نەزاهەی عێراق گرتنی پارێزگاری پێشووتری نەینەوای راگەیاند

:: PM:04:28:19/10/2020 ‌

دەستەی نەزاهەی عێراق ئەمڕۆ دووشەم گرتنی نەوفەل عاگووب، پارێزگاری پێشووتری نەینەوای راگەیاند، جێبەجێكردنی فەرمانی گرتنەكەیش دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادگەی تایبەت بە دۆسییەكانی گەندەڵی لەو پارێزگایە، دووپاتی كردەوە كە دەستیان بەسەر بەڵگەنامەی دارایی بە بڕی 76 ملیار دیناردا گرتووە.
ژمارەیەك بەرپرس و فەرمانبەری دیوانی پارێزگاكە گیراون
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە وردەكاری جێبەجێكردنی فەرمانەكە گوتی، كارمەندانی دەستەكە لە پارێزگای نەینەوا فەرمانی گرتنی پارێزگاری پێشووتری نەینەوایان جێبەجێ كرد، كە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 كە لە دەستەی لێكۆڵینەوەی دادوەری دەرچووە بەپێی فەرمانی ژمارە 160 بۆ ساڵی 2020 تایبەت بە تاوتوێكردنی دۆسییە گەورەكانی گەندەڵی. 

زیاتر هاتووە، دەستەكە پێشتر رای گەیاندبوو كە تیمێكی باڵای لێكۆڵینەوەی بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو پارانەی بەر لە لەكارلادانی پارێزگاری پێشووتری مووسڵ رای كێشابوون، هەروەها گرتنی ژمارەیەك لە بەرپرس و فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگای نەینەوا بە تۆمەتی ئیختلاس و بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت، بۆیە بڕی ئەو پارەی دەست بەسەر ئەوەلیاتیدا گیرا گەیشتە 76 ملیار دینار. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل