عێراق.. هەڕەشە لە خۆپێشاندەران دەكرێت

:: PM:04:09:20/10/2020 ‌

بڕیارە لە 25ی ئەم مانگە و لە یەكەم ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەكانی 25ی تشرینی 2019، خۆپێشاندەران دەست بە ناڕەوزایەتی بكەنەوە، ژمارەیەك لە چالاكانی خۆپێشاندانەكان ئاشكرایان كرد كە بەمدواییە نامەی هەڕەشەیان لە مۆبایلەكانیان پێ گەیشتووە و هەڕەشەی كوشتنیان لێ دەكرێت.
داوای چۆڵكردنی گۆڕەپانەكانی مانگرتن لە خۆپێشاندەران دەكرێت
زەید سەید عەباس، چالاكێكی خۆپێشاندانەكان گوتی، ماوەی چوار رۆژە چەند لاپەڕەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوی ژمارەیەك خۆپێشاندەری بەغدا و بەسڕە و زیقاڕیان بڵاو كردووەتەوە لەوانەی رفێنراون یان كوژراون، بۆیە دوای ئەو هەڕشانە، لە مۆبایلەكەم و بە ژمارەیەكی نادیار نامەیەكی هەڕەشەم پێ گەیشتووە كە چەند ناوێكی چالاكی بەسڕەی تیادایە، بەوەی كۆتاییتان نزیك بووەتەوە و ئێوە بوونەتە ئامانجی ئێمە. 

دوێنێ خەتاب تەمیمی، چالاكێكی خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر بۆ "وشە"، ئاماژەی كرد، لە ساڵوەگەڕی تشرینی مەزن و لە 25ی ئەم مانگە بەهێزتر دادەبەزین، بەڵام گۆڕانكاری دەكەین و سوپرایزی بۆ هەمووان تیادا دەبێ و شوێنی خۆپێشاندانەكان دەگۆڕین بۆ ئەوەی كاریگەرتر بێت، ئێستە گۆڕەپانی تەحریر بووەتە مۆڵگەیەك بۆ چەتەكانی رەوتی سەدر و میلیشیاكانی تر، كە ئێستەیش خۆپێشاندەر و چالاكان دەكوژن و دەڕفێنن.

زیاتر گوتی، یەكەم گوشارەكانمان بە ئاراستەی رووخاندنی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق دەبێت، چوونكە حكوومەتەی مستەفا كازمی، حكوومەتێكی لاواز و بێتوانایە و تا ئێستە هیچ داواكارییەكی خۆپێشاندەرانی جێبەجێ نەكردووە، تەنیا یاسای هەڵبژاردن نەبێ كە یاسایەكی لاوازە و خزمەتی چەند لایەنێكی سیاسی دەكات، وەك رەوتی سەدر و لەبەرژەوەندی پارەی سیاسی و میلیشیاكانە، كە تا ئێستەیش عێراقییەكان دەكوژن و دەیانترسێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل