"دەگوترێت بەشێك لە ئێزیدییە ڕفێنراوەكان لەناو پەكەكەدان"

:: PM:03:31:19/10/2020 ‌
حوسێن قائیدی بەرپرسی نووسینگەی رزگاركراوانی كوردانی ئێزیدی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، كۆمەڵێك گومان لەسەر بوونی چەندان ئێزیدی ڕفێنراو لەناو چەكدارانی پەكەكە هەیە، بەڵام تا ئێستە هیچ شتێكی فەرمی نەبووە و زۆرترین ئێزیدیش ئێستە مابن لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەو شوێنانەن کە هێشتا لەژێر دەستی گرووپە توندئاژۆكانن.

ڕێكەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شنگال كاریگەری لەسەر ئاساییكردنەوەی ژیان لە شنگال دەبێت؟
بە ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و بەگەڕانەوەی پۆلیسی عێراق و هاتنەوەی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سنوورەكە و هاتنەوەی پێشمەرگە، بێگومان دۆخی شنگال زۆر لە ئێستە باشتر دەبێت و هاووڵاتییانیش هاتوچۆیان ئاسایی دەبێتەوە و دەتوانن زیاتر یەكتر ببینن و كەسوكاری خۆیان بدۆزنەوە.

دواین هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی ئێزیدییە بێ‌ سەروشوێنەكان چییە؟
نووسینگەی ڕزگاركردن و هێنانەوەی ئێزیدییەكان لەسەر كارەكانی بەردەوامە، تا یەك كەس مابێت، دەبێت بەردەوام بێت، دواین ڕێنوێنی حكوومەتیش ئەوەیە دەبێت بەردەوام بن لە كاركردنی باش تا یەك ئێزیدی مابێت چارەنووسی نادیاری بێت، دەبێت هەوڵ بۆ دۆزینەوەی بدرێت.

بەربەستی كارەكان چین و دەمێكە گوێبیستی هێنانەوە و ڕزگاركردنی ئێزیدییەكان نابین، هیچ ڕێگرییەك هەیە؟
ئێمە لە كاركردن بەردەوامین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبەردەوامی هاوكارمانە و ئەوەش وای كردووە ئێمە كەمێك لە كارەكان دواكەوین، بریتییە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەر نا كارەكان بەردەوامن و تا ئێستەیش سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارین لەسەر دۆزینەوەی كۆمەڵێك ئێزیدی  بۆ ئەوەی بتوانین ئازادیان بكەین.

بوونی چەكدارانی پەكەكە لەو شوێنە، گومان ناكەن بەشێك لەو ئێزیدییانەی چارەنووسیان نادیارە لەلای پەكەكە بن، یان ڕفێنرابن؟
ڕٍاستییەك هەیە دەبێت بگوترێ، هەندێك جار باس لەوە دەكرێت بەشێك لە كچان و منداڵانی ئێزیدی كە چارەنووسیان نادیارە لەلای پەكەكە بن، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی ئەوە تا ئێستە پشتڕاست نەكراوەتەوە، دەگوترێت بەڵام فەرمی نییە.

ئەو شوێنەی زیاتر گومانی لێ دەكەن زۆرترین ئێزیدی تێدا بێت چ وڵاتێك و بەدیاریكراوی چ شوێنێكە؟
ئێمە لە هەموو وڵاتێك سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارین بۆ ئەوەی هەر ئێزیدییەك هەبێت ڕزگاری بكەین، بەڵام ئێستە زۆرترین ئێزیدی مابن لە ڕۆژئاوای كوردستان و زۆرترینیان ئێستەیش بە تایبەتی ئەو شوێنانەی بەشێوەیەك لەژێر دەستی كۆنتڕۆڵی داعشدان.

چەندان گۆڕی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان دۆزرانەوە؟ دەتوانرێت بگوترێ چارەنووسی سەرجەم پیاوانی ئێزیدی ئاشكرا بووە كە كوژراون؟
تا گۆڕە بە كۆمەڵەكان سەرجەمی هەڵنەدرێنەوە و پشكنینی تەواویان بۆ نەكرێت، ناتوانین بڵێین كێن ئەوانەی كوژراون، بەڵام تا ئێستە ئەوەی دۆزراونەتەوە زیاتر منداڵ و ژنن و كەمێك لە پیاوان دۆزراونەتەوە و ڕزگار كراون، بۆیە كاتێك پشكنینەكان و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان تەواو بوو، ئەوكاتە دەتوانین بڕیار بدەین لەسەر ئەوەی كە بەشێكی زۆری پیاوەكان چارەنووسیان چی بووە كە نادیارن.

كەوایە پشكنینی گۆڕەكان بەردەوامی هەیە و گۆڕی نوێش ئەگەری دۆزینەوەی هەیە؟
ئێستە تیمەكان لە گەڕان بەردەوامن و تیمێكی نێودەوڵەتیش ئەو پشكنینانە دەكەن، بەمنزیكانەش جارێكی تر دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان دەكەینەوە، بۆ دۆزینەوە و دیاریكردنی تەرمی ناو گۆڕەكان كە كێن.

ڕۆڵی حكوومەتی عێراق چییە ئایا هاوكارن بۆ دۆزینەوەی ئێزیدییەكان؟
لەگەڵ ئەوەی چەند جارێکیش پێوەندیمان پێوە کردوون، بەڵام عێراق بۆ ڕزگاركردنی كچان و منداڵانی ئێزیدی ڕۆڵێكی زۆر خراپ و لاوازی هەبووە، تەنانەت دەتوانم بڵێم هیچ ڕۆڵێكیان نەبووە، هەموو هەوڵەکان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان دراوە و تا ئێستەیش حكوومەتی عێراق ڕۆڵی لە دۆزینەوەی هیچ كەسێك نەبووە.

دۆزینەوەی هەر ئێزیدییەك جێی دڵخۆشییە، ئایا ئەو ڕووداوانەی زیاتر ئێوە دڵخۆش دەكات لەكاتی دۆزینەوەی هەر ئێزیدییەك چییە؟
دۆزینەوەی هەر ئێزیدییەك ئەركی ئێمەیە و بە شانازییەوە دەیكەین و هیچ جیاوازییەك نییە، بەڵام ئەوەی ئێمە دڵخۆش دەكات ئەوەیە كاتێك دەبینین خێزانێك سەرجەم ئەندامەكانیان كوژراوە، ئێمە یەكێك لە ئەندامانی ئەو خێزانە دەدۆزینەوە زۆر دڵخۆش دەبین، چونكە مانای بەردەوامی ئەو خێزانە دەدات، بەشێوەیەكی گشتی دۆزینەوەی هەر ئەندامی خێزانێك جێی دڵخۆشییە و چەند حاڵەتێكی لەو شێوەیەش تۆمار كراون.

دواین ئاماری ئێزیدییەكان کە لای ئێوە تۆمار كراوە چەندە؟
لە دەستپێكی پرۆسەی هێرشەكانی داعش شەش هەزار و 418 هاووڵاتی چارەنووسیان نادیار بوو، سێ‌ هەزار و 540 كەس ڕزگار بوون و نزیكەی دوو هەزار و 800 هاووڵاتی تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە.


وشە - رامیار جەواد