هۆکاری پێبوونی گڵۆپی بزوێنەر چییە؟

:: PM:08:20:19/10/2020 ‌

یەکێک لە کێشە مەترسیدارەکانی ڕووبەرووی ئۆتۆمبێل دەبێتەوە دروستبوونی گرفتە لە بزوێنەردا، ئەمەیش بە چەند ڕێگەیەک دەزاندرێت یەکێکیش لە ڕێگەکان هەڵبوونی گلۆپی بزوێنەرە لەناو داشبۆڕدا.

بەڵام لەبارەیەوە هانا ئیسماعیل ئەندازیاری میکانیکی ئۆتۆمبێل بۆ ''وشە'' دەڵێ، پێبوونی ئەم گڵۆپە لە داشبۆڕدا دوو حاڵەتی هەیە:

هەڵبوونی گڵۆپی بزوێنەر لە داشبۆڕد دوو حاڵەت لەخۆ دەگرێت:

یەکەم - گڵۆپەکە بەردەوام پێیە: ئەم حاڵەتە شتێکی وا نییە زۆر بۆی نیگەران بیت و ئاساییە ئۆتۆمبێڵەکە لێبخوڕیت و دواتر کێشەکە چارە بکەیت، دەکرێت لەم حاڵەتە كێشە لە یەکێک لەمانە بێت: ''هەستەوەری ئەگزۆس، بەردی ساڵۆنسا، قەپاغی بەنزین، پلاک و ئێر فلۆ''.

دووەم - ئەگەر گڵۆپی بزوێنەر پێبێت و پرتە پرت بکات:
لەم کاتەدا پێویستە دەستبەجێ ئۆتۆمبێڵەکەت بیکوژێنیتەوە و کەسی شارەزا بانگ بکەیت، چونکە ئەم سیگناڵە واتە بزوێنەر بە ناڕێکی ئیش دەكات و ڕەنگە ئاگر دزینێکی زۆر هەبێت، بەڵام لەم حاڵەتەش دا خۆت پەشێو مەکە، چونکە ڕەنگە زۆر ئاسان چارە بێت، بەڵام کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێڵ شتێکە هەر دەبێت ئەنجامی بدەیت.

ئەم شارەزایە ئەوەیشی گوت، ئەم دوو حاڵەتەی باسمان کرد سەرەکیترین حاڵەتن بۆ داگیرسانی گلۆپی بزوێنەر، بەڵام باشتر وایە لە هەردوو حاڵەتدا نیشانی کەسانی شارەزا بدرێت و کێشەکە چارەسەر بکرێت.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان