كەیسی كوشتنی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ فراوانتر دەبێت، دەركەوتووە جگە لە باوكەكە چوار مامی ئەو كچانە بەشدار بوون لە كوشتنەكە و پۆلیس سەرجەمیانی گرتووە.
ئەمڕۆ سێشەم 20ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، كەیسی كوشتنی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ زۆر فراوانتر بووە و گومان هەبووە لە هەبوونی دەستی كەسانی تر لەو كوشتنە.
ددانی بەوە ناوە كە سێ برای تری لەو كوشتنە بەشدار بوون و دەستیان هەیە لە تاوانەكە
ئەو سەرچاوەیە گوتی، دوای گرتنی مامی ئەو دوو خوشكە، ددانی بەوە ناوە كە سێ برای تری لەو كوشتنە بەشدار بوون و دەستیان هەیە لە تاوانەكە.
باسی لەوەش كرد، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە فراوان بووە و تا ئێستە گەڕان بەدوای باوكی دوو خوشكەكە بەردەوامی هەیە، گومان دەكرێت چووبێتە دەرەوەی سنووری چەمچەماڵ و پۆلیس نووسراوی بۆ سەرجەم بنكەكان كردووە بۆ گرتنی.
پێشتر محەمەد عەبدی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستە، دوو كچی تەمەن 17 ساڵ و 20 ساڵ بە ناوەكانی هێلین و ئاوارە، كوژراون و ئەوەی تا ئێستە وەك زانیاری هەیە، باوكیان ئەو كارەی كردووە.
زیاتر روونی دەكاتەوە، زانیاری هەیە دوو كچەكە لە چەمی برایم ئاغا لە ناوچەی شوان نێژراون، هێزە تەناهییەكان و ئاسایش و لایەنی تر كێوماڵی ئەو ناوچەیان كردووە، تەرمەكانیان دۆزیوەتەوە.
ڕۆژی نۆی ئەیلوول تەرمی دوو خوشك بەناوەكانی هێلینی تەمەن 19 ساڵ و ئاوارەی 16 ساڵ، لە گوندی ئیبراهیم ئاغای سنووری چەمچەماڵ لە گۆڕستانێكی كۆنی سنوورەكە دۆزرانەوە، دواتر لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە تەرمی ئەو دوو كچە بەخاك هاتنە سپاردن.