ژماره‌یه‌ك له شۆفێران مه‌ترسی خۆیان پێشان دا له دانانی بازگه‌یه‌كی نوێ له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كان له سنووری ناوچه‌ی شوان كه به مه‌به‌ستی راوڕووت بێت، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكه‌یش ده‌ڵێ، بازگه دانراوه و پرسیان پێ نه‌كراوه، چونكه به ئاراسته‌ی كه‌ركووكه.
ژماره‌یه‌ك له شۆفێرانی بارهه‌ڵگر "وشه"یان له‌وه ئاگه‌دار كرده‌وه كه له‌سه‌ر رێگه‌ی نێوان كه‌ركووك و شاره‌دێی شوان، كه تێكرای شۆفێرانی گه‌رمیان و سلێمانی و راپه‌ڕین هاتوچۆی پێدا ده‌كه‌ن، پۆلیسی فیدراڵی عێراق بازگه‌یه‌كی نوێی داناوه.
محه‌مه‌د سه‌عید، كه شۆفێرێكی گه‌رمیانییه بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی دركاند، بازگه‌كه شه‌وی رابردوو دانراوه و ئه‌مڕۆ لابراوه، دیسان ئێواره دانراوه‌ته‌وه و گومان ده‌كرێ بۆ ڕاوڕووت و سه‌رانه‌وه‌رگرتن بێت.
به‌هجه‌ت واحید به‌رێوه‌به‌ری شاره‌دێی شوان گوتی، پرسوڕا به ئێمه نه‌كراوه بۆ دانانی بازگەکە وه‌ك یه‌كه‌ی كارگێری ناوچه‌كه
زیاتر گوتی، دانانی بازگه‌كه بێ پرس و رای لایه‌نی كارگێڕی ناوچه‌كه‌یه، بۆیه زیاتر گومانی دروست كردووه، هاوكات بازگه‌ی تری لیوای 61ی عێراق له‌و رێگه هه‌یه.
به‌هجه‌ت واحید، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی شوان به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌م 19ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌واڵمان بیستووه كه له نێوان شاره‌دێی شوان و كه‌ركووك، بازگه‌یه‌ك دانراوه، به‌ڵام كه به ناوچه‌كه‌دا رۆیشتین، كه‌سی لێ نه‌بووه و به‌رۆژ كه‌سمان نه‌بینیوه.
ئاشكرای كرد، ئه‌و بازگه له رێگه‌ی سه‌قزلی دانراوه له نێوان كه‌ركووك و شوانه، هاوكات رێگه‌ی چوونی چه‌مچه‌ماڵ و تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبێله‌كانی گه‌رمیان و سلێمانی و راپه‌ڕینه.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی