ئێران دەڵی زیاتر لەوەی چەك بكڕن دەیفرۆشن

:: AM:10:10:19/10/2020 ‌
ئێران ئەو سزایەی لەسەر هەڵگیراوە كە باسی لە مافی فرۆشتن و كڕینی چەك دەكرد و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ئەمەریكا نەیتوانی رێگری لەوە بكات ئێران چەك نەكڕێت.

ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران رای گەیاند، لەمەودوا قەبارەی ئەو چەكەی بە دەرەوەی دەفرۆشن لەو قەبارەیە زیاتر دەبێت كە دەیكڕن.

ئەو روونی كردەوە زۆر وڵاتی دنیا هەن كە دوژمنایەتییان لەگەڵ ئەمەریكادا هەیە، بەڵام مافی ئەوەیان نییە بەرگری لە خۆیان بكەن و ئێران ئامادەیە چەك بەو وڵاتانە بفرۆشێت بۆ ئەوەی دژی ئەمەریكا سوودی لێ وەربگرن.

وەزیری بەرگریی ئێران پێی وایە ئێران لە رووی تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی چەك هەنگاوی باشی بڕیوە و دەتوانێ بە رێژەیەكی بەرچاو لە چەكەكانی هەناردە بكات.

لەبارەی كۆتایی هاتن بە سزاكانی فرۆشتنی چەك بە ئێران وەزیری بەرگریی ئێران گوتی، تەنیا نەیاندەتوانی حەوت جۆر چەك بكڕن كە لە مەودوا دەتوانن ئەوانیش بكڕن، پێشتریش لە كڕینی جۆرەكانی تری چەك و تەنانەت فرۆشتنی چەك هەر بەردەوام بوون.

تەنیا نەیاندەتوانی حەوت جۆر چەك بكڕن كە لە مەودوا دەتوانن ئەوانیش بكڕن
بەگوێرەی سپوتنیك، ئێران هێرش دەكاتە سەر ئەمەریكا و بە شكستخواردووی هەژمار دەكات و پێی وایە لەو ململانێیانەی دژی ئێران دەستی پێ كردووە شكستی هێناوە، تەنانەت نەیتوانیوە رێگری لەوە بكات چەك بە ئێران نەفرۆشرێت.

پێویستە بگوترێت لە دوێنی یەكشەمەوە بڕیارەكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ئەمەریكا یەكلایەنە درێژەی بە بڕیارەكە داوە و هەڕەشەی كردووە هەر وڵات و كەسێك چەك لە ئێران بكڕێت یان بفرۆشێت، ئەوا بە توندی سزای دەدات.



وشە - سلێمان تاشان