریی سیاسی بكات؟
ته‌نانه‌ت دادگای باڵای فیدراڵی ئه‌مه‌ریكاش دادگایه‌كی سیاسییه نه‌ك یاسایی، چونكه ئه‌وه ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌كات و شی ده‌كاته‌وه، بۆ نموونه له‌و دادگایه‌ی ئه‌مه‌ریكا هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان ڤیتۆیان هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته نا، چونكه پرسه‌كان له گۆڕاندان، بۆیه ئه‌وه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئه‌نجامی داوه كه‌م نییه، توانیویه‌تی یه‌كپارچه‌یی عێراق بپارێزێت سه‌ره‌ڕای ته‌نگژه‌ی زۆر، ئه‌و شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌ستوور كردووه ته‌نیا هه‌ندێك له بڕیاره‌كان نه‌بێت، وه‌ك ئه‌و بڕیاری له‌باره‌ی په‌رله‌مان ده‌ری كرد كه ناتوانێ یاسایه‌ك ده‌ربكات پێوه‌ندی به خه‌رجی دارایییه‌وه هه‌بێت ئه‌گه‌ر له حكوومه‌ته‌وه نه‌هاتبێت.
*ئاخۆ دادگای فیدراڵ له یه‌كێك له قۆناغه‌كان نه‌كه‌وتووه‌ته ژێر پاڵه‌په‌ستۆی پارته سیاسییه‌كان و به‌دڵی ئه‌وان شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌ستووری كردبێت؟.
پێكهێنانی دادگای فیدراڵ و دامه‌زراندنی ئه‌ندامانی به‌ر له سه‌رده‌می به‌شبه‌شێنه‌ی تایفی بووه، ئه‌وان له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌یاد عه‌لاوی هاتنه دامه‌زراندن، واته له كۆتای 2004 و سه‌ره‌تای 2005، بۆیه له‌و كاته‌دا یه‌كتر قبووڵكردن هه‌بوو، ئه‌و له هه‌موو پێكهاته‌كان دامه‌زرا و خۆی له كاریگه‌ریی سیاسی به‌دوور گرت، بۆ نموونه چه‌ندان بڕیاری له دژی شیعه داوه له كاتێك ئه‌وان زۆرینه‌ن، هه‌روه‌ها له دژی كورد كه ئه‌ندامیان له دادگاكه‌دا هه‌یه.
*ئاخۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ئێسته هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی و پێڕه‌ویان ده‌كات، به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقه یان تێپه‌ڕی كردووه؟
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی له‌لایه‌ن ده‌ستووری عێراقه‌وه دراوه، واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان دراون نه‌ك هه‌ر هه‌رێمێك له عێراق بێته دامه‌زراندن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراق ببێته هه‌رێم وه‌ك مووسڵ یان به‌سڕه، ئه‌وه هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانیان نابێت، چونكه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته فره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی ده‌ستوور تایبه‌ت به وانی داوه، واته هی كوردستان تایبه‌ته و هه‌رێمه‌كانی تریش ده‌سه‌ڵاتی گشتییان ده‌بێت.
*له‌باره‌ی سنوورداركردنی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له عێراق و ئه‌گه‌ره‌كانی هاتنه‌وه‌ی نووری مالیكی بۆ ده‌سه‌ڵات یاسا و ده‌ستووری عێراق، چی ده‌ڵێن؟
ئه‌و شتانه‌ی له راگه‌یاندنه‌كان ده‌یبیستین زیاتر سیاسییه نه‌ك كرده‌نی، بۆ نموونه به‌ستنه‌وه‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به گه‌ڕانه‌وه‌ی نووری مالیكی زیاتر سیاسییه، پرسی سه‌ربه‌خۆیی پرسێكی ئاسان نییه و ئاڵۆزه، سه‌ربه‌خۆیی پێوه‌سته به چه‌ندان بابه‌تی ناوه‌خۆیی و ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه ئه‌و بابه‌ته ئاسان نییه، به‌ڵام ئێسته زۆرێك له عه‌ره‌ب به‌خۆشمه‌وه ده‌ڵێم با هه‌رێمی كوردستان ببێته ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام به قسه‌كردن ده‌بێته ده‌وڵه‌ت؟، بۆیه ئه‌و پرسه پێوه‌سته به چه‌ندان پرسی ناوه‌خۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه، پێشتر له 2005 له‌كاتی راپرسییه‌كی نافه‌رمی ئه‌و بابه‌ته ره‌تكراوه بوو، به‌ڵام ئێسته له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه زۆر قبووڵكراوه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و كاره ده‌كرێت، بێگومان كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
*له رووی یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه نووری مالیكی ده‌توانێت دووباره بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات له عێراقدا؟
به‌پێی یاسا و ده‌ستوور بۆی هه‌یه، به‌ڵام له رووی كرده‌نییه‌وه نه‌خێر، واته ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنی پێشوو توانی نزیكه‌ی 700 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت، ئه‌وه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له 2018 ناتوانی ده‌نگه‌كانی بگه‌یه‌نێته 100 هه‌زار و ژماره‌یه‌كی زۆره بۆ ئه‌و، چونكه وه‌ك ده‌بینن له ناو هاوپه‌یمانی شیعه كه‌سایه‌تییه‌كی نوێ ده‌ركه‌وتووه كه ناوی حه‌یده‌ر عه‌بادییه كه زۆرینه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كانی شیعه و سوننه و كورد پاڵپشتی لێ ده‌كه‌ن، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی میانڕه‌و كه توانی ده‌ستكه‌وتی هه‌بێت له ئه‌نبار و فه‌لووجه و له مووسڵ، بۆیه نووری مالیكی ئێسته له ده‌ره‌وه‌ی یاریی سیاسییه و ئه‌و ناتوانێت 100 هه‌زار ده‌نگ بێنێت و ئه‌وه‌ش نایگه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسته، واته ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ناچنه ناو لیستێك كه پێویستیان به ده‌نگ هه‌یه بۆ گه‌یشتن به په‌رله‌مان، ئه‌وان له‌گه‌ڵ عه‌بادی ده‌چن كه ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگێكی زۆری له ناو شیعه لێ ده‌كرێت له‌و ده‌نگانه‌ی كه پێشتر به مالیكی دراون و ره‌نگه زیاتریشی پێ بدرێت، بۆیه عه‌بادی ده‌بێته یه‌كه‌م كه‌سایه‌تیی شیعه.
*واته چاوه‌ڕوانی ململانێیه‌كی به‌هێزی مالیكی و عه‌بادی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌كرێت؟
من پێشتر رام گه‌یاند كه حه‌یده‌ر عه‌بادی دوو بژاره‌ی له پێشه، یان حزبێكی تر له ده‌ره‌وه‌ی حزبی ده‌عوه بۆ خۆی داده‌مه‌زرێنێت، یان خۆی ده‌بێته سه‌رۆكی حزبی ده‌عوه، به تایبه‌تی كاتێك ئه‌و حزبه پێشتر چه‌ندان جار ترازانی هاوشێوه‌ی تیادا رووی داوه وه‌ك جیابوونه‌وه‌ی خزه‌یر خوزاعی و پێكهێنانی حزبی ده‌عوه رێكخستنی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و پێكهێنانی پارتی ئیسڵاح، بۆیه حزبی ده‌عوه خۆی نوێ ده‌كاته‌وه و به بڕوای خۆی حه‌یده‌ر عه‌بادی یان ده‌بێ سه‌رۆكی پارته‌كه بێت یان سه‌رۆكی لیستی پارته‌كه یان جیابوونه‌وه و پێكهێنانی حزبێكی نوێ، بۆیه حزبی ده‌عوه كاتێك ناوی دامه‌زرێنه‌رانی بۆ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن ره‌وانه كرد، ناوی سه‌رۆكی پارته‌كه‌یان دیاری نه‌كردووه و لیسته‌كه‌ش ناوی مالیكی و عه‌بادی تیادایه، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌یه كه ناوی عه‌بادی وه‌ك سه‌رۆك ببێته ئه‌گه‌رێكی قبووڵكراو.