تووشبووانی كۆرۆنا تا دوو مانگ نیشانەیان دەبێت

:: PM:08:57:19/10/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی تەنیا چەند مانگێكدا سەرانسەری دنیای گرتەوە و تا ئێستەی چارەسەری نییە، زانایانی زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی پێیان وایە كە ئەوانەی لە پەتاكە چاك دەبنەوە، تا چەند مانگێك دوای ئەوە بەدەست نیشانەكانی هەوكردنی بەردەوام دەناڵێنن.
كاریگەرییەكانی پەتاكە تووشی چەند ئەندامێكی لەشی تووشبوو دەبێت
زانكۆی ئۆكسفۆرد ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، ئەنجامە سەرەتاییەكانی توێژینەوەیەك لەبارەی كاریگەریی درێژخایەنی پەتای كۆرۆنا دەری خستووە كە ژمارەیەكی زۆری تووشبووانی نەخۆشخانەیان جێ هێشتووە، تا ئێستەیش بەدەست نیشانەكانی هەناسەتەنگی و ماندوویی و نەیگەرانی و خەمۆكییەوە دەناڵێنن، واتە دوای دوو بۆ سێ مانگ دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەكە.

زانكۆكە لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، زانایان هەروەها ئاشكرایان كردووە كە كاریگەرییەكانی پەتاكە تووشی چەند ئەندامێكی لەشی تووشبوو دەبێ و پێیان وایە رەنگە هەوكردنی بەردەوام هاوەڵی كەسی تووشبوو بێت.

بەپێی ئامارەكانی "فرانس پرێس"، تا ئێستە لە سەرانسەری دنیا زیاتر لە 40 ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتی تووشبوون و نزیكەی ملیۆنێك و 122 هەزار حاڵەتی مردن هەیە، جیا لە زیاتر لە 30 ملیۆن و 240 هەزار حاڵەتی چاكبوونەوە لە ڤایرۆسەكە كە لە كۆتایی كانوونی یەكەمی 2019 لە ووهانی چینییەوە سەری هەڵدا و تەنیا ئەمڕۆ دووشەم 4198 حاڵەتی مردن و 323553 تووشبوونی نوێ تۆمار كراوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل